کوردستان

په‌یامێك له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ بەبۆنەی ساڵڕۆژی راپەڕینەوە

09:57 - 04/03/2021 362 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن_هه‌ریمی كوردستان

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان په‌یامێكی له‌یادی 30 ساڵه‌ی راپه‌رینی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت، به‌داخه‌وه،‌ پێشئەوەی خەڵک پشوییەکی کورت بدات لە سایەی ئازادی و رزگاریدا، دوبه‌ره‌كی ناوخۆ به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ پاوانخوازیی و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و ناوچه‌یی و حیزبیدا كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكیان به‌ره‌و فیفتی به‌ فیفتی و شه‌ڕی ناوخۆیی برد.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، پێویستە ئەو راستیە بیر ھەموان بھێنینەوە، کە نه‌وشیروان مستەفا بە شایه‌تی نەیارەکانیشی ئە‌ندازیاری ئه‌م روداوه‌ گه‌وره‌ و گرنگه‌ی مێژوی ئێمه‌یه‌، هه‌ر زو هه‌ستی كرد خه‌ون و ئامانجه‌كانی ئه‌و راپه‌ڕینه‌ به‌لاڕێدا ده‌برێت، له‌و كاته‌وه‌ به‌ رێگای جیاواز، نوسین و كۆڕ و كۆبونه‌وه‌، فشار و چالاکی سیاسیی له‌هه‌وڵی راستكردنه‌وه‌ی باری لاری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بو له‌ژێر ده‌ستی شۆڕشگێرانی دوێنێ و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆدا.

 

بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیامەکەیدا هێمای بۆ ئەونادادییە کردووە کە سەرجەم جومگەکانی حکومڕانی گرتۆتەوەو لەو ڕوەوە دەڵێ؛ راپەرین بۆ دادپەروەی بو کەچی ئێستا زۆرترین و خراپترین نادادی لە داھات و سامانی ئەم وڵاتە دەکرێت، راپەڕین بۆ بونیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانی بو، بۆ بونی قەوارەیەک بو کە  یەک سوپای نیشتیمانی و یەک ھێزی ئەمنی و یەک دادگای سەربەخۆ ھەبێ، بەڵام بەداخەوە ھیچکام لە خەونەکانی راپەرین وەکو خۆی بەدینەھاتوە. ھۆکارەکەش رونە، ئەقڵی بەرتەسکی حیزبی و نانیشتمانی، بەرژەوەندی کەسیی حیزبی پێش بەرژەوەندی نیشتیمانی خراوە و دەخرێ .

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:
لەیادی راپەڕیندا..

‎ئه‌مڕۆ (30) ساڵ به‌سه‌ر راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی خەڵکی كوردستان تێده‌په‌ڕێت، ئه‌و راپه‌ڕینه‌ی کۆتایی به‌ قۆناغێكی زوڵم و سته‌می داگیركارانه‌ی ئه‌م نیشتمانه‌ هێنا، ئەو رابونە جەماوەرییەی لە ده‌روازه‌ی راپه‌ڕینه‌وه‌ دەستیپێکرد و لە ماوەیەکی کەمدا شارەکانی سلێمانی و ھەولێر و دھۆک ئازاد کران و لە رۆژی نەورۆزدا تاجی سەرکەوتنی لە کەرکوک سەرنا.

‎به‌داخه‌وه،‌ پێشئەوەی خەڵک پشوییەکی کورت بدات لە سایەی ئازادی و رزگاریدا، دوبه‌ره‌كی ناوخۆ به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ پاوانخوازیی و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و ناوچه‌یی و حیزبیدا كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكیان به‌ره‌و فیفتی به‌ فیفتی و شه‌ڕی ناوخۆیی برد. پاش ئه‌و هه‌مو كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنانه‌ی له‌و شه‌ڕانه‌دا رویاندا، خه‌ڵكی كوردستان مانه‌وه‌ی حیزبی به‌عس و ساوایی ئه‌زمونه‌كه‌یان له‌بەرچاو گرت و كه‌وتنه‌ پشتگیری حكومه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆش ماكه‌كانی دو ئیداره‌یی به‌زه‌قی پێوه‌ دیاره‌ و، ژیله‌مۆی ژێر خۆڵه‌مێشی شه‌ڕی براكان رو له‌ گه‌شانه‌وه‌یه.

‎لەم یادەدا، پێویستە ئەو راستیە بیر ھەموان بھێنینەوە، کە نه‌وشیروان مستەفا بە شایه‌تی نەیارەکانیشی ئە‌ندازیاری ئه‌م روداوه‌ گه‌وره‌ و گرنگه‌ی مێژوی ئێمه‌یه‌، هه‌ر زو هه‌ستی كرد خه‌ون و ئامانجه‌كانی ئه‌و راپه‌ڕینه‌ به‌لاڕێدا ده‌برێت، له‌و كاته‌وه‌ به‌ رێگای جیاواز، نوسین و كۆڕ و كۆبونه‌وه‌، فشار و چالاکی سیاسیی له‌هه‌وڵی راستكردنه‌وه‌ی باری لاری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بو له‌ژێر ده‌ستی شۆڕشگێرانی دوێنێ و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆدا.

‎له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌، بڕیاری دا واز له‌ده‌سه‌ڵات بهێنێ و به‌جۆرێكی دیكه‌ هه‌وڵی راستكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ بدات؛ بۆیه‌ په‌نای برده‌وه‌ به‌ر میدیا و ھاوشانی ھاوڕێکانی و خەڵکی ئازادیخواز لەرێی بزوتنەوەی گۆڕانەوە وەک جوڵانەوەیەکی جه‌ماوه‌ری و بە خەباتی مەدەنیی هه‌وڵی فراوانكردنی بنكه‌ی دیموكراسی دا، تا له‌و رێگه‌یه‌وە كۆی كایه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ژیان ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ نیشتیمانه‌كه‌مان كه‌ ئامانجه‌كانی راپه‌ڕینی تێدا بنه‌خشێنرێت.

‎هاونیشتمانی خۆشەویست...

‎ئه‌مڕۆ نه‌وه‌یه‌ك له‌ كوردستاندا پێ گه‌یشتوە كه‌ تاڵی و سوێری رژێمی به‌عسی نه‌بینیوه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی بڕستی له‌وان و له‌ ته‌واوی كۆمه‌ڵگا‌كه‌مان بڕیوه‌ نه‌بونی سەروەری یاسا، شه‌فافیه‌ت، عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، بونی مه‌حسوبیه‌ت و گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی، لە کاتێکدا راپەرینی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی بو، کەچی ئێستا دەسەڵات ئازادی زەوت کردوە و ھاوڵاتی لەسەر دەربڕین ئەشکەنجە دەدرێ و زیندانی دەکرێ، راپەرین بۆ رزگاری بو لەستەم و زوڵم و کوشتن، کەچی دەسەڵات خەڵک دەکوژێ تەنھا لەبەرئەوەی لەخۆپیشاندانێکدا داوای مافی رەوای خۆی دەکات.

‎راپەرین بۆ دادپەروەی بو کەچی ئێستا زۆرترین و خراپترین نادادی لە داھات و سامانی ئەم وڵاتە دەکرێت، راپەڕین بۆ بونیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانی بو، بۆ بونی قەوارەیەک بو کە  یەک سوپای نیشتیمانی و یەک ھێزی ئەمنی و یەک دادگای سەربەخۆ ھەبێ، بەڵام بەداخەوە ھیچکام لە خەونەکانی راپەرین وەکو خۆی بەدینەھاتوە. ھۆکارەکەش رونە، ئەقڵی بەرتەسکی حیزبی و نانیشتمانی، بەرژەوەندی کەسیی حیزبی پێش بەرژەوەندی نیشتیمانی خراوە و دەخرێ .

‎سەرەڕای خراپی دۆخی ژیان و گوزەران و ئەو هەمو نادادییە، ئێستا لە رێگەی لێشاوێک لە میدیای نابەرپرسیار و ئاڕاستەکراو کار لەسەر شێواندنی دەرونی خەڵکی کوردستان و نانەوەی دوبەرەکی و شەڕێکی نابەرپرسانە دەکرێت، کە سەرلەبەری ئەم هەنگاوانە پێچەوانەی ئامانجەکانی راپەڕین و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانە.

‎نه‌وشیروان مسته‌فا، ده‌ڵێت "ئێمه‌ راپه‌ڕینمان نه‌كرد تا ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مگه‌ری عه‌ره‌بی بگۆڕین به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مگه‌ری كوردی" هه‌ر خۆشی چاره‌سه‌ری ئه‌م قۆناغه‌ی به‌م هاوكێشه‌ ساده‌ ده‌ربڕیوه‌، كه‌ بریتییه‌ له‌ دیموكراسی راسته‌قینه‌ و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئامرازه‌كه‌شی بریتییه‌ له‌ چاكسازیه‌كی بنه‌ڕه‌تی و ریشه‌یی له‌ كۆی كایه‌كانی كۆمه‌ڵگا و جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا، چونکە به‌دڵنیاییه‌وه‌ چاكسازییه‌كی گشتگیر نه‌كرێت، مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکیەکان زیاتر و ئایندەی هەرێمی کوردستانیش لە تونێلێکی تاریکدا دەبێت.


‎بزوتنەوەی گۆڕان
٥ی ئازاری ٢٠٢١

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement