1049 کوردستان

چارەنووسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم یەكلایی دەكرێته‌وه‌

04:26 - 15/11/2021

زەمەن- پشتیوان جەمال


بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان تێبینی و پێشنیازەكانیان لەبارەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن بدەنە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی پەرلەمان دوا بڕیار سەبارەت بە كۆمسیۆن بدات، زۆربەی فراكسیۆنەكانیش پێیانباشە ئەم كۆمسیۆنەی ئێستا چالاك بكرێتەوە.

 

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ‌و راپرسی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2014 كارەكانی دەكات، لە 9 ئەندام پێكدێت، كە لەلایەن پەرلەمانەوە و بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی هەڵدەبژێردرێن، بەمەرجێك بەلانیكەم دەبێت دوو ئەندامیان یاساناس بن، نوێنەرایەتی ئافرەتیشیان تێدا بێت، ماوەی كاركردنیشیان 5 ساڵە، پێكهاتەی كۆمسیۆنی ئێستا 9 ئەندامه‌ بەم شێوەیە (3 پارتی، 2 گۆڕان، 2 یەكێتی، 1 یەكگرتوو، 1 كۆمەڵ).

 

بەپێی ماددەی یەكەم بڕگەی یەكەم لە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2017 ی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێم، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەمەرسوومی ژمارە 1 ی ساڵی 2018 رۆژی 30/9/2018 دیاریكرد وەك وادە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان.

 

د.رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە نوێترین چاوپێكەوتنی لەگەڵ ژمارەیەك میدیای كوردستان رایگەیاند، حیزبەكەی لەگەڵ هەڵبژاردنە و ئەویش وەك سەرۆكی پەرلەمان لە تیمی یەكێتی و هەم وەك فراكسیۆنی یەكێتیش لەلایەن مەكتەبی سیاسییەوە راسپێردراون كە كار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكەن.

 

ناوبراو داوای لە هەموو هیزە سیاسییەكان كرد ئەگەر دەیانەوێت هەڵبژاردن بكرێت، دەبێت هاوكاریان بن بۆ ئەوەی بتوانن كۆمیسیۆن بخەنەوە كار، چونكە ئەم كۆمیسیۆنە لە ساڵی رابردووەوە ماوەیان بەسەرچووە و هیچ دەسەڵاتێكی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان نییە. دەبێت لەدەرەوەی پەرلەمان رێككەوتنی سیاسیی هەبێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، چونكە دواجار هێزە سیاسییەكانن كە بڕیار لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەدەن.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 2108 پێی باشە ئەم كۆمسیۆنەی ئێستا چالاك بكرێتەوە، بەڵام بە گۆڕانكارییەوە، خەدیجە عومەر، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە "زەمەن"ی راگەیاند، پێیان باشە ئەم كۆمسیۆنە كارا بكرێتەوە لەگەڵ پڕكردنەوەی دوو ئەندام، هەرچەندە هێشتا بڕیاری كۆتاییش لەلایەن پەرلەمانەوە نەدراوە، بەڵام دەبێت بەركەوتەی هەڵبژاردنی 2018 لەبەرچاو بگیرێت، چونكە ئێستا پارتی خاوەنی 45 كورسییە.

 

هەروەها جەلال محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان هاوكات ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان بە "زەمەن"ی راگەیاند، ئەم كۆمسیۆنە بەرمەبنای سازان و كورسی پەرلەمانی دانراوە، لەئێستاشدا بۆ ئەپدەیتكردنەوەی، دەبێت بە هەمان میكانیزمی پێشتر ئەوانەی بۆشاییان هەیە پڕبكرێنەوە یان بەرمەبنای پشكی نوێی حیزبی دادەنرێتەوە ئەوەیە بە سازان و گۆڕانكاری دابنرێنەوە، بۆیە ئەوەش لەكۆبوونەوەی پێنجشەممەدا یەكلایی دەبێتەوە، بەڵام ئەوان پێیان باشە كۆمسیۆنی ئێستا چالاك بكرێتەوە و بۆشاییەكان پڕبكرێنەوە.

هەر لەو بارەیەوە روپاك ئەحمەد، پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری كوردستان بە "زەمەن"ی راگەیاند، ئەوان پێشنیارەكانیان ئامادەكردووە و لە كۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەدا پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكەن، بۆیە ئامادەنین تا ئەو كاتە زانیاری زیاتر ئاشكرا بكەن.

لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30-9-2018،  3 ملیۆن و 85 هەزار و 461 كەس مافی دەنگدانییان هەبوو، لەو ژمارەیە یه‌ك ملیۆن و 845 هەزار و 979 كەس دەنگیاندا كە رێژەی بەشداری 59٪بوو.

لەو هەڵبژاردنەدا 29 لیست بەشداری هەڵبژاردنیان كرد، لە ئەنجامدا 16 لیست توانیان كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن ئەوانیش، پارتی 45 كورسی، یەكێتی 21، بزووتنەوەی گۆڕان 12، جوڵانەوەی نەوەی نوێ 8، كۆمەڵی دادگەری 7، هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح 5، سەردەم 1، ئازادی 1 ، پارتی گەشەپێدانی توركمانی 2 ،  میللەت 1، بەرەی توركمانی 1، هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی 3 ، رافیدەین 1 ، ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی و ئاشووری 1 و ئەرمەن 1.

شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بە "زەمەن"ی راگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی كوردستان، هەنگاوی یەكەم كاراكردنەوەی كۆمسیۆنە كە ئەوەش لای پەرلەمانە، چونكە هەر پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن لانیكەم شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەكارییەكان ئەوەش پەیوەستە بە سازانی سیاسی و رێككەوتنی لایەنەكان.

ناوبراو روونیكردوەوە، پاشان یاسای هەڵبژاردن چۆن بێت كراوە یان داخراو یان نیمچە كراوە، هەروەها یەك بازنە یان فرە بازنەیی، دەبێت بۆ  گۆڕانكارییەكان كۆمسیۆن خۆی ئامادە بكات، ئەگەر گۆڕانكاری لەیاساكەشدا بكرێت كاتی زیاتری دەوێت.

 

سەبارەت بەوەی ئەگەر كۆمسیۆنی ئیستا گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، كێشە بۆ كاتی هەڵبژاردن دروست ناكات، شۆڕش حەسەن وتی "ئەگەر گۆڕانكاری لە كۆمسیۆنیشدا بكرێت ئەگەر پەرلەمان بتوانێت لە دوو مانگدا كۆمسیۆنی نوێ هەڵبژێرێت، ئەو كاتە گرفت نابێت".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن