492 عیراق

"چوارچێوەی هەماهەنگی" دەستپێشخەریەكی مەرجداری بۆ چارەسەر خستەڕوو

09:06 - 26/12/2021

"زەمەن"

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، دەستپێشخەرییەكی مەرجداری بۆ چارەسەری كێشەكانی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق خستەڕوو.

 

"چوارچێوەی هەماهەنگی" لە ژمارەیەك هاوپەیمانیەتی پێكدێت لە نێویاندا هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری، هاوپەیمانی هێزی دەوڵەت بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی و دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی.

 

ئەمڕۆ یەكشەممە، دەستپێشخەرییەكی ئاراستەی لایەنەكان كردوە و لە نۆ خاڵ پێكدێت، لە خاڵی یەكەمدا وەرگرتنی هەموو ئەو سكاڵاو تانانەی كە بە شێوازێكی دەستوری و  یاسایی سەبارەت بەئەنجامی هەڵبژاردنەكان پێشكەشكراون لەلایەن لایەنە دادوەرییەكان‌و پیشتگیركردنی رێڕەوە یاساییەكان بەپێویست زانیوە.

داوایانكردووە، شێوەی حكومەت‌و نوێنەرایەتی تێیدا زۆر تەركیزی لێنەكرێت و بایەخی چڕ بە پرۆگرامی حكومەت بدرێت كە بەدیهێنانی سەروەری دژایەتیكردنی گەندەڵی ‌و چارەسەركردنی بێكاریی‌و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان‌و بەرزكردنەوەی ئاستی ئابوری هاوڵاتیان لەخۆبگرێت‌و چارەسەرێكی گونجاویش بۆ قەیرانی نرخی دۆلار بدۆزرێتەوەو كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی كارابكرێت‌و هانی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت بدرێت‌و چارەسەری كێشەی كەمی ئاو هەموو ئەو دۆسیانە بكرێت كە پەیوەندییان لە ژیانەی رۆژانەی هاوڵاتیانەوە هەیە.

 

لە خاڵێكی دیكەدا هاتووە: رێككەوتن بكرێت لەسەر پشتگیریكردن لە دەركردنی ئەو یاسایانەی كێشە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیان چارەسەردەكات‌و كاردەكەن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ئابوریی‌و پاراستنی ناسنامەی رۆشنبیری گەلی عێراق.

 

هەروەها داواكراوە، ئاستی توانای جەنگیی هێزە چەكدارەكان بەرزبكرێتەوە بە  سوپاو پۆلیسی فیدراڵی و دەزگای دژە تیرۆروو حەشدی شەعبی و پێشمەرگەوەو پشتگیری هەموو هێزە ئەمنییەكان بكرێت.

سەبارەت بە حەشدی شەعبی چوارچێوەی هەماهەنگی داوایكردووە، پارێزگاری لە حەشدی شەعبیی بكرێت ئاستی تواناو دامەزراوەكانی بەرزبكرێتەوەو بونیادنانی بەگوێرەی یاسا تەواوبكرێت.

هەروەها داوایانكردووە، چارەسەری كێشەی ناهاوسەنگی پەرلەمانی بكرێت كە بەهۆی هەڵەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە هاتوەتەدی لە رێگەی دۆزینەوەی چارەسەری ورد بۆئەوەی گەرەنتی ئەوە بكرێت تاكڕەویی نەكرێت لە دەركردنی یاساكان‌و گۆڕانكاریی كردن تێیاندا یان هەڵوەشاندنەوەیان.

چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوەكردووە، بۆ بەدیهێنانی شەراكەتی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بەپێویستی دەزانین ئەنجومەنی سیاسەتەكان وەك ئەنجومەنێكی راوێژكاری پێكبهێنرێت تا ئەو كاتەی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ دەردەچێت.


هەروەها باسیانلەوەكردووە، ئۆپۆزسیۆنی سیاسی مافێكی بەدیهێنراوە بۆ ئەو هێزانەی ئارەزوی دەكەن و ئەو هێزانەی كە لێكتێگەیشتنیان بۆ پێكهێنانی حكومەت هەیە پێویستە رایبگەیەنن و بەرپرسیارێتی تەواوەتی نوێنەرەكانیان لە دەسەڵاتی جێبەجێكردندا لەبەردەم گەلدا لە ئەستۆ بگرن.


سەبارەت بە سەرۆكایەتیەكانی عێراقیش لە دەستپێشخەرییەكەدا هاتووە: هەر سێ‌ پۆستە سیادییەكە دەچێتە چوارچێوەی رێككەوتنی هێزە سیاسییەكان لەگەڵ رەوچاكردنی نەریتی دەستوری باو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن