622 عیراق

ئیسماعیل قائانی چاوى بە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كەوت

03:43 - 17/01/2022

"زەمەن"

ئەمڕۆ دووشەممە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، لە بەغدا پایتەختی عێراق لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆبوویەوە.


چوارچێوەی ھەماھەنگیی ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت.

سەرچاوەیەکی سیاسیی لە عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵی رایگەیاندووە ئەمڕۆ ئیسماعیل قائانی لە بەغدا لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی کۆبووەتەوە، ئەوەیش بە ئامانجی نزیککردنەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگیی لە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراق.

سەرچاوەکە وتیشی: "ھەر ئەمڕۆ فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی سەردانی نەجەف دەکات و لە میانیدا بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی، لەگەڵ موقتەدا سەدر تاوتوێ دەکات".

تا ئێستا ھیچ روونکردنەوە و زانیارییەک لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە لەوبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە.

دوێنێ یەکشەممە، چوارچێوەی ھەماھەنگیی رایگەیاندبوو کە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە چڕتر دەکاتەوە بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە سیاسییەی کە ئێستا لە وڵاتدا ھاتووەتە ئاوارەوە.

دوێنێ فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی بەسەردانێک گەیشتبووە نەجەف باشووری عێراق.

دوای رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، پۆستە باڵاکان وەک نەریتێکی سیاسیی کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە بەسەر پێکھاتە سەرەکییەکان لە عێراق دابەش بوون.

بەپێی ئەو نەریتە سیاسییە، پۆستی سەرۆکوەزیرانی بۆ لایەنی شیعە، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە و سەرکۆماریش پشکی کوردە.

ئەمجارە رەوتی سەدر بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر کە بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە ھەوڵدەدات حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی پێکبھێنێت کە ئەوەیش یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠٠٥وە روودەدات، بەڵام پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینە لەلایەن ژمارەیەک لایەنی شیعە رەتدەکرێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن