لهبارهی لێدان لە "تاتە برایم" رونكردنهوه دهدرێت
09:50 - 23/12/2021
زهمهن_ههولێر
چاودێری کۆمەڵایەتیی هەولێر ڕایگەیاند، دوای بەدواداچوون لەبارەی دەبگۆی لێدانی
بەساڵاچوویەک بەناوی “تاتە برایم” لە خانەی بەساڵاچووانی هەولێر، دەرکەوت ئەو هەواڵە
دوورە لە ڕاستییەوە.
له راگهیهنراوێكدا بهڕێوهبهرایهتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی
هەولێر بڵاویكردهوه، "لەگەل ئێمە دەستەی مافی مرۆڤ لیژنەیەکیان بۆ ئەم مەبەستە
پێک هێنا، ئەمە سەرە ڕای ئەوەی دوو پارێزەر بە ناوەکانی ڕێبین شێخ سمایلی و کاکەخان
حەمید شەوگێڕی و هەروەها رۆژنامەنووس ئارام شوان بەدواداچوونیان بۆ ئەم بابەتە کرد
و لە ئەنجامی بەدواداچوونی گشت لایەک دەرکەوت کە هەواڵی لێدان لە بەساڵاچوو (تاتە
برایم) دوور بوو لە ڕاستی و لە خانەی بەساڵاچووان بە جوانترین شێوە خزمەت بە بەساڵاچووی
ناوبراو کراوە".
دهشڵێت، "داوا لە هاوڵاتیان دەکەین بە هیچ شێوەیەک نەکەونە ژێر کاریگەری
ئەم کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خۆ دەرخستن و دەرکردنی ناو، یاری بە هەست
و سۆزی مرۆڤ دەکەن و هەر لەم سۆنگەیەوە پێویستە ئەم بەڕێزەی ئەم هەواڵە ناڕاستەی بڵاو
کردووتەوە داوای لێبوردن بکات بە پێچەوانەوە ئێمە بۆ پارێزگاری لە پێگەی خانەکەمان
و بەرگریکردن لە مافی فەرمانبەرانمان لەو خانەیە، سکاڵای یاسایی دژی ناوبراو تۆمار
دەکەین".