324 کوردستان

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گەرمیان بێبەش دەکات لە نەوتی سپی ماڵان

08:47 - 28/12/2021

زەمەن_گەرمیان

 

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایدەكات، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان گەرمیان بێ بەش دەکات لە نەوتی سپی ماڵان .

كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە "زەمەن"ی راگەیاند، بەپێی بەدواداچونمان دابەشنەکردنی نەوتی سپی ماڵان لە سنووری گەرمیان بەمەبەستە و دەویسترێت ئەمساڵ لە سنووری گەرمیان نەوت دابەش نەکرێت ئەوەیش بە بیانوی ئەوەی سنووری گەرمیان پلەکانی گەرمی زۆر دانابەزێت.

وتیشی، ‎ئەم کارەش غەدرێکی ڕوون و ئاشکرایە لە دانیشتوانی سنووری گەرمیان دەکرێت ئەمەش لە کاتێکدایە لە هەموو ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ڕێژەیەک نەوتی سپی دابەش کراوە و  ڕۆژانەش نزیکەی ٥٠٠٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە سنوورەکە  دەردەهێنرێت و بە نادیاری دەبرێت و هاوڵاتیانیشی بێ بەش دەکرێن لە پێدانی نەوتی سپی.

‎كەریم عەلی باسی لەوشكرد، لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە حکومەتی هەرێم نەوتی دابەش نەکردوەو ساڵانە حکومەتی عێراق ڕێژەیەک نەوتی سپی ناردوە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ، ئەمساڵ حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕیاریان دابوو خۆیان نەوتی سپی دابەش بکەن و هەموو ماڵێک نەوتی سپی پێبدرێت، بەڵام تاکو ئێستا نەیان توانیوە لە بەڵێنەکەیان لە هیچ ناوچەیەک جێبەجێ بکەن و سنووری گەرمیانیشیان بێ بەش کردوە لە نەوتی سپی. 
جەختیشی كردەوە، بۆ ئەو بابەتە لە بەدواداچووندان و هەموو هەوڵێک دەدەن بەشی هاوڵاتیانی سنووری گەرمیان لەنەوتی سپی بنێردرێت بەو ڕێژەیەی لە سنوورەکانی دیکە دابەشکراوە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن