415 کوردستان

بەشێک لە زیندانیانى سیاسی لە وەرگرتنى مینحە بەردەوام دەبن

06:51 - 29/11/2020

  "زەمەن" 

 

ئەو زیندانە سیاسیانەى موچەى تریان نیەو ماوەى یاسایى پێدانى مینحەکانیان تەواوبووە، دوای پێداچوونەوە بە لیستى ناوەکانیاندا مینحەیان بۆ دەگەڕێتەوە.

 

ژیان تاھر جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانى کوردستان راگەیاند، "مینحەی ئەو زیندانییە سیاسییانە راگیراوە، کە ماوەی 10 ساڵە سوودمەندن لە مینحەی حکوومەت و بەگوێرەی یاسا کاتەکەیان کۆتایی ھاتووە، بەڵام لەو پێنج ھەزار زیندانییە سیاسییە زیاتر لە ھەزار زیندانی ھیچ مووچەیەک لە حکوومەت وەرناگرن".

 

جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و زیندانییانی سیاسی وتیشى، "مینحە بۆ ئەو زیندانییانە دەگەڕێتەوە کە مووچە وەرناگرن و لیژنەیەکی باڵایش بۆ پێداچوونەوە لە لیستی زیندانییان پێک ھاتووە".

 

دەشڵێت، "بۆ گەرانەوەى مینحەکانیان چاوەڕێی فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانین تا بڕیار لەسەر خەرجکردنی مینحەی ئەو زیندانییانە بدات و بڕیارە ھەر زیندانییەکی سیاسی بێمووچە بێت مینحەی زیندانیی سیاسیی بۆ خەرج بکرێت و سوودمەند بێت لەو مینحەیە".

 

سەبارەت بەو زیندان سیاسیانەى ماوەى یاساى 10 ساڵە مینحە وەردەگرن و موچەی تریان هەیە وتى" ئەوانەی ماوەیان تەواو بووە و مووچەیان ھەیە نایانگرێتەوە".

 

زیاتر لە 10 ساڵە پێنج هەزار زیندانى سیاسی مینحە لە حکومەتى هەرێم وەردەگرن، لە ئێستادا زیاتر لە 17 هەزار زیندانى سیاسی تر ناوەکیان ئامادەیە بۆئەوەى مینحەیان پێبدرێت، بەڵام تائێستا مینحەیان بۆ نەبڕواتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن