پارتی: هەڵبژاردن دوابخرێت سێ تەمەنی نوێ دەتوانن بەشداری بكەن
06:05 - 16/01/2021
زەمەن_عێراق
فراکسیۆنی
پارتی دیموکرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: بە دواخستنی
ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ سێ مانگی دیکە، بەشداریکردنی سێ تەمەنی نوێ لە ھەڵبژاردنی
داھاتوو، لەو ماوەیە دەستەبەر دەکات.
شێروان
دووبەردانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی
کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا وتی: "ھەر وادەیەک لە لایەن حکومەتی
عێراقەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بکرێت، پێوەی پابەند دەبین،
ئەگەر لە شەش حوەزیرانی ئەمساڵ بێت یان دوای ئەو وادەیە".
راشیگەیاند
کە لە چەند رۆژی رابردوودا، کۆبوونەوەیەک لە نێوان لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی
نوێنەران لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆمار سازکرابوو تیایدا سەبارەت بە رێوشوێنە
ھونەرییەکان تایبەت بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە گفتوگۆکرابوو و وتی:
"لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە بەھۆی کەمی کاتەوە،
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ناتوانێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە
وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدات".
ئەو
ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی
لەوەشکرد کە لە رووی رێوشوێنە تەکنیکییەکانەوە، وا باشترە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ
سێ مانگی دیکە دوابخرێت و وتی: "بە دواخستنی ھەڵبژاردنی
پێشوەختە بۆ سێ مانگی دیکە، سێ تەمەنی نوێ دەتوانن لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا،
بەشداری بکەن".
چەند
رۆژێک لەمەوبەر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاگاداری
لەدایکبووانی ٢٠٠١، ٢٠٠٢، ٢٠٠٣ کردبووە لەوەی لە شوێنی نیشتەجێبوونیان سەردانی
ناوەندەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ ئەوەی لە سیستەمی بایۆمەتری خۆیان تۆمار بکەن.
وتیشی:
"تا ئێستا دۆسیەی ئاوارەکان دانەخراوە، ھەروەها ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی تا
ئێستا کارتی بایۆمەتریان تایبەت بە دەنگدان وەرنەگرتووە و جگە لەوەیش ھێشتا ھیچ
بڕیارێک بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی
دەرنەکراوە".
پێشتر
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە ئامادەیە
ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە شەشی حوەزیرانی ئەمساڵ ئەنجام بدات و ئاماژەی بەوەیشدابوو
کە داوای نەکردووە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ مانگی ئەیلوولی داھاتوو دوابخرێت.