702 کوردستان

سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری: لە خانەقینەوە تا زاخۆ خەڵک رێز لە بڕیارەکانی دادگا دەگرن

02:51 - 21/06/2021

زەمەن_هەرێمی كوردستان



بەنگین قاسم، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت ئەگەر سیاسەت بهێڵێت, میلـلەت زۆر زۆر رێز لە بڕیارەکانی دادگا و لە دەسەڵاتی قەزایی دەگرێت، لە خانەقینەوە تا زاخۆ خەڵک رێز لە بڕیارەکانی دادگا دەگرن.

ئەم وتانەی بەنگین قاسم، لە میانەی دیدارێكدا بووە لەگەڵ شیلان عارف بریکاری وەزارەتی داد.

ئەمڕۆ، بریکاری وەزارەتی داد هاوڕێ لەگەڵ دادوەر عەبدولڕەحمان حەمە کەریم، بەرێوبەری گشتی داد و شاندێکی وەزارەت، سەردانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەرییان لە هەرێمی کوردستان کرد.

بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی دادوەری، تیایدا هەردوولا دووپاتیان لە پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوولا کردەوە و تاوتوێی هەموو بابەتە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی داد و دەسەڵاتی دادوەریی تاوتوێ کرا، بەتایبەتی کاری ئەو دەزگە فەرمیانەی کە لە نێوان دەسەڵاتی دادوەریی و دەسەڵاتی جێبەجێکردن – وەزارەتی داد، بەهاوبەشی بەڕێوە دەبرێت، وەکو دەزگەی داواکاری گشتی و پەیمانگەی دادوەریی و سەرۆکایەتی سەرپەرشتیاری دادیی. 


 گرفتی كه‌میی ژماره‌ی دادوه‌ر و ئه‌ندامی داواكاری گشتی و لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی دادوه‌ری له‌ ژماره‌یه‌ك دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان و كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنیان تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکە بوو، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كاری پێكه‌وه‌یی و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی زیاتری نێوان ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و وه‌زاره‌تی داد له‌گه‌ڵ داموده‌زگاكانی دیكه‌ی هه‌رێم بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی گونجاو بۆ چاره‌سه‌كردنی گرفته‌كان، ته‌ئكیدی له‌سه‌ر كرایه‌وه‌. 


شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی داد، لە وتەیەکدا ئاماژەی بە داواکارییەکانی، یاریدەدەرانی دادوەریی و لێکۆڵەرەوانی دادیی و پێداویستییەکانیان کرد و دانانیان لە هەندێ شارۆچکە کە پێویستیان پێیەتی، رەوشی ئەندامانی داواکاریی گشتی و دادوەران و ئیشوکارەکانی پەیمانگەیی دادوەریی تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکە بوو.


بریکاری وەزارەتی داد، هەروەها وتی "گرنگە هاووڵاتیان زیاتر هۆشیاربکەینەوە لە ئەرکی داد و دادوەریی، چونکە لەسەردەمێکداین کە سۆشیاڵ میدیا کاریگەرییەکی نەرێنی هەیە بەسەر ژیانی خەڵک و لە خراپکردنی پەیوەندی نێوان دادگاکان وهاووڵاتیاندا، زیاتر گوتی کە: گرنگە هاووڵاتی باشتر لە ئیشەکانی دادگا و دەسەڵاتی دادوەریی تێ بگات و گرنگە هەر لە خوێندنی سەرەتاییەوە منداڵەکانمان فێری هۆشیاریی قانوونی و دادوەریی بکەین".
     

لەلای خۆیەوە دادوەر بەنگین قاسم، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی، دووپاتی لە گرنگی و کاریگەری دەسەڵاتی دادوەریی کردەوە و رایگەیاند: "دەسەڵاتی دادوەریی و وەزارەتی داد بەداواکاری گشتییەوە یەک خێزانی دادوەریین، دەرگای دەسەڵاتی دادوەریی کراوەیە بۆ هەموو وتوێژ و راگۆڕینەوەیەک لەگەڵ دەسەڵاتەکانی جێبەجێ کردن و دەسەڵاتی یاسادانان، هەروەها بەردەوامیدان بە دانیشتن و گفتوگۆکردن لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان کارێکی پێویست و گرنگە" 

سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە کە بنەمای کارکردنی ئەوان جێبەجێکردنی یاسا و دەستگرتنە بەیاساکانەوە و رایگەیاند کە " دەبێت دەسەڵاتی دادوەریی دووربێت لە (موزایەداتی سیاسی) " . 


سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی رایگەیاند" میللەتەکەمان زۆر زۆر رێز لە بڕیارەکانی دادگا و لە دەسەڵاتی قەزایی دەگرێت، لە خانەقینەوە تا زاخۆ خەڵک رێز لە بڕیارەکانی دادگا دەگرن، بەڵام ئەگەر کاریگەری سیاسەت بهێڵێت، زۆر گرنگە هەموو لایەک هۆشیاربن و چاوەڕێی بڕیاری دادگا بکەن، چونکە بۆ تانە دان لە بڕیارەکان چەندین رێکاری قانوونی هەیە و پێویستە بەکاری بهێنن نەک لە سۆشیال میدیا و راگەیاندنەوە خەڵک و ئەملاو ئەولا لەسەر بڕیارەکانی دادگا قسە بکەن".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن