وەزیری پێشمەرگە: بەتوندی وەڵامی تیرۆریستان دەدەینەوە
08:16 - 28/11/2021
"زەمەن"
وەزیری پێشمەرگە لە شارەزوور، بەشداری پرسەی هاوخەمی شەهیدانی دوێنێ شەوی پەلامارە تیرۆریستیەکەی داعش لە سنووری میحوەری کوڵەجۆ دەکات و راشیدەگەیەنێت: لەیەک دڵۆپ خوێنی ئەو شەهیدانە و شەهیدانی تری هێزی پێشمەرگە خۆشنابین و بەتوندی وەڵامی تیرۆریستان دەدەینەوە..
ئەمڕۆ ۲٨ی ۱۱ی ۲۰۲۱ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەمال محەمەد، سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن هۆشمەند حەیدر رەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارەو میرە و عەمید عوسمان محەمەد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی، بەشداری پرسەی هاوخەمی شەهیدانی پەلامارە تیرۆریستیەکەی دوێنێ شەوی سەر هێزەکانمان لە سنووری میحوەری کوڵەجۆ کرد.
وەزیری پێشمەرگە، لەمیانی لێدوانێکیشیدا، رایگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دووپاتیدەکاتەوە، کە رێگە نادات یەک دڵۆپی خوێنی ئەو شەهیدانە و تەواوی شەهیدانی رێی خەباتی ئازادی و پاراستنی ئاشتی و ئارامی کوردستان و ناوچەکە بەفیڕۆ بڕوات و بەتوندترین شێوە وەڵامی ئەو پەلامارەی تیرۆریستانی داعش دەدەینەوەو، لەتێکشکاندن و هەڵتەکاندنیان لەرەگ و ریشەوە بەردەوام دەبین.
ئاماژەشی بەوەکرد، لەماوەی رابردوو چەندینجار هۆشداریمان لەبارەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و فەراغی ئەمنی لەوناوچانە دابوو، پێشتریش داوامان لە سوپای عیراق کردبوو هەنگاوەکان خێراتربکرێنەوە بۆ هەماهەنگی و ئەرک بینینی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ئەو ناوچانە.