سزای له سێدارهدانی 340 كهس پهسهندكرا
11:15 - 24/01/2021
زهمهن_عێراق
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، جێبەجێکردنی ٣٤٠ سزای
لەسێدارەدانی بەسەر تاوانبارانی تیرۆردا، پەسەند کرد.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە دوو رۆژ
لەمەوبەر دوو کردەوەی خۆکوژیی لە گۆڕەپانی تەیەڕان ناوەڕاستی بەغدا روویاندا و
بەھۆیە ٣٢ کەس کوژران و ١١٠ی دیکە برینداربوون.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لە
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە سەرۆکایەتی
کۆمار، جێبەجێکردنی ٣٤٠ سزای لەسێدارەدانی بەسەر تاوانبارانی تیرۆردا پەسەندکردووە.
سەرچاوەکە کە ناوی خۆی
ئاشکرانەکردووە ئاماژەی بەوەیشداوە، ٣٤٠ دۆسیەی تاوانی تیرۆر رەوانە سەرۆکایەتی
کۆمار کراون کە وردبینی ورد لە رووی دەستووریی و یاساییەوە بۆ ئەو دۆسیانە کراون
بە تایبەتش لەوەی نەتواندرێت سوود لە تانەلێدان ببینرێت و سزادراوەکانیش یاسای
لێبوردنی گشتیی ژمارە ٢٧ بۆ ساڵی ١٩٩٦ نەیانگرێتەوە و وتی: "جێبەجێکردنی سزای
لەسێدارەدان بەسەر ٣٤٠ تاوانباری تیرۆردا لە لایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە
پەسەندکراوە".
بە وتەی سەرچاوەکە لە ماوەکانی
داھاتوودا، ئەو ٣٤٠ سزا لەسێدارەدانانە لە لایەن وەزارەتی دادوە جێبەجێ دەکرێن.
لە عێراق تیرۆریستانی داعش بەپێی
ماددەی چوار لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دادگایی دەکرێن کە لە ماددەکەدا
ئاماژە بەوەدراوە، ھەر کەسێک کردەی تیرۆریستی ئەنجام بدات یان بەشدار بێت، ئەوە
لەسێدارەدەدرێت.
دەسەڵاتدارانی عێراق لە ١٦ی تشرینی
دووەمی ٢٠٢٠، سزای لەسێدارەدانیان بەسەر ٢١ تاوانباری تیرۆردا جێبەجێ کردبوو.