یەکێتى و پارتى لە سلێمانى کۆدەبنەوە
10:41 - 19/12/2021
زەمەن_سلێمانى
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی راگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی پارتی دیموکراتی
کوردستان دەگاتە شاری سلێمانی و لەدەباشان لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی
کوردستان کۆدەبێتەوە.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی، کە نەیویستوە ناوی بڵاوبکرێتەوە بە
میدیاى نزیک لە حیزبەکەى رایگەیاندووە، شاندەکە بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، سکرتێری
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامیێتی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی
پارتی مەحموود محەممەد، جەعفەر ئێمینکی، زەعیم عەلی، عیزەدین بەرواری، عارف تەیفوور،
هەروەها ئەندامانی سەرکردایەتیی رێبوار یەڵدا،
عەلی حوسێن و خەسرەو گۆران دەبێت.
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەو تەوەرانە
کرد، کە بڕیارە لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ یەکێتی باسی بکەن، لەوانەش رۆڵی کورد لە پێکهێنانی
حکومەتی عێراق، گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی
کوردستان و دۆخی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان.