218 کوردستان

هەواڵێکی ناخۆش لە وەزیری پێشمەرگەوە

12:33 - 30/08/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە،   بە گوێرەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بوو کە بۆ چوار ساڵ بوو و لەمانگی نۆدا وادەکە کۆتایی دێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٣٠ی ئابی ٢٠٢٦، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم،  ئاشکرایکرد، ئێمە لە هەرێمی کوردستان چوار ساڵ پێش ئێستا یاداشتی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ هاوپەیمانان واژۆ کرد. ئەو یاداشتە بۆ چوار ساڵ بوو و لە مانگی نۆدا چوار ساڵەکە تەواو دەبێت. هەموو خاڵەکانی نێو یاداشتەکە وەک خۆیان جێبەجێ کراون".

وەزیری پێشمەرگە وتیشی: "لە چوار ساڵەکەدا پابەندیی تەواو بە یاداشتەکەوە لە لایەن هەردوولاوە هەبوو. یەکێک لە بڕگە سەرەکییەکانی یاداشتەکە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بوو کە بە تەواوی جێبەجێ کراوە و ئێستا هیچ هێزێکی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نییە".

شۆڕش ئیسماعیل باسی لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد و ئاماژەی بەوەدا،  "هێزەکانی پێشمەرگە لە دوو دەڤەر و 11 فیرقە و فەرماندەییەک رێکخراونەتەوە و لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدان".

لەبارەی دەنگۆی بڕینی هاوکاری هاوپەیمانان، بژار زوبێر، لە دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری لە پێنتاگۆن کرد کە ئایا ئەم دەنگۆیانە پشتڕاست دەکەنەوە یان رەت دەکەنەوە، پێنتاگۆن گوتی: "ئێمە هیچ شتێکمان نییە بۆ گوتن لەسەر ئەم بابەتە."

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە، بی بی سی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە باسی لەوە کرد، پێنتاگۆن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نوێ ناکەنەوە کە لە 30ی ئەیلوول کۆتایی دێت. بەمەش، ئەو یارمەتییە داراییەی بۆ پێشمەرگە دەنێردرا دەبڕدرێ، کە لە بودجەی ئەم ساڵی داریی پێنتاگۆندا بە 61 ملیۆن دۆلار دانرابوو. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن