کەلتور

ڕۆمانی غەریب

09:59 - 25/11/2020 129 جار خوێندراوەتەوە

شتێفان هێرتمانس

لە ئەڵمانییەوە: عەبدولغەنی کاکۆ

 

‎ئەم ڕۆمانە باس لە هەڵوێستە گەورەكانی مرۆڤ دەكات. ئەو هەڵوێستانەی كە مرۆڤ دەخەنە بەردەم تاقیكردنەوە سەختەكانی ژیان و بڕیاری چارەنوسساز بۆ ئامادەبوون یان نەبوون بۆ سەركێشی و قوربانیدان. نووسەری بەلجیكی (هێرتمانس) كە بە زمانی هۆڵەندی دەنووسێ لەم ڕۆمانەیدا (كە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئەڵمانی) دەمانباتەوە بۆ سەدەی یازدەی زایینی، دەمانباتە گوندێکی وڵاتی فەڕەنسا. باسی خۆشەویستیی كچی خانەوادەیەكی دەوڵەمەندی كریستیانیمان بۆ دەكات كە ناوی (ڤیگدیس)ە. ڤیگدیس لەگەڵ كوڕی هاخامێكی جوولەكە كە هەردووانیان لەو دێیەدا دەژین دەكەونە ناو پەیوەندییەكی قووڵی ئەویندارییەوە. بەڵام لە بەختی خراپی ئەواندا ڕەوشی ژیان بەرەو نەهامەتییەكی سەخت دەڕوات. چونكە هەڵمەتی شەڕی خاچگەرایی لە ئەوڕووپا دەست پێ دەكات و شەڕەكە باڵ بەسەر هەموو شوێنێكدا دەكێشێ، سەرئەنجام شەڕەكە ڕوو لەو گوندەش دەكا، لەناو ئەو هەڵمەتی کوشتارو ڕاوەدوونانە خوێناوییانەدا ماڵە جوولەکەکانی ئەو گوندەش دەکەونە بەر شاڵاوی خاچگەراكان. لەكاتێكدا بەرژەوەندیخوازانی ئەو شەڕە سەرو ماڵی جوولەكەكان بۆ كریستیانەكان حەڵاڵ دەكەن و دەبێ هەركەسێكی كریستیانی قێز لە مرۆڤە جوولەكەكان بكاتەوە، ئا لەو كاتەدا ڤیگدیس گیرۆدەی عەشقێكی قووڵ بووە لەگەڵ ئەو كوڕە، دەكەوێتە بەر دەم بژاردەیەكی قوڕس كە ڕەنگە بە نرخی ژیانی تەواو ببێ. ئەو بەپێی پێكهاتەی خانەوادەكەی لە بەرە بەهێزەكەدایە، كوڕە لاوەكەش لە بەرە لاوازەكەی تر دایە، كە كەوتوونەتە بەر هێرش و هەڵمەتێكی بێ ئامان.

 

ئیتر کە ماڵە جوولەکەکان ناچار دەبن ڕابكەن و گوندەکە جێبهێڵن و پەرش و بڵاو ببنەوە، ئەو کچە کریستیانییە كوڕەكە بەو چەشنە لەناو ئەو بەدبەختی و لێقەوماوییەدا بەجێ ناهێڵێ، بەڵكو لەپێناو عەشقەكەی خۆیدا ئەو گیانبازییە دەكات: ماڵ و خێزانەکەی خۆی بەجێدەهێڵێ و چارەنووسی خۆی پابەند دەکات بە چارەنووسی کوڕەكەو ە، لەكاتێكدا دەشزانێ ئەگەر لەهەر ساتێكدا ئاشكرا ببێ بە مەرگ سزا دەدرێ، دەشزانێ ڕەنگە ژیانی لەناو كۆمەڵگەیەكی ڕاوەدوونراودا دەیخاتە بەردەم مەترسی تۆڵە لێ سەندنەوەی لەناو ئەو كۆمەڵگایەشدا. ڕۆمانەکە وێنای ئەو کچە دەکات کە لەناو سەختی چەندین غوربەتدا دەژی، غوربەتیی بەجێهێشتنی خانەوادەکەی، غوربەتیی ئاوارەو دەربەدەربوونی لە گوندەکەی خۆیان، غوربەتیی ژیانی لەناو خێزانێکی پابەند بە ئایینێکی جیاواز و دابونەریتێکی تایبەت، غوربەتیی ژیانی لەناو ڕەوشێكی مەترسیدار. بەڵام لەلایەکیدی بەختەوەرە کە دونیایەکی تر باوەشی بۆ کردۆتەوە: دونیای خۆشەویستی. ئەو دونیایەی کە سەرەڕای سەختییەکەی بەڵام بە ئازادی خۆی هەڵیبژاردووە. ڤێگدیس بەختەوەرە بەوەی كە نەیهێشت شەڕو ململانێی مەزهەبی لە خۆشەویستەکەی دایببڕێنێ. دیارە ئەو هەڵوێستە دەگمەنانە لە مێژوودا هەڵوێستی ناوازەو گەورەن. بۆیە کارەکتەرەکانی وەک کەسانی نموونەیی لەناو مێژوودا دەمێننەوە.

‎ئەم ڕۆمانە بابەتێکی زۆر گرنگی ناو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەڵبژاردووە، ئەویش ئەوەیە کە خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان لەسەرووی هەموو ڕێگرییە ئایدیۆلۆژی و مەزهەبی و ئاینییەکانەوەیە. بەڵام کێن ئەوانەی لە پێناوی خۆشەویستی و هەستی پاکی ئەویندارییدا دەتوانن خۆیان لەژێر هەژموونی ئەو تەگەرەو پاڵەپەستۆیانە ڕزگار بکەن؟ بێگومان دەبێ ئەوانە بەتەواوەتی خاوەنی خودو کەسایەتی خۆیان بن، دەبێ ئامادەی قوربانیدان بن. دیارە ئەو هەڵوێستانە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا هێندە کەمن کە هەمیشە وەک هەڵوێستی نەمر ماونەتەوە.

‎جێگەی سەرنجە نووسەر ئەم ڕۆمانەی لەسەر بناغەی ڕووداوێكی ڕاستەقینەی مێژووییەوە بونیات ناوە بۆئەوەی جەخت لەسەر ڕاستییەک بکاتەوە کە پێشتریش تۆماس مان نووسەری ئەڵمانی لە ڕۆمانی (یوسف و براکانی) دا جەختی لەسەر کردۆتەوە ئەویش ئەوەیە کە لە هەموو شوێن و هەموو ساتێکدا مرۆڤ دەتوانێ ببێتە خاوەن هەڵوێستێک کە بە نەمری بمێنێتەوە. لێرەدا شتێک بۆ ئێمە گرنگە لێی ڕابمێنین: لەو سەردەمە ئاخۆ چەند سەرکردەی سوپایی گەورە بەشداری ئەو هەڵمەت و پەلامارە گەورانەیان کردبێ، بەڵام ئەوە جێگەی پرسیارە بۆچی ئەو سوپاسالارانە هیچیان ناویان لە بیرەوەری خەڵک دا نەماونەتەوەو هەموویان ناویان ون بووە یان ئەگەر ناویان. مابێ بە ساردو سڕی و قێزەوە ناویان دەهێنرێت، کەچی ناوی کچێکی وا نەوە لەدوای نەوە لەناو سەرگوزشتەکاندا ماوەتەوە؟ ئاخۆ ئەوەش جەخت لەسەر ئەوە ناکاتەوە کە هەڵوێستە بوێرو مرۆڤایەتییەکان هەمیشە دەبنە سەر مەشق و نموونەی جوانیی لە مێژوودا؟ لەبەرامبەردا هەموو ڕەفتارو بزاڤە قێزەونەکانی شەڕو کوشتار و ماڵوێرانی لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی و زاڵکردنی دەسەڵات تەنیا وەک شتی قێزەون لەمێژوودا دەمێننەوە کە هەمیشە دەکەونە بەر نەفرەتی ویژدان و هەستی مرۆڤایەتی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement