867 کوردستان

جێگری سەرۆكی هەرێم و کونسوڵی چیک بایەخی بەدامەزراوەیکردنی پێشمەرگە و داهاتی هەرێمیان تاوتوێکرد

08:26 - 21/09/2020

"زەمەن"

 

جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە كۆماری چیك دەكات هاوكاری هەرێمی كوردستان بن بۆ گەشەسەندنی سێكتەرەكانی پیشەسازی و ئابوری و كشتوكاڵ و خوێندن و پەروەردە و تەندروستی و دروستكردنی بەنداوی بچووك، پارێزگای هەڵەبجەش وەك پارێزگایەكی نوێ بخەنە بەرنامەی پڕۆژە و هاوكارییەكانیان. 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم لە دیوانی سەرۆكایەتی هه‌رێم، پێشوازی لە میخال سڤۆبۆدا كونسوڵی گشتی كۆماری چیك كردو پرسی یەكخشتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەو بەردەوامیدان بە هاوكارییەكانی كۆماری چیك بۆ هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەر كرا.

 

لە كۆبونەوەكەدا مستەفا سەید قادر تیشكی خستە سەر پرۆسەی چاكسازی بە گشتی لە هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە هێزێكی دامەزراوەییدا  لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و دەستپێشخەرییەكان بۆ فراوانكردن و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، بە جۆرێك كە نەوت و گاز تەنیا سەرچاوەی دابینكردنی پێداویستییەكانی هەرێم نەبێت، هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە فرە داهاتی و هەمەجۆریی پرۆژەی ئابوری بۆ هەرێمی كوردستان گرنگییەكی ستراتیژی خۆی هەیە، بە تایبەتی كە هەرێم ئەو توانا و سەرماییە مرۆییانەی تێدایە كە لە ئاییندەدا ببێتە خاوەنی ژێرخانێكی ئابووری پەرەسەندوو. 

 

لە بەرامبەردا میخال سڤۆبۆدا، ئامادەیی وڵاتەكەی پیشاندا بۆ هاوكاریكردن و پێشكەشكردنی راوێژ لەو بوارانەدا لە پێناو فراوانكردنی  پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و هێنانەكایەی پلانی هەمە چەشنەیی ئابووری و بوژانەوەی سەكتەرە جیاوازەكانی ئابووری لە هەرێمی كوردستان. 

 

كونسوڵی گشتی كۆماری چیك ئەوەشی راگەیاند، "كە چەندین پڕۆژە لە سێكتەرەكانی تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و ئاوەدانكردنەوە و كۆمەكی ئاوارەكان لە هەر سێ پارێزگاكانی هەرێم لەلایەن حكومەتی چیكەوە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە ئەنجامدراوە و بەردەوام دەبن لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لەو بوارانەدا".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن