مردن به كۆرۆنا له ئەمەریکا نزیك دهبێتهوه له 500 هەزار كهس
02:33 - 22/02/2021
زهمهن_جیهانی
پێشبینی دەکرێت ڕۆژی
دووشەممە ئەمەریکا نیو ملیۆن حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تێپەڕێنێت،
لەکاتێکدا هەڵمەتەکانی پێدانی ڤاکسین لە سەرانسەری جیهاندا هیوایەکی گەڕاندۆتەوە بۆ
ئاسایی بوونەوەی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان.
دوای تێپەڕبوونی ساڵێک
بەسەر تۆمارکردنی یەکەمین حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەمەریکا
لە 25 ی مانگی دووی ساڵی 2020 دا، واپێدەچێت حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان لەو وڵاتەدا
500 هەزار تێپەڕێنێت، هاوکات بەپێی زانکۆی هۆپکینز ڕۆژی دووشەممە حاڵەتەکانی گیان
لەدەستدان گەیشتۆتە 498,879 حاڵەت.
پسپۆڕی باڵای نەخۆشیە
گوازراوەکانی ئەمەریکا و ڕاوێژکاری جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا ئانتۆنی فاوچی وتی
" شتێکی زۆر ناخۆشە." وتی " پێشتر لە 100 ساڵی ڕابردوودا لە پەتاکەی
ساڵی 1918 ەوە هیچ شتێکمان هاوشێوەی ئەم ڤایرۆسە نەبینیوە." ئەوەشی خستەڕوو "
ئەم بابەتە لە مێژوودا دەمێنێتەوە."
لە مانگی یەکدا ئەمەریکا
400 هەزار حاڵەتی گیان لەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تێپەڕکرد، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆو بایدن دوای دەستبەکاربوونی وتی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە ئەرکی سەرەکی دەبێت لە
ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا.
ڕۆژی هەینی بایدن وتی
" 500 هەزار! ئەوە 70 هەزار زیاترە لە کۆی سەرجەم ئەو ئەمەریکیانەیە کە لە جەنگی
جیهانی دووەمدا لە ماوەی چوار ساڵدا گیانیان لەدەستدا."
بەڵام لە وتارەکەیدا لە
کارگەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی فایزەر لە کالامازۆ، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی
" پێم وایە تاوەکو کۆتای ئەم ساڵ دەگەڕێینەوە باری ئاسایی."
سهرچاوه: voa