خۆپیشاندانی نان له ئێران درێژهی ههیه
04:03 - 14/05/2022
"زەمەن"
"دەنگت بەرز بکەرەوە و داوای مافی خۆت بکە..
با حوکمی ڕێبەر بکەوێت"، بەم دروشمانه خۆپیشاندهرانی ناحیەی
نەرمەک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی
نرخی ئارد و نان و پێداویستی دیکە، دوای ئەوەی حکومەت یارمەتییەکانی لەسەری هەڵگرتن.
خۆپیشاندەران هەروەها
دروشمی "ئێمە لە تۆپ و تانک ناترسین" و "بڕوخێ دهسهڵاتی مەلاکان"یان
وتووە، بەپێی ئەو ڤیدیۆ کلیپانەی کە چالاکوانانی ئێرانی لە سۆشیال میدیا بڵاویان
کردووەتەوە.
جگە لەوەش بەهۆی
بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمی هەندێک لە خۆراکی دیکە، خۆپیشاندان شارە جیاوازەکانی ئێرانی
گرتوهتهوه. ناڕەزایەتی هاوشێوە شارەکانی بوروجارد و درۆد لە پارێزگای لوڕستان، جونکان
و فارسان لە پارێزگای چاهار مەحهلی بەختیاری، دەشت لە پارێزگای کوهکیلویە و پارێزگای
بۆیەر ئەحمەدی گرتهوه.
هێزە ئەمنییەکان
بە گازی فرمێسکڕێژ وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە، کە دروشمیان دژی دەسەڵاتدارانی
وڵات و حکومەت دەوتەوە.
لە كاتێكدا ئەحمەد
وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران لە بەیاننامە تەلەفزیۆنییەكاندا ئاماژەی بەوەدا كە خۆپیشاندانەكان
بەرفراوان نەبوون و وتی "گەلەكەمان وەڵامی بانگەوازی دوژمنانی نەدایەوە، تەنیا
چەند دەیان كەسێك گردبوونەوە".
ئەم پریشکە توڕەییە
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دهستیانپێكرد، دوای کەمکردنەوەی یارمەتییەکانی گەنمی هاوردەکراو
لەلایەن حکومەتەوە، کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی لەسەدا ٣٠٠ نرخی ئهو خۆراكانهی ئارد
له پێكهاتهكهیاندایه، هاوكات ڕێژەی هەڵاوسانی ڕەسمی لە ئێراندا به نزیکەی سەدا
٤٠ بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا بهپێی ههندێ خەمڵاندن سەدا ٥٠ی تێپهڕاندووه.
بهپێی ئامارهكان
له كۆی 82 ملیۆن له دانیشتوانی ئێران، نیوهیان له ژێر هێڵی ههژاریدا دهژین.