747 کوردستان

لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتی

09:58 - 13/10/2021

"زەمەن"


دەستلەكاركێشانەوەی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، دەبێتە یەكەم رووداوی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، كە تێیدا كەسانی یەكەمی حزب بەرپرسیاریەتی شكستی قۆناغێكی سیاسی لە ئەستۆ بگرن، ئەم هەڵوێستەش كاڵایەكە بە بەری هەموو كەسێك نابڕدرێت، كەمن ئەوانەی دەچنە ژێرباری بەرپرسیاریەتی.


لە مێژووی حزب و تەیارە كوردییەكاندا رووینەداوە لە پای شكست و نوشستی كەسانی پلەدار واز لە كورسی و پێگەكەیان بهێنن و بەرپرسیاریەتی بگرنە ئەستۆ. ئەوەش لە كاتێكدایە لە مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، حیزب و دەستە و كۆمەڵ نەبووە، تووشی نسكۆ و ئاشبەتاڵی نەبێت. هەر لە خستنە چاڵ و شاردنەوەی چەكی شانی پێشمەرگە تاوەكو هەڵهاتن و پەنابردنە بەر دەوڵەتانی سەركردەكان.


بزووتنەوەی گۆڕان هێزێكی جەماوەری تۆكمەیە و بە باوكی ئۆپۆسیۆنی هەرێمی كوردستان ناودەبرێت. لەم هەڵبژاردنەدا "نسكۆ"یەك بەرۆكی گرت و دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا، بەڵام دەكرێت ئەمە وەك قۆناغێكی راگوزەر تەماشار بكرێت.


بزوتنەوەی گۆڕان هێشتا جەماوەری لە دەستنەداوە و گۆڕانخوازان مانەوەیان لە ماڵەوە بەلاوە باشتر بووە تاوەكو بچنە پاڵ لایەنێكی دیكە، ئەم هەڵوێستەی خانەی راپەراندنیش هێندەی دیكە ئەو تێگەیشتنە تۆخ دەكاتەوە كە لەسەر جیاوازی بزوتنەوەی گۆڕان هەیە لە كۆی حزب و هێزە سیاسیەكانی كوردستان.

ئەگەر لەیەك روەوە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن جێی رەخنەی گۆڕانخوازان بن، ئەوا لە چەند رووییەكی دیكەوە خەبات و هەڵوێستیان پاكێیەتی و دەستبەردارنەبوونیان لە گۆڕان شایانی نرخاندنە، ئەمە كۆتایی رێگاو خەباتەكە نیە ئەوان لە ئیجتیهادێكی سیاسیدا ئامانجەكەیان نەپێكاوە، ئەویش بەشداری بووە لە دەسەڵات و حكومەت لەمەشدا ئامانجێكی پیرۆزیان هەبووە، دەستلەكاركێشانەوەشیان دەریخست كە بەدوای بەرژەوەندی كەسی و خێزانییەوە نەبوون.



دەستلەكاركێشانەوە و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی نەریتی حزبەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیە، ئەم بڕیارەی خانەی راپەڕاندن لەو روەوەشەوە جێگەی ستایش و نرخاندنە، كە رچەشكێنیەو لە دایكبوونی مۆدێلێكی نوێی حزبایەتیە لە كوردستان كە هەر لە سەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان بانگەشەی بۆ كردووە.

 

ئەگەرچی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردندا كورسی نەهێناوە و وادەردەكەوێت كە دۆڕاوێكی پرۆسەكەیە، بەڵام هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیەكە و دەستلەكاركێشانەوەكە وەك كردەیەكی ئەخلاقی لەناو سیاسەتی كوردیدا لێكدەدرێتەوە كە تائێستا رووداوی لەو شێوەیە رووینەداوە، ئەگەر گۆڕان پرسێكی سیاسی دۆڕاندبێت ئەوا لە ئەخلاقی سیاسیدا بردویەتیەوە.

 

ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و عومەر سەید عەلی، پەرێزیان پاكە و گۆڕانیان وەكو كۆمپانیا لێنەكردووە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هیچ كام لەوان كەس نیە خەتی سور بەسەر ناوەكانیاندا بهێنێت، تێكۆشەر و خاوەن رابردوویەكی پاك و پڕ لە خەباتن، حەتمەن ئەمەش دوا وێستگەی كاركردنیان نابێت و بزوتنەوەكە پێویستی بە ئەزمون و شارەزاییان دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن