حكومهت بڕیارێكی له بارهی بایۆمهترییهوه دهركرد و دوایین مۆڵهتیش دهدات به فهرمانبهران
09:41 - 17/01/2021
زهمهن_عێراق
حکومەتی عێراق رایگەیاند، کارتی بایۆمەتری کە تایبەتە بە
خۆتۆمارکردن لە تۆماری دەنگدان بەمەبەستی بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، وەک
یەکێک لە بەڵگەنامە فەرمییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بۆ ئەمەش پێویستە
فەرمانبەران لە یەکی شوباتەوە داتاکانی خۆیان لە ناوەندەکانی دەنگدان نوێبكهنهوه.
ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیرانی
عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پشتبهست بە بڕیاری دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی
وەزیران، بڕیاردرا کارتی بایۆمەتری دەنگدان وەک یەکێک لە بەڵگەنامە فەرمییهكان
مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئهمیندارێتییهكه داوای لە
فەرمانبەران و خانەنشیان و سەرجەم کارمەندانی دەوڵەت کردووە، لە ماوەی ٦٠ رۆژدا
سەردانی ناوەندەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بکەن، كه بەمەبەستی
تۆمارکردن و نوێکردنەوەی داتاکانی دەنگدەران کراونەتەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، بڕیارەکە
لە یەکی شوباتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و ماوەی ٦٠ رۆژی دیاریکردووە بۆ
خۆتۆمارکردن و نوێکردنەوەی داتاکان.
پێشتر حەسەن نازم وتەبێژی حکومەتی
عێراق، رایگەیاندبوو، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە کە کارتی بایۆمەتری وەک یەکێک
لە بەڵگەنامە فەرمییەکان لە دامودەزگاکانی دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
حەسەن نازم ئاماژەی بەوەشکرد، کە
ئەنجومەنی وەزیران ماوەی ٦٠ رۆژی دیارییکردووە بۆ فەرمانبەران تاوەکو سەردانی
ناوەندەکانی تۆمارکردنی دەنگدەران بکەن بۆ خۆتۆمارکردن و نوێکردنەوەی
زانیارییەکانیان و وەگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری.
حەسەن نازم داوای لە هاوڵاتییان
کردبوو پەلە بکەن لە خۆتۆمارکردن و نوێکردنەوەی داتاکانیان لە ناوەندەکانی
تۆمارکردنی دەنگدەران.
بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ
هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شەشی حوزەیرانی
٢٠٢١ بەڕێوەبچێت.
ئەگەرچی باس لە دواخستنی ئەنجامدانی
پرۆسەکە دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم پرسە بە فەرمی رانەگەیەنراوە و کۆمیسیۆنی
باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو
وادەیەی کە دیارییکراوە.