شەشیان كوردن..پەرلەمانتاران داوا لە سعودیە دەكەن گومەز بۆ ئیمامە شیعەكان بكات
03:27 - 12/05/2022
زەمەن
ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق، یاداشتێكیان واژۆكردووە كە تێیدا داوا لە دەسەڵاتدارانی سعودییە دەكەن، گومەزبۆ گۆڕی ئەو ئیمامە شیعانە بكات كە لە گۆڕستانی بەقیع لە مەدینە نێژراون.
پەرلەمانتارێكی شیعە بەناوی (فالح حەسەن خەزعەلی) ئیمزای ژمارەیەك پەرلەمانتاری كۆكردوەتەوەو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كردووە، كە لەنێویاندا شەش پەرلەمانتاری كورد هەن.
ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی یاداشتەكەیان واژۆ كردووە:
رۆنزی زیاد سیدۆ
سۆزان مەنسور
كاروان عەلی یاروەیس
ئیمان عەبدولڕەزاق ئەحلام رەمەزان
سروە عەبدولواحید
لە نوسراوەكەدا داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراقو سەرۆك كۆماردا قسە بكات لەبارەی دووبارە بنیادنانەوەی گۆڕی ئیمامەكانی (بەقیع) لە سعودیە.
نوسراوەكە داوا دەكات رێگەبدرێت هاوڵاتیانی عێراقی لە وەرزی حەجو عومرەدا سەردانی گۆڕی ئیمامەكانی (بەقیع) بكەن.
گۆڕستانی بەقیع لە شاری مەدینەی سعودیەو نزیك مزگەوتی پێغەمبەری ئیسلامە، گۆڕی زۆرینەی سەحابە و هاوسەرەكانی پێغەمبەری تێدایە، هەروەها لەكۆی 12 ئیمامی شیعەكان، چوار ئیمامیان لەم گۆڕستانەدا بەخاكسپێدراون كە بریتین لە هەریەكە لە"ئیمام حەسەنی كوڕی عەلی، ئیمام عەلی كوڕی حسێن، ئیمام محەمەد باقر، ئیمام جەعفەر سادق".
هەروەها فاتمەی كچی پێغەمبەرو عەباسی مامیشی هەر لەو گۆڕستانە بەخاكسپێدراون.