عێراق داوا لە فەیسبوک و تویتەر دەکات ھەژمارەکانی حەشدی شەعبی بکاتەوە
09:14 - 16/01/2021
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان کە
دەستەیەکی سەربەخۆیە و ئەرکی رێکخستن و پەرەپێدانی راگەیاندن و پەیوەندییەکانە لە
عێراق لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی کۆمپانیای فەیسبوکی کردووە، تیایدا دوای
پێداچوونەوەی بە بڕیارەکەی کردووە و رایگەیاندووە کە بڕیاری کۆمپانیاکە دژبە
دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق و ئازادی رادەبڕینە.
دەستەکە راشیگەیاندووە کە چەندین
سکاڵایان لەبارەی بلۆککردن یان داخستنی پەیج و ئەکاونتەکان پێگەیشتووە بەھۆی بوونی
بڵاوکراوەی پەیوەست بە دامەزراوە حکومیەکان وەک ئاماژەیەک بۆ (دەستەی حەشدی شەعبی)
و سەرکردەکانی.
دەستەی راگەیاندنی پەیوەندییەکانی
عێراق بانگەوازی لە فەیسبوک و تویتەر کردووە بلۆککردنی پەیج و ھەژمارەکانی حەشدی
شەعبی ھەڵبگرێت بەو پێیەی بڵاوکراوەکانی دژبە توندوتیژیین و ھاندان نییە بۆ شەڕ.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیدا
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، داوای لە ھەردوو کۆمپانیا ئەمریکییەکە کردووە
بە بڕیارەکانیاندا بچنەوە بەو پێیەی بڕیارەکە دژبە دامەزراوەکانی دەوڵەتە و ئازادی
رادەبڕینە و راشیگەیاندووە کە بە کردنەوەی پەیج و ئەکاونتەکان دەرفەت دەداتە
ئەندامانی دەستەی حەشدی شەعبی و ھەوادار و لایەنگرانیان بیرو بۆچوونەکانیان
دەرببڕن و ئەو قوربانیانەی ئەو دامەزراوەیە لەپێناو ئازادکردنی خاکی عێراق داویەتی
بیخەنەڕوو.
دەستەکە راشیگەیاندووە،
بڵاوکراوەکانی حەشدی شەعبی ھاندان نییە بۆ توندوتیژی و ھاندان و سووکایەتییەکی بۆ
ھیچ لایەک تیادا نییە و ئامانج لە بڵاوکراوەکانیان تەنھا وەبیرھێنانەوەی ھەڵوێست و
رۆڵی شەھیدانی ئەو دامەزراوەیەیە.
فەیسبوک دەیان پەیج و ئەکاونتی سەربە
ئەندامانی حەشدی شەعبی داخست بەھۆی بڵاوکردنەوەی وێنە کە چەک و ھەندێکی دیکەیان
دیمەنی توندوتیژییان تیادابووە.
ھەروەھا ئەو ئەکاونت و پەیجانەیشی
داخست کە وێنەی سەرکردەکانی حەشدی شەعبیان بڵاوکردبووەوە لەنێویاندا جێگری سەرۆکی
دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس کە سەرەتای ساڵی رابردوو لەگەڵ فەرماندەی
فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی لە بۆردومانێکی ئەمریکا
لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.