سێ پەرلەمانتاری گۆڕان: لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا شەرعیەت بە لێبڕینی موچە دەدرێت
08:22 - 26/10/2020
"زەمەن"
سێ پەرلەمانتاری گۆڕان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێن، بەشداری لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا ناکەن و لەو
دانیشتنەدا شەرعیەت بە لێبڕینی موچە دەدرێت.
لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا، هەریەک لە عەلی حەمەساڵح،
شیرین ئەمین و شایان عەسکەری، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی گۆڕان، ئاماژەیان
بەوەکردووە، "ھەرچەندە بزوتنەوەی گۆڕان بەشدارە لە حکومەت، بەڵام ئێمە پێمانوابوو
بە واژوکردنی پرساندنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی، ھەوڵێک دەدەین بۆ
نەھێشتنی لێبڕینی موچەو دوانەخستنی زیاتری موچە."
دەشڵێن، "بەو بەڵگە و زانیارییانەی لە دۆسیەی
نەوت و خاڵە سنوریەکان و باج کۆمانکردوەتەوە پرسی داواخستنی موچە چارە دەبوو، دەمانویست
بیخەینە بەردەست سەرۆکایەتی حکومەت و بڵێین: بۆ ئەم چاکسازیانە نەکرا."
ئاماژەیان بەوەشکردووە، "بەداخەوە، لە بری
ئامادەبونی بەرپرسانی حکومەت، سێ ڕاپۆرت نوسراوە بۆ پەرلەمان و ڕاپۆرتەکان دەخوێندرێتەوەو
دەخرێتە دەنگدانەوەو زۆرینەش بۆ ئەو وەڵامانە مسۆگەر کراوە، ئەم کارەش لەبری ڕاگرتنی
لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بەدەنگدان بە ڕاپۆرتەکانی حکومەت شەرعیەت دەدات بە لێبڕینی
موچە."
ئەو سێ پەرلەمانتارەی گۆڕان دەڵێن، ئێمە لەبەر
چەند ھۆکارێک شەرعیەت نادەین بە پرۆسەکە و بەشدار نابین:
١- دەبوو سەرۆکایەتی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری
دارایی ئامادەبن، ناردنی ڕاپۆرت و خستنە دەنگدانی ناپێڕەویە.
٢-بە دەنگی زۆرینە ڕاپۆرتەکانی حکومەت پەسەند دەکرێت، ئەم ڕاپۆرتانەش
باس لەوەدەکات لە ناچاریدا موچە بڕدراوە، واتە: بەدەنگدان شەرعیەت دەدرێت بەم لێبڕینە.
لە کۆتایی
راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ دژایەتی گەندەڵی و
نادادی و بەرگری لەمافی موچەخۆران دەیکەین"
بڕیارە سبەینێ سێشەممە، پەرلەمانى کوردستان کۆببێتەوە
و بەپێى بەرنامەى کارى کۆبوونەوە، خوێندنەوەى یەکەم بۆ چەند پێشنیازەیاسایەک دەکات.
هاوکات، گفتوگۆی پرساندن و وهڵامهكانی سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرى دارایى
دەکرێت.