582 کوردستان

ژنانى بزوتنەوەى گۆڕان یاداشتێک ئاراستەى حکومەت و پەرلەمان دەکەن

11:37 - 08/03/2019

زەمەن پرێس:

بەبۆنەی رۆژی ٨ مارسەوە، ژنانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان لە یاداشتێکیشدا داوای رێزگرتنیان کرد لە مافەکانی ژنان و سەروەری یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەریی و یەکسانی.

ئەمڕۆ هەینی لە مەراسیمێکدا ژنانی بزوتنەوەی گۆڕان یاداشتێکیان ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەریی و کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و رایگشی و راگەیاندنەکان کرد و کە تیایدا هاتووە، ژنانی کوردستان، هاوشانی ژنانی جیهانی لە خەباتدا بون بۆ بەدیهێنانی سەرزەمینێک کە بە تاڵ بێت لە توندوتیژیی و سەرزەمینێک کە ئاشتی بەرقەرا بکات، تەواوی مرۆڤەکان بە ژن و پیاوەوە بینای کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەختەوەر بکەن،  خەباتی ژنان  بەردەوام بوە لە پێناو یەکسانی ژن و پیاو لە هەمو بوارەکاندا.

ئاماژەشیان بەوەکردوە، خەباتی ژنان بەردەوام دەبێت لە پێناو رەخساندنی دەرفەتی یەکسانی هەلی کار و خوێندن و بەشداریی کردن لە ناوەندەکانی بڕیار و داوایانکرد جیاوازییەکان نەبێتە مایەی نایەکسانیی لە کۆمەڵگەدا.

لە هەشتی مارسدا ژنانی بزوتنەوەی گۆڕان، بیری دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیان خستەوە کە لە ماوەی (28) ساڵی رابردودا وەک پێویست خزمەت بە پرسی ژنان نەکراوە و هاوتەریب نەبوە لەگەڵ بەڕەوپێشچونەوەکانی جیهان و رێژوەی توندتیژیی بەرامبەر ژنان لە زیادبوندان،ئاماژەیان بەوەکرد، ساڵانە لە هەشتی مارسدا لە سەرجەم ئاستەکانی حکومی و حیزبی ئەو یادە دەکرێتەوە و بەڵێنی دەستەبەرکردنی زیاتری مافەکانی ژنان دەدرێت، بەڵام تەنها لەو رۆژەدا گرنگی پێدەدرێت دواتر پشتگوێ دەخرێت، هێشتا ژنان وەک پێویست لە ناوەندی بڕیاری سیاسی و حکومی ئامادەییان نییە.

دەقى یاداشتەکە:

یاداشتنامە 
بەرز و پیرۆزبێت ڕۆژی هەشتی مارس ڕۆژی ژنانی جیهان ئەمڕۆ 8 ی مارس ژنانی کوردستان وەک سەرجەم ژنانی جیهان یادی ئەم ڕۆژە ئەکەنەوە و بە شانازیەوە ئەو دەستکەوتانە بە بیر ئەهێننەوە کە لە دوو سەدەی ڕابردودا بە دەستیان هێناوە و ئەیکەنە ڕۆژێک وەک ڕەمزی خەبات کردن و کۆڵنەدان بۆ بەدیهێنانی سەرجەم مافەکانیان سەرەتا لە شاری نێۆرک و لە ساڵی 1857 ەوە تا ئەمڕۆ خۆپیشاندان و مانگرتن و خەباتی ژنان بەردەوام بووە و نەوەستاون ، هەشتی مارسی ساڵی 1908 ژنانی زۆربەی شارەکانی ئەمریکا و بەتایبەتی ژنانی کارگەکانی ڕستن و چنین بە بەرزکردنەوەی دروشمی نان و گوڵ دەستیان کرد بە خۆپیشاندان بەمەستی یەکسانکردنی کرێکانیان لەگەڵ پیاوان و دابین کردنی کەشێکی لەبار و مرۆڤانە لە شوێنی کارەکانیان هەرچەندە خۆپیشاندانەکان بە زەبری پۆلیس دامرکێنرانەوە بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ 8 ی مارس ڕۆژێکی پرشنگدارە لە مێژووی خەباتی ژنان لە هەموو جیهاندا ، ژنانی کوردستان هاوشان لەگەڵ ژنانی جیهان بەردەوام لە خەباتدا بوون بۆ بەدیهێنانی سەرزەمینێک کە بە تاڵ بێت لە توند و تیژی دژ بە ژنان سەرزەمینێک کە ئاشتی بەرقەراربێت و تەواوی مرۆڤەکان بە ژن و پیاوەوە بینای کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەختەوەر بکەن خەباتی ژنان بەردەوام بووە لە پێناو یەکسانی ژن و پیاو لە هەموو بوارەکاندا ، یەکسانی لە ڕەخساندنی هەلی کار و هەلی خوێندن و هەلی بەشداری کردن لە ناوەندەکانی بڕیارداندا ، خەبات کردن لە پێناوی ئەوەی جیاوازیەکانمان نەبنە مایەی نایەکسانی.

 

لە 8 ی مارسدا بیری دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی ئەخەینەوە کە لە ماوەی 28 ساڵی ڕابردودا نەتوانراوە وەک پێویست خزمەت بە پرسی ژنان بکرێت لەگەڵ ئەو بەرەو پێشچوونەی بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا هاتووە لە جیهان و ناوچەکەدا ، مەخابن ڕێژەی توند و تیژیەکان و قوربانیدانی ژنان لە زیادبوندان لەگەڵ ئەوەی هەموو ساڵێک لە هەموو ئاستەکانی دەسەڵاتی حکومی و حیزبی ئەم یادە ئەکرێتەوە بەڵێنی گەورە و پێشکەوتنخوازانە دەدرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژنان و بەشداری کارای ژنان لە هەموو بوارەکاندا ، بەڵام تەنیا لەو ڕۆژەدا گرنگی پێدەدرێت و پاش ئەو ڕۆژە پشتگوێ دەخرێن تا ئێستا وەک پێویست ژنان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا ئامادەییان نیە ، لەبەر ڕۆشنایی ئەم دۆخە خراپەی ژنان ئێمەی ژنان لە بزووتنەوەی گۆڕان لە خەباتمان بەردەوام دەبین تاوەکو سەرجەم مافەکانی ژنان فەراهەم دەبن لە ئەنجامدا کۆمەڵگایەکی ئازاد بێتەدی کە تیایدا سەرجەم تاکەکانی بە یەکسانی بژین ، ئێمە خەباتمان بەردەوام دەبێت و لەسەر چەند تەوەرێک کە بەتەریب کار لەسەر هەموویان دەکەین. 

تەوەر یەکەم :کاردەکەین لە پێناو ڕەخساندنی هەلی کار بۆژنان تاوەکو ببنە خاوەنی ئابوری سەربەخۆی خۆیان ، کار دەکەین بۆ دابین کردنی موچەی کابانی ماڵ ، کار دەکەین بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان و پیاوانی کوردستان کە چۆن شان بە شانی یەکتری خێزان و کۆمەڵگایەکی یەکسان و بەختەوەر بونیادبنێن هەردوو ڕەگەز ببن بە تەواوکەری یەکتری.

 تەوەری دووم: کار دەکەین لەسەر پارلەمانی کوردستان بەوەی یاسای نوێ دەربکرێت کەلە بەرژەوەندی دابینکردنی یەکسانی بێت بۆ ژنان و هەموو ئەو کۆت و بەندانە لا ببرێت کە بوونەتە هۆکاری ئەوەی ژنان نەیانتوانیوە وەک پێویست بەشداری بکەن لە ناوەندەکانی بڕیارداندا ، بەردەوام دەبین لە فشارەکانمان بۆ سەر پارلەمانی کوردستان بۆ دەرکردنی یاسایەکی گونجاو و تایبەت بۆ دابینکردنی مووچەی کابانی ماڵ بەردەوام دەبین لە پێش کەش کردنی پڕۆژە یاسا بۆ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانەی لە خزمەتی ژناندا نین و بونەتە مایەی نایەکسانی و نادادپەروەری وەک یاساکانی باری کەسێتی و یاسای سزادانی عێراقی.

 تەوەری سێهەم : کاردەکەین بە فشارخستنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆتایی هێنان بە دیاردەی توند و تیژی بە رامبەر بە ژنان لە ڕێگای دام و دەزگا و وەزارەتەکانیەوە و ڕێگا بگیرێت بکوژی ژنان لە ناو حیزبەکاندا داڵدە بدرێن و دەستی یاسا نەیانگاتێ ، لە ژێر هیچ پاساوێکدا نابێت تاوانبار بە توندو تیژی بەر لێبوردن و لێخۆش بوون بکەون. 

لە هەشتی مارسی ئەمساڵدا داوا دەکەین ، پارلەمانی کوردستان چەند یاسایەکی نوێ لە بەرژەوەندی ژنان پەسەندبکات ، کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە لانی کەمی ڕێژەی لە سەدا سی ژنان بەژداربکات لە ناوەندەکانی بریاردان و سەرۆکایەتی و بەڕێوەبردنی دەزگا و فەرمانگەکانی حوکمەتدا‌‌. ئەنجومەنی دادوەری ڕێ و شوێنی گونجاو بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی تەواوی یاساکان و بەتایبەتی یاسای ژمارە ‌۸ی ساڵی ۲۰۱۱ یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی. 
وێنەیەک بۆ :
پەرلەمانی کوردستان 
ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان 
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران
 کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ

 ژنانی بزوتنەوەی گۆڕان
  ٨/٣/٢٠١٩

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن