كاروان رەزا: كەس سكاڵای لەسەر خراپی هێڵەكانی ئینتەرنێت نەكردووە
02:28 - 07/10/2020
"زەمەن"
بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، هیچ كەسێك سكاڵای لەسەر خراپی كوالێتی هێلەكانی ئینتەرنێت تۆمار نەكردووە ئەگەر سكاڵایەك هەبێت بەدوادچوونی بۆ دەكەین.
كاروان رەزا ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، "تا ئێستا هیچ سكاڵایەك نەهاتووەتە لای ئێمە، لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ، جەنابی وەزیر ژمارەیەكی بڵاوكردەوە بۆ سكاڵاكردن، بەڵام كاتێك هاووڵاتییان سكاڵا نەكەن، ئێمە چ بەدواداچوونێك بكەین، چونكە دەبێت شوێن و ناوی كۆمپانیاكە بزانین".
لەبارەی ژمارەی بەكارهێنەرانی هێڵی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن وتی: "دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار كەس بەكارهێنەری ئینتەرنێتن، چونكە هەموو هاووڵاتییەك مۆبایلی پێیە و هەموو منداڵێك مۆبایلێكی بۆ كڕدراوە و بەگشتی دەتوانین بڵێین سەدا ٥٠ بۆ ٥٥ی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەكارهێنەری ئینتەرنێتن".
لە هەرێمی كوردستان ٤٥ كۆمپانیای ئینتەرنێت سیستەمی وای فای-یان هەیە و ژمارەیەك لەوانە لە ناوچەیەكی دیاریكراودا كار دەكەن، هەروەها بۆ سیستەمی ئێڵ تی لە هەرێمی كوردستان چوار كۆمپانیا كار دەكات كە دوو لەوانە لە سەرتاسەری هەرێم كار دەكەن كە بریتیین لە نەورۆز و فاستلینك، دووانیشیان كە تیشك نێت لە سلێمانی و هەولێرن، گۆڕان نێت تەنها لە سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان و ئەو ناوچانە كارایە، هەروەها فایبەر تو هۆم لە هەولێر و دهۆك كۆمپانیای نۆرتێلە، لەناو شاری سلێمانی-یش كۆمپانیای كوردتێلە، لە قەزا و ناحیەكانیش كۆمپانیای ئۆپت ئای كیو كار دەكات، بەڵام ماوەیەكە هاووڵاتییان رەخنە لە كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دەگرن بەهۆی خراپی كوالێتی هێڵەكانەوە.