ئەنجومەنی نوێی پارێزگای كەركوك لە (13) ئەندام پێكدێت
07:17 - 15/02/2019
زەمەن پرێس: بەهادین یوسف
دوای (14) ساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەنجامدەدرێت و ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنەكەش بۆ یەك لەسەر سێ كەمدەبێتەوەو بەدووریش دەزانرێت هاوشێوەی پێشوو لیستێك بتوانێت زۆرینەی دەنگ و كورسییەكان بەدەستبهێنێت.
بەپێی پێشنیازێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رۆژی (16/11/2019) بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و لەناویاندا كەركوك پێشنیازكراوە، كۆمسیۆنیش چاوەڕوانی بڕیاری حكومەتی عێراق و هەمواركردنەوەی یاساكەیە لەلایەن پەرلەمانەوە بۆئەوەی بە فەرمی كاتی هەڵبژاردنەكە جێگیر بكرێت و دەست بە ئامادەكارییەكان بكرێت.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە بۆ یەكەمجار لە (30)ی كانونی یەكەمی (2005) هەڵبژێردراو پێكهاتووە لە (41) ئەندام كە (26)یان لە لیستی برایەتی كەركوكن (زۆرینە كورد)و (6)ئەندامی عەرەب و (9) ئەندامی توركمان پێكهاتووە، بەڵام لە هەردوو هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ساڵانی (2009) و (2013)دا هەڵبژاردن لەو پارێزگایە ئەنجامنەدرا، ئەوەش بەهۆی ناكۆكییە سیاسی و نەتەوەییەكانەوە، بڕیارە لە هەڵبژاردنی چوارەمی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بەشداریی بكات، ئەمجارەش بەشێوەیەكی مەرجدار.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق ژمارە (12)ی ساڵی (2018)، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەمەرج.
مادەی (35)ی یاساكە چەند مەرجێكی بۆ هەڵبژاردنەكە داناوە، لەوانە: وردبینی تۆماری دەنگدەران پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكەو دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای كەركوك بەسەر پێكهاتەكانی شارەكەدا، بۆ دەستەبەركردنی نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك، هەروەها ئەو ئەنجامانەش هیچ كاریگەرییەكەی نابێت لەسەر دیاریكردنی ئایندەو چارەنووسی كەركوك، لەگەڵ دیاریكردنی یەك كورسی بۆ كۆتای مەسیحیەكان.
ئاوات محەمەد ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ (زەمەن)ی ئاشكراكرد: دەبێت پێش كۆتایی ئەم مانگە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان هەموار بكرێتەوەو حكومەت وادەكە پەسەند بكات و بودجەی پێویستی بۆ دابنێت ئەوكاتە هەڵبژاردن دەكرێت.
وتیشی: "بەپێی ئەو مەرجانەی بۆ هەڵبژاردنی كەركوك دانراوە، ئەگەر پێكهاتەیەكیش (70%)ی دەنگەكانی هەڵبژاردنەكە بباتەوە، ناتوانێت سەرجەم جومگەكانی دەسەڵاتی پارێزگاكە وەربگرێت و دەبێت پێكهاتەكانی دیكەش بەشداریی پێبكات لە پۆستەكاندا".
یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراق و هەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای پۆڵ بریمەر (حاكمی مەدەنی ئەمەریكا لە عێراق 2003) ئەنجامدراو ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی كەركوك بە (41) ئەندام دیاریكرا، بەڵام بەپێی یاسا نوێیەكە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەبێتە (13) ئەندام كە یەكێكیان كورسی كۆتای مەسیحییەكانە.
لەوبارەیەوە ئاوات محەمەد بە (زەمەن)ی وت: "بەپێی یاسا نوێیەكە، هاوتای ژمارەی نوێنەرانی پارێزگاكە، ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەن دیاری دەكرێت بەوپێیەش ئەنجومەنی داهاتووی پارێزگای كەركوك (13) كورسی دەبێت، (12) كورسی گشتی و یەك كورسی كۆتای مەسیحییەكان".
ئاماژەی بەوەكرد، لە ساڵی (2005)ەوە یەك هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كراوە، بەڵام بۆ خولی داهاتوو كە ژمارەی ئەندامەكان كەمبووەتەوە حەوت ئەندام دەكاتە زۆرینە، ئەستەمە هیچ لایەنێك بتوانێت زۆرینە بەدەستبهێنێت و دەبێت بەپێی تەوافوق و رێككەوتن پۆستەكان و شارەكە بەڕێوەببرێت.
ئەندامە كوردەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رایگەیاند: ئەو ئەركانەی لە خولی پێشوو بەسەر (41) ئەندام و (13) لیژنەدا دابەش كرابوو، هەر لیژنەیەك پێنج ئەندام، ئەمجارە بەسەر (13) ئەندامدا دابەش دەبێت، پێویستیەكان وا دەكات ئەركەكانیان چڕ دەكرێتەوە.
ئاوات محەمەد، رایگەیاند: هێشتا (10) مانگ ماوە بۆ ئەو هەڵبژاردنە، نازانیت نەخشەی سیاسی چی بەسەر دێت و ئاڵوگۆڕەكان چی دەبن، ئەم بارودۆخە بەرەو ئاڵۆزترو حراپتر دەڕوات، یان كراوەتر دەبێت و لەیەك نزیكبوونەوەی نێوان پێكهاتەكان و بەتایبەتی كورد دروست دەبێت لەسەر شێوازی بەشداریكردن بە یەك لیست یان، هەر شێوەیەكی دیكە.
سەبارەت بە كێشەكانی ئێستای كەركوك و رەنگدانەوەی لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی كەركوك و هەڵنەبژاردنی پارێزگارێكی نوێ لەسەر پشكی كورد بۆ ئەو پۆستە، ئاوات محەمەد رایگەیاند: كێشەكە پەیوەندی بە پێكهاتەكانی ترەوە نییە، زۆرینەی ئەنجومەن لای لیستی برایەتییە كە (26) كورسی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی هەیە، بەڵام لە ئێستادا ناتوانێت كۆببێتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و یەكلایی كردنەوەی ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە پارێزگاكەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەكرد، لە یەكەم هەڵبژاردندا هەشت حیزب و لایەنی سیاسی لە چوارچێوەی لیستی برایەتی كەركوك ئەندامیان هەبوو، بەڵام ئێستا تەنها ماوەتەوە یەكێتی و پارتی و یەكگرتوو، زۆرینەكەش لای پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەوەش پەیوەندی بە شێوازی دانانی لیستی برایەتی كەركوكەوە هەبوو بۆ یەكەم هەڵبژاردن، بەڵام بۆ خولی داهاتوو ئەستەمە حیزبێك یان لایەنێك، یان لیستێك بتوانێت زۆرینەی رەهای ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ببات و پۆست و دەسەڵاتەكان لای خۆی كۆبكاتەوە.
بەپێی ئەو زانیاری و داتایانەی كە لای (زەمەن)ە، ئێستا پێكهاتەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەپێی پێكهاتەكان و حیزبەكان بەمشێوەیەیە:
- لیستی برایەتی كەركوك (26) ئەندام
پارتی (13) ئەندام، (7) كورد، (3) مەسیحی (2) توركمان، یەك عەرەب
یەكێتی (8) ئەندام، (6) كورد، یەك عەرەب، یەك توركمان
یەكگرتووی ئیسلامی (3) ئەندام
بێ لایەن (2) ئەندامی كورد
- لیستی عەرەبی (6) ئەندام
- لیستی توركمان (9) ئەندام، بەرەی توركمان (6) ئەندام