سبەینێ مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی بۆ وەرگرتنی زەوی گرددەبنەوە
04:30 - 18/10/2020
"زەمەن"
بڕیارە سبەینێ بەشێک لە مامۆستایانى زانکۆى سلێمانى کە سودمەند نەبوون لە
وەرگرتنى زەوى گردببنەوە بۆ ئەوەى"داواى مافى خۆیان بکەن کە زەوییەکانیان
دراوە بە کۆمپانیاى دایک".
لە یاداشتێکدا، نوێنەرایەتى مامۆستایانى ناسودمەند دەڵێن، پاش ئەو
ماندوبوونەى چەند ساڵە کێشاومانە بۆ بەدەستهێنانى زەوى، وەک مافى خۆمان لەسەر
موڵکى زانکۆکەمان، لە ئێستادا کێشەیەک رووبەڕوومان بوەتەوە کە پێیان راگەیاندوین
زانکۆ زەوى نەماوە و دراوە بە کۆمپانیا.
ئەو مامۆستایانە کە ژمارەیان ٤٧١ مامۆستایە لە یاداشتێکدا کە ئاڕاستەى
سەرۆکى زانکۆ و ئەنجومەنى زانکۆى سلێمانیان کردووە، دەڵێن، لە پڕۆژەى هەوارى
فەرمانبەران کە پێکهاتبوو لە هەزار و ٢٠٠ یەکە بە بیانوى ئەوەى لەو کاتەدا خوێندکارى
ماستەر بووین بێبەشکراین، لە کاتێکدا زۆرێک لە خوێندکارەکانى خۆمان سودمەندبوون و
دواتریش بێبەشکراین لە ٧٠٠ یەکەى مامۆستایان بەبیانوى ئەوەى مامۆستا نین و ناوناوى
زانستیمان نییە.
هاوکات ئاشکراشیانکردووە، ئەو زەوییانەى کە بڕیار بوو بیدەن بە مامۆستایانى
ناسودمەند، بە نوسراوى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران، دراون بە کۆمپانیاى دایک بەبێ
ئاگادارى سەرۆکایەتى و ئەنجومەنى زانکۆ.
ئەنجومەنى مامۆستایانى ناسودمەند داوا لە مامۆستایان دەکات سەبەینێ دووشەممە،
کاتژمێر ٩:٣٠ لەبەردەم کافتریاى ناوەندى لە کەمپى نوێى زانکۆى سلێمانى ئامادەبن و
داواى ئەو مافەى خۆیان بکەن.
