بەرپرسێكی ئێران: هێرشە موشەكییەكان بۆ سەر هەرێم بەردەوام دەبن
07:26 - 19/04/2021
زەمەن_هەرێمی كوردستان
حەسەن دانائی فەڕ، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە
عێراق، هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشە موشەكییەكانی كرد بۆ سەر هەرێمی كوردستان، تا
ئەو كاتەی بە تەواوەتی هێزەكانی ئەمریكا عێراق بەجێدەهێڵن.
حەسەن دانائی فەڕ، بە ئاژانسی هەواڵی
تەسنیمی راگەیاندووە، ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە هەرێمی
كوردستان، زنجیرەی ئەو هێرشانەیە كە لە ناوچەكانی دیكەی عێراق روودەدەن و وتی:
گەلی عێراق بە تایبەت گەنجان رازی نابن و ئارامیان نەماوە لە مانەوەی هێزەكانی
ئەمریكا لە عێراق.
دانائی فەڕ، كە ئێستا خانەنشین بووە،
بەپێویستی زانی ئەمریكییەكان عێراق بەجێبهێڵن بەپێی ئەو بڕیارەی كە لە پەرلەمانەوە
دەنگی لەسەر دراوە.
باڵیۆزی پێشووی ئێران، ئاماژەی بەوەشكرد،
ئەگەر ئەمریكییەكان بیانەوێت هێزەكانیان لە هەرێمی كوردستان و باكوری عێراق
بڵاوەپێبكەن ئەوا رووبەڕووی هێرش دەبنەوە بەهەمانشێوەی ئەوەی كە لە ناوەندەكانی
دیكەی باشووردا رووبەڕوویان دەبێتەوە.