میری بەهەشت
09:04 - 27/07/2021
ناڵە حەسەن/کلتوری زەمەن
شازادەیەکی شەوگەڕ
چاوێکی پڕ لە ئاگر و
چاوەکەی تر پڕ لە دوکەڵ
گیرفانێکی پڕ لە بارووت و
گیرفانەکەیتر پڕ لە حەشیش
شازادە
جارجارە لەنێو ئەشکەوتێکی تاریک
لەگەڵ ئەسحابەکان دەچیتە
خەڵوەت و
دواتر خەوێکی قووڵ قووڵ
زۆرجارانیش
بەدەم خەوەوە ڕێدەکات
بەدەم خەوەوە قسان دەکات
بەدەم خەوەوەش دەفڕیت
شازادەیەکی شێواو / شێواوێکی
شەڕانگێز
هەر بەدەم خەوەوە
شیرە دووسەرەکەی لە قەڵغان دەردەهێنێ
دەڕواو دەڕواو دەڕوا
دەڕوا و ئاوڕ ناداتەوە
هەرچییەکیش بێتە بەردەمی
ڕووناکی
با
باڵندە
مێروولە
تەنانەت خاڵخاڵۆکەکانیش /
خەڵتانی خوێنیان دەکا
هەندێکجاریش / لەسەر
بەرماڵێکی ڕەشی ئاوریشمین
بەرماڵێکی ڕەش ڕەش
بەدەم دوعا و نزاوە
کڕنۆش بۆ دێو و داینەسۆرەکان
دەبات
شازادە
خۆیی و جانتایەک پڕ لە وەهم
خۆیی و بوخچەیەک پڕ لە خەون
خۆیی و گۆزەیەک پڕ لە شەڕاب
لەسەر پشتی ئەسپی گەردەلوول
بەسەر پردی سیرات / پردێکی
سەرابی
سەما دەکات
لەنێو بەهەشت
لەنێو تەنیایی خۆیدا
دەرگای ژوورەکان دادەخات
پەنجەرەکانیش
بە پەردەیەکی شەڕابی ئەستوور
دادەپۆشێ
فەرمان بە حۆرییەکانیش دەدات
تیر بگرنە / شەپۆلەکان و
خۆرەتاو و جەستەی سەوزایی
بڕیار دەدات
جگە لە گوڵە حاجیلە / هەموو
گوڵەکانیتر دەبێ بمرن
جگە لە پایز / هەموو
وەرزەکانیتر دەبێ بمرن
جگە لە مانگ / هەموو
ئەستێرەکان دەبێ بمرن
کاتژمێری دەستی شازادە زەمەن
ناخوێنێتەوە و
شەو و ڕۆژ لەیەک جیا ناکاتەوە
چاوەکانی
جگە لە پەیکەرە بەردینەکەی
خۆی
هیچ زیندەوەرێک و
بوونەوەرێکیتر نابینن
هەر خۆیی و هەر خۆیی و هەرخۆی
دواجار بڕیار دەدات
هەرخۆیشی ببێتە میری بەهەشت
!