544 جیهان

جۆ بایدن: بەرای من روسیا دەچێتە ئۆكرایناوە

11:17 - 20/01/2022

زەمەن


جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە روسیا بیری لە داگیرکردنی ئۆکراینا کردووەتەوە، بەڵام دەرەنجامی ئەوە بۆ رووسیا ''کارەسات'' دەبێت.


جۆ بایدن بەبۆنەی تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر سەرۆکایەتیەکەدا لە کۆشکی سپی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ساز کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی کرد.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە ئەگەر روسیا، ئۆکراینا داگیر بکات ئەوا رووبەڕووی سزایەکی ئابووریی قورس دەبێتەوە کە پێشتر نەیبینیوە.

وتیشی: ''داگیرکردن و داگیرنەکردنی ئۆکراینا پەیوەستە بە روسیاوە، بەڵام ئەگەر دەستوەردانێکی بچووک هەبێت لە ئۆکراینادا، ئەوا پێویستە شەڕ بکەین لەبارەی دەرەنجامی ئەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بە قەبارەی ئەو توانا سەربازییەی لە سنوور کۆیان کردووەتەوە بەتەمای کارێکی گەورەبن ئەوە دەبێتە کارەسات بۆ روسیا. ئەگەر روسیا ئۆکراینا داگیر بکات، ئەوا لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانانماندا ئامادەی هەنگاوگەلێکی جیددی بیگرینەبەر کە زیان بە روسیا دەگەیەنێت. وەک دەزانن پشتیوانی پێشکەش بە هاوپەیمانانی ناتۆمان دەکەین''.

جۆ بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە لەئێستادا، بە بەهای ٦٠٠ ملیۆن دۆلار پێداویستی سەربازییان رەوانەی ئۆکراینا کردووە، هۆشداریشیدا و وتی: ''ئەگەر بچنە ئۆکرایناوە، روسەکان زیانی گیانیان زۆر دەبێت''.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەگەر روسیا، ئۆکراینا داگیر بکات، ئەوە دەرەنجامی جیددی کورت، مامناوەند و دوور مەودای بۆ روسیا دەبێت و وتی: ''بانکەکانی روسیا ناتوانن بەرەنگاری دۆلار ببنەوە''.

جۆ بایدن ئەوەشی خستەڕوو کە سەرۆکی روسیا، ڤلادیمیر پوتین جەنگێکی تەواو ناخوازێت و وتی: ''روسیا بەواتای جیددی خۆرئاوا، ئەمریکا و ناتۆ تاقی دەکاتەوە. بەڕای من دەچێتە ئۆکرایناوە''.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکێک لە مەرجەکانی رێککەوتنی روسیا بەشداری نەکردنی ئۆکراینایە لە ناتۆدا و وتی: ''هەموو وڵاتێک مافی بەشداریکردنی لە هەر رێکخراوێکدا هەیە کە دەیەوێت، بەڵام من پێموانییە ئۆکراینا بتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا مەرجەکانی جێبەجێ بکات و بەشداری لە ناتۆدا بکات''.

وتیشی: ''پوتین پیاوێکی خاوەن زانیارییە، پێموایە حسابی ئەنجامەکانی کردووە. بەڕای من هێشتا بڕیاری نەداوە''.

بایدن باسی لەوەشی کرد کە دەکرێت کۆبوونەوەی لووتکەیەکی دیکەی لەگەڵ پوتیندا ئەنجام بدات و رایگەیاند ''ئەگەر روسیا ئۆکراینا داگیر بکات، ئەو رووداوە لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم دەبێتە گەورەترین رووداو لە جیهاندا''.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن