572 عیراق

ناوەڕۆکى کۆبونەوەى سەرۆکایەتییەکانى عێراق و کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان

10:36 - 14/01/2021

زەمەن ــ عێراق

 

بەپێى راگەیەنراوى سەرۆکایەتییەکانی عێراق کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان پابەندبوونی خۆى نیشانداوە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داھاتوو بە شێوەیەکی پاك و بێگەر.

ئێوارەی ئەمڕۆ، سەرۆکایەتییەکانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجامدا بە ئامادەبوونی د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری.

کۆبوونەوەکە میوانداری سەرۆک و ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و جنین بلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە عێراق کرد و لە بارەی دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی داھاتوو گفتوگۆکرا.

بەپێى راگەیەنراوى سەرۆکایەتى کۆمار، لەمیانی كۆبوونەوەكەدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان خشتەی كارە تەكنیكی و كاتەكانی تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی خستەروو، هەروەها پابەندبوونی کۆمیسۆنی نیشاندا سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داھاتوو بە شێوەیەکی پاك و بێگەر، ھاوکات دووپاتشیکردەوە لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ تەواوكردنی تۆماری بایۆمیتری بۆ تەواوی دەنگدەران و هەماهەنگیکردن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ زامنكردنی چاودێریکردنی پرۆسەکە.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان جەختیكردەوە کە كاتی پێویست دەدات بە سەرجەم پاڵێوراوان و هاوپەیمانییە سیاسییەکان و هێزە سیاسییە نوێیەکان و گەنجان بۆ تەواوكردنی رێكار و رێوشوێنی تۆماری یاسایی و پێشكەشكردنی لیستی پاڵێوراوەكان.

ھاوکات بۆ ئەوەی کۆمیسۆن كارەكانی بە باشترین شێوە بەڕێوەبەرێت، ئامادەبووانی كۆبوونەوەکە پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان نیشاندا تاوەکو ئەركەكانی بەباشی بەڕێوەببات و پێداویستییە دەستووری و یاساییەكانی تەواو بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەتایبەت پێویستی تەواوکردنی یاسای دادگای فیدراڵی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران، ھەروەھا جێبەجێكردنی ماددەی ٦٤ی دەستوور پەیوەست بە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران وەک سەرەتایەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن