عیراق

دوایین زانیارییەكان لەسەر پێداچونەوە و دەنگدان لەسەر پرۆژەی بودجە

11:17 - 23/01/2021 72 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن_بەغدا


جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: نزیکبونەتەوە لە داڕشتنەوەی کۆتایی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی و ئەگەر زۆرە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتە داهاتوو ئامادە دەبێت بۆ دەنگدان.


جەمال كۆچەر، بە "زەمەن"ى راگەیاند: لیژنەی دارایی بەردەوامە لەسەر گفتوگۆکانی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی (2021) و نزیکبونەتەوە لە داڕشتنەوەی کۆتایی بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەستی پەرلەمان بۆ دەنگدانی لەسەری، وتیشی: پێدەچێت کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتو راپۆرتی کۆتایی لیژنەکە ئامادەبێت و لە دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەماندا دەخرێتە دەنگدانەوە.



جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە: گەورەترین بەربەست پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەدا و هەر ئەمڕۆ میوانداریی ئابوریناسان و کارسازان و سبەینێیش میوانداریی پارێزگارەکان دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، بەوەش کۆتایی بە میوانداریی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەهێنرێت لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە.



ئەندامەکەی لیژنەی دارایی رایگەیاند: ژمارەیەک گۆڕانکاریی لە پڕۆژە یاساکەدا کراوە، لەوانەش بودجەی فریاگوزاریی لە (500) ملیار دینارەوە بۆ (150) ملیار دینار کەمکراوەتەوە، هەروەها گۆڕانکاریی لە بڕگەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران کراوە، لەبری ئەوە باجی دەرامەت جێگەی کراوەتەوە، حکومەت پێشنیازی کردوە چوار ترلیۆن دینار لە کۆی موچە ببڕێت، بەڵام بەپێی یاسای ژمارە (113) بڕی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بۆ دو ترلیۆن و (600) ملیۆن دینار کەمکراوەتەوە.



جەمال كۆچەر دەڵێت: لیژنەی دارایی بە ئاڕاستەی ئەوە کاردەکات نرخی خەمڵێنراوی یەک بەرمیل نەوت لە (42) دۆلارەوە بۆ (45) دۆلار زیادبکرێت، لەکاتێکدا ئێستا نرخی یەک بەرمیل نەوت (55) دۆلارە، تاکە بڕگە کە دەستکاریی نەکراوە، نرخی دینارە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی و هەر دۆلارێک بە (1460) دینار جێگیراوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement