بایدن دووبارە ویلایەتی جۆرجیای بردەوە
01:40 - 20/11/2020
"زەمەن"
دوای ئەوەی دەنگەکانی ویلایەتی جۆرجیا دووبارە هەژمار کرانەوە، جۆ بایدن کاندیدی پارتی دیموکرات، جارێکی دیکە سەرکەوتنی بەدەستهێنایەوە.
براد رافیتسپەرگەر سکرتێری ویلایەتەکە، لە دوای کۆتاییهاتنی هەژمارکردنەوەی نزیکەی پێنج ملیۆن دەنگ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە دوای دووبارە هەژمار کردنەوەی دەنگەکان، جۆ بایدن بە جیاوازی ١٢ هەزار و ٢٨٤ دەنگ پێش دۆناڵد ترەمپ کاندیدی پارتی کۆماریی، کەوتووە.
بەراورد بە جیاکردنەوەی یەکەمی دەنگەکان، دەنگەکانی جۆ بایدن بە رێژەیەکی کەم دابەزیون، چاوەڕێش دەکرێت سبەی ئەنجامی دەنگەکانی ویلایەتەکە پەسەند بکرێت.
لە لایەکی دیکەشەوە لە ناوچەکانی فلۆید، فەیت، واڵتەن و دۆگلاس چەند سندوقێک دەرکەوتون کە دەنگەکانیان جیانەکراوەتەوە، بەڵام پێناچێت ئەو دەنگانە جیاوازییەکی ئەوتۆ لەسەر ئەنجامەکان دروست بکەن کە لە فلۆید، فەیت و واڵتەن، دۆناڵد ترەمپ و لە دۆگلاس، جۆ بایدن براوە بوون.
ویلایەتی جۆرجیا خاوەنی ١٦ کورسی نوێنەرایەتییە، لە یەکەمین جیاکردنەوەی دەنگەکاندا، بایدن سەدا ٤٩،٥٢ دەنگەکان و ترەمپ سەدا ٤٩،٢٣ی دەنگەکانی بەدەستهێنا لەبەر ئەوەی جیاوازی دەنگەکانی نێوان هەردوو کاندید کەمتر لە سەدا ٠،٥ بوو دووبارە دەنگەکان هەژمار کرانەوە.