502 کوردستان

پەیامى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بەبۆنەى ٨ى مارسەوە

10:34 - 08/03/2019

زەمەن پرێس:

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان راگەیەنراوێکى لە یادى ٨ى مارسدا بڵاوکردوەتەوەو تیایدا رایگەیاندوە، ئەرکی هەموو کەس و گرووپ و لایەنێکی کوردستانییە، بەتایبەتیش دەستەبژێران، پشتیوانی لە پرسی یەکسانی و چەسپاندنی بنەماکانی بکەن لەپێناو ژیانێکی پڕ بەهای جوانی مرۆڤدۆستانە و کۆمەڵگه‌یەکی لێبووردەی یەکسانیخواز و ئاییندەیەکی گەشدا.

 

راگەیەنراوەکەدا کەوێنەیەکى بۆ دیجیتاڵ میدیاى زەمەن نێردراوەو تیایدا هاتووە"مایەی شانازییە کە ئافرەتانی کوردستان هەمیشە بەشدارییەکی کاریگەریان لە بوارە جیاکانی خەبات و تێکۆشاندا هەبووە. خانمان هەمیشە قوربانیى سەرەکیی توندوتیژی، لە سەرووى هەمووشیانەوە توندوتیژییەکانی جەنگ و ئەو کارەساتانه‌ بوون كه‌ بەسەر گەلەکەماندا هاتوون، هەر لە ئەنفال و کیمیابارانەوە تا شاڵاوی نامرۆڤانەی تیرۆریستانی داعش دەرهەق بە خانمانی ئێزدیمان لە شه‌نگال، بەڵام هیچ ڕووداوێکی کارەساتهێن نەیتوانیوە لە شکۆی ئافرەتی کوردستانی و ورەیان بۆ ژیان، خه‌بات و سەرفرازی، کەم بکاتەوە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە بە پەرۆشەوە، وەك پرەنسیپێكی چەسپیوی مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی لە كەیسی یەكسانی و مافی ئافرەتانی ڕوانیوە. وێڕای هەبوونی  دەستە و دامەزراوەی حكوومیی تایبەت بە ئافرەتان و داكۆكیكار لە مافەكانیان، دۆخێكی لەباریش ڕەخسێنراوە بۆ کار و تێكۆشانی ڕێكخراوە ناحکومییە تایبەتمەندەکانی بواری ژنان و مافەكانیان.

هەر لە راگەیەنراوەکەدا ئەنجومەنى وەزیران باسى لەوەشکردوە، ژنان ڕۆڵێكى سه‌ره‌كییان له‌ كه‌رتى په‌روه‌رده‌وه‌ و پێگه‌یاندنى ڕۆڵه‌كانى ئه‌مڕۆ و داهاتووى گه‌له‌كه‌ماندا هه‌یه‌ و ساڵ به‌ساڵ ڕۆڵیان له‌م كه‌رته‌ گرنگه‌دا زیاد ده‌بێت، جەختیشکراوەتەوە بەرزبوونەوەی ڕێژەی خانمانی پەرلەمانتار و خاوەن پۆستە باڵا و گرنگەکان لە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستاندا، ئاماژەیەکی گرنگی بەهێزبوونی بنەماکانی یەکسانییە، ئامادەبوونی ئافرەتی کوردستانی لە بواری سەرمایەگوزاری و کەرتی تایبەتدا.

 

هاوکات ئەنجەمەنى وەزیران باسى لەوەشکردوە کە ئەو ئامادەبوونە هەنگاوێکی دیکەی گرنگە بۆ بەشداربوونیان لە کۆمەڵگادا و دەبێ هەوڵەکانیان لەم بوارەدا پشتیوانیی جددی لێ بکرێت و زیاتر پەرەی پێبدرێت.

لەکۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم رونیکردوەتەوە، ئەرکی هەموو کەس و گرووپ و لایەنێکی کوردستانییە، بەتایبەتیش دەستەبژێران، پشتیوانی لە پرسی یەکسانی و چەسپاندنی بنەماکانی بکەن لەپێناو ژیانێکی پڕ بەهای جوانی مرۆڤدۆستانە و کۆمەڵگه‌یەکی لێبووردەی یەکسانیخواز و ئاییندەیەکی گەشدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن