عیراق

بەتۆمەتی هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران، سزای نۆ ساڵ بەندکردن بۆ به‌رپرسێك ده‌رچوو

12:07 - 26/11/2020 99 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

دادگایەکی عێراق بەتۆمەتی هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران، سزای نۆ ساڵ بەندکردنی بۆ حسێن بدیری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، دەرکرد.

 
حەسەن جابری ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی عێراق، رایگه‌یاند: بەتۆمەتی هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران لە ساڵی رابردوودا، دادگای شامییە لە دیوانییە باشووری عێراق سزای نۆ ساڵ بەندکردنی بۆ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حوسێن بدێری دەرکرد.

 

جابری روونیکردەوە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، دادگا بەهەمان تۆمەت فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بدێری دەرکردبوو، بەڵام ناوبراو خۆی شوێن بزرکردووە و ئامادەنەبووە بچێتە بەردەم دادگا.

 

تاوەکو ئێستا بدێری هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی بڕیارەکەی دادگا نەداوە چونکە ناوبراو شوێن بزرە و لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە ناتوانرێت پەیوەندی پێوەبکرێت، هاوکات پارێزەرەکانی هیچ قسەیەکیان لەسەر بڕیارەکەی دادگا نەکردووە.

 

دەسەڵاتدارانی عێراق دەڵێن، حسێن بدێری لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا لەگەڵ پاسەوانەکانی هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران لە ناوەڕاستی پارێزگای دیوانییە.

 

لە میانی ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ئەنجامدرابوون و بەھۆیانەوە حکومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەھدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا، ٥٦٥ کەس لە خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان کوژران.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement