مەترسی شەپۆلی سێهەمی كۆرۆنا مەترسییەکی ڕاستییە
06:49 - 05/06/2021
زهمهن - جیهانی
دکتۆر ماتشیدسۆ مۆیتی بەرێوەبەری هەرێمی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ئهفریکا،
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئۆنلایندا ڕایگەیاند " مەترسی شەپۆلی سێهەمی کۆڤید-19
لە ئهفریکا، مەترسییەکی ڕاستەقینەیەو تا دێت زیاتر دەبێت."
مۆیتی وتیشی " لە کاتێکدا زۆرێک لە وڵاتانی دەرەوەی ئهفریکا لە ئێستادا
زۆربەی هاووڵاتیانی خۆیان، دژ بە ڤایرۆسەکە کوتاوە، و توانیویانە تەنانەت بیر لە
کوتانی منداڵەکانیشیان بکەنەوە، وڵاتانی ئهفریکا هێشتا نەیانتواینیوە تەنانەت بەشی
دووهەمی ڤاکسینەکە بۆ ئەو کەسانەش دابین بکەن کە لە مەترسییەکی زۆردان. ئەو داوای
لەو وڵاتانە کرد کە گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرزی کوتان " ڕێگە بدەن بەشە ڤاکسینەکان
هەناردە بکرێت تا لە ئهفریکاش ئەو کەسانەی کە لە مەترسیدان دژ بە ڤایرۆسەکە بکوترێن."
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکیدا دەڵێت کۆچبەران لە ئیتالیا ڤاکسینی
کۆڤید-19 یان بەردەست نییە، هەرچەندە حکومەت باسی لەوە کردووە کە هەموو کەسێک مافی
کوتانی هەیە، بەبێ گوێدانە باری یاسایی ئەو کەسە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، کە ژمارەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی پێویستە
بۆ دانانی کاتێک بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، بەڵام تەنها سێ لە 20 هەرێمی ئیتالیا ئەو
ژمارە کاتییە وەردەگرێت کە دراوە بە سەدان هەزار کۆچبەر.
دکتۆر مارکۆ مازیتی، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی کۆمەڵگەی کۆچبەرانی ئیتالیا
بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە زۆربەی ئەو کۆچبەرانە کرێکاری خۆجێهین.
ئەو وتیشی " ئەگەر ئێمە کۆنترۆڵی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە نێو ئەو خەڵکەدا
نەکەین کە لە ناو وڵاتەکەمانن، ئەوا ناتوانین کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکە بکەین."
وەزارەتی تەندروستی هیندستان دەڵێت 300 ملیۆن بەشی ڤاکسینێکی پەسەند نەکراوی
بە بڕی زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار داوا کردووە کە لە لایەن کۆمپانیایەکی بایۆلۆژی
بنکە لە حەیدەرئاباد بەرهەم دەهێندرێت. ئەو ڤاکسینە لە ئێستادا لە قۆناغی سێهەمی
تاقیکردنەوەی زانستیدایە.
دادگای باڵای هیندستان ڕەخنەی توندی لە بەرنامەی کوتانی وڵاتەکە گرتووە، لە
کاتێکدا زۆربەی دانیشتوانی وڵاتەکە دەستیان بە ڤاکسینەکان ڕاناگات.
ڕۆژی هەینی وەزیری تەندروستی هیندستان ڕایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا
زیاتر لە 132 هەزار حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە و لە هەمانکاتدا زیاتر لە
2700 کەس بههۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. بە پێی زانیارییەکانی نێوەندی لێکۆڵینەوەی
کۆڤید-19 لە نەخۆشخانەی جۆنس هۆپکنس هەتا ئێستا هیندستان 28 ملیۆن و 500 هەزار حاڵەتی
کۆڤید-19 ی تۆمار کردووە بەمەش هیندستان دووهەم وڵاتە بۆ ژمارەی توشبووان پاش ئەمەریکا.
دەسەڵاتداران لە بەریتانیا ڤاکسینی فایزەریان بۆ نەوجەوانانی تەمەن 12 بۆ
15 ساڵان پەسەند کرد. کاربەدەستان دەڵێن 2 هەزار منداڵ بەشداری تاقیکردنەوەکانیان
کردووەو ئەنجامەکەی باش بووە.