پۆلیسى هەولێر رێگرێکى دەستگیرکرد
01:45 - 23/02/2021
زەمەن_هەولێر
پۆلیسی هەولێر گەنجێکی
تەمەن 21 ساڵى دەستگیرکرد کە رێگریی لە خەڵک کردووە و بە زەبر و هەڕەشەی چەک، پارە
و مۆبایلی لە خەڵک سەندووە.
هۆگر عەزیز وتەبێژى پۆلیسی
هەولێر رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە لەدایکبووی ساڵی 2000ە و خەڵکی هەولێرە،
ماوەی نزیکەی سێ مانگە دەستیکردووە بە رێگریکردن لە خەڵک، بە دیاریکراویش لە شەواندا
لەسەر شەقامی 120 مەتری و شەقامی بنەسڵاوە.
وتیشى، "ماوەیەک لەمەوبەر هاووڵاتییەک سەردانی پۆلیسی کرد
و سکاڵای لەسەر کەسێک تۆمارکرد کە رێگریی لێکردووە، دوای سکاڵای ئەو هاووڵاتییە تیمێکی
بەدواداچوونمان پێکهێنا، لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانمان ناسنامە و شوێنەکەیمان
دەستنیشانکرد، دواتر دەستگیرمان کرد".
بە وتەى هۆگر عەزیز، "ئەو
گەنجە، دانی بە شەش تاوانی رێگریکردندا ناوە بە چەک، لەو شەش حاڵەتەی ئەو باسی دەکات،
جاری وا هەبووە کەسەکە مۆبایلی پێبووە و ئەو مۆبایلەکەی لێسەندووە، جاری واش هەبووە
هەزار دۆلار و هەندێک جاریش حەوت هەزار و 500 دۆلاری لە خەڵک سەندووە، ئەوەش زۆرترین
بڕە پارە بووە کە لەو رێگەیەوە لە خەڵکی سەندبێت".