وهزارهتی بهرگری عێراق: ژمارەیەکی زۆر کەم لە راوێژکارانی ھاوپەیمانان ماون
02:58 - 29/12/2021
"زهمهن"
وەزارەتی بەرگریی عێراق
رایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆر کەم لە راوێژکارانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش
لە عێراقدا ماون و ئاسایشیان بۆ دابین دەکەن، دوای ئەوەی ئەرکیان لە
رووبەڕووبوونەوە گۆڕاوە بۆ راوێژکاریی.
لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی
فەرماندیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی نیمچە فەرمی
عێراقییە ئاماژەی بەوە داوە کە لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمنیی عێراق، چوار گەڕی
گفتوگۆی لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئەنجامداوە کە لە میانی ھەر چوار گەڕەکەدا،
رێککەوتن کراوە لەسەر کشانەوەی ھێزە شەڕەکان لە عێراق، ھەروەھا گۆڕینی ئەرکی رووبەڕبوونەوەی
ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ راوێژکاریی، پاڵپشتیکردن و ھاریکارییکردن لە
بواری مەشق و پڕچەککردن بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.
وتیشی: "ھەر لە سازکردنی
کۆبوونەوەی یەکەمەوە، ساڵێک لەمەوبەر، ھێزە شەڕەکەرە بیانییەکان دەستیان بە
کشانەوە لە عێراق کردووە، نۆ بنکە و بارەگایشیان رادەستی ھێزە عێراقییەکان
کردووەتەوە".
لە ٢٦ی تەمووزی رابردوودا،
بەغدا و واشنتۆن لە میانی گەڕی چوارەم و کۆتایی گفتوگۆی ستراتیجییدا لەسەر ئەوە
رێککەوتن کە ھێزەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق بکشێنەوە و تەنھا
راوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە.
لیوا تەحسین خەفاجی، وتیشی:
"سەرجەم ھێزە شەڕەکانی سەربە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق
کشانەتەوە، لەئێستادا تەنھا راوێژکارانی سەربازیی لە عێراقدا ماون، ژمارەشیان ئەوەندە
کەمە کە ناشێت لە میدیاکاندا بخرێتەڕوو".