511 عیراق

شاندێكی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌چنه‌ لای سه‌در

11:51 - 29/12/2021

"زه‌مه‌ن"


شاندێکی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە شەش لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت، بەسەرۆکایەتی ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح، بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆکی رەتی سەدر، بەرەو نەجەف بەرێکەوت.

سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی چوارچێوەی ھەماھەنگیی بەسەرۆکایەتی ھادی عامری بەرەو نەجەف بەرێکەوتووە کە لە میانیدا لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەکە ئاشکرایشی کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ لەوانە پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو گفتوگۆ دەکرێت.

چوارچێوەی ھەماھەنگیی ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقوق و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت.

بڕیاربوو حەوتی ئەم مانگە، کۆبوونەوەی دووەمی سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی لەگەڵ موقتەدا سەدر لە نەجەف سازکرایە، بەڵام دواخرا.

ئەمەیش دوای ئەوە دێت رۆژی دووی ئەم مانگە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کۆبوویەوە، بەڵام ھیچ وردەکارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، بڵاونەکراوەیە.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەسەند کرد.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن