کوردستان

وادەى دەستپێکرنەوەى ساڵى نوێى خوێندن راگەیەنرا

02:43 - 10/08/2020 4159 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى رایدەگەیەنیت؛ کۆتایی مانگی داهاتو دەست بە ساڵى نوێی خوێندن دەکرێت، بەڵام خوێندنى ئەمساڵ جیاوازە ولەژێر رێنماییە تەندروستییەکاندا دەبێت.


مامۆستا دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سایتى(سبەى) راگەیاند: سەرەتاى شەپۆلى کۆرۆنا لە شارى سلێمانى زۆر بەهێزبو، بۆیە ئێمە بە ناچارى وەرزى یەکەممان وەک بنەماى ساڵى خوێندن دانا و ئەم قۆناغەمان بە سەرکەوتویی تێپەڕاند و ئێستا نزیکین لە کۆتایی ساڵى خوێندن.

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، ژمارەیەک لە خوێندکاران و قوتابیان توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بون و چاوەڕێ دەکرێت تا کاتى چاکبونەوەیان و بەمەبەستى نەفەوتانى ساڵى خوێندنیان لە مانگى ئەیلول تاقیکردنەوەیان بۆ ئەنجام بدرێتەوە.

لەبارەى هاتنەوەى پرسیارى هەڵە لە تاقیکردنەوەکانى پۆلى (12)ـى ئامادەیی، دڵشاد عومەر رایگەیاند: ساڵانە ئەو هەڵانە هەبون و بەراورد بە ساڵانى رابردوش ئەمساڵ رێژەى هەڵە لە پرسیارەکان کەمتر بوە، وەرگرتنى نمرەی ئەو پرسیارانەی کە هەڵەیان تێدابوە و قوتابى وەک قەرەبو وەریدەگرێت دەبێتە هۆى بەرزبونەوەى رێژەى دەرچون و هیچ زیانێک بەر قوتابیان ناکەوێت.

سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی تاقیکردنەوەکانی پۆلی (12)ی ئامادەیی، مامۆستا دڵشاد عومەر رایگەیاند: بەهۆی ئەوەی تاقیکردنەوەکان لەسەر پەڕەی سۆما ئەنجامدراون و بە ئامێر جیادەکرێنەوە، بۆیە پرۆسەکە خێراترە و پێدەچێت تا پێنجشەممەیە ئەنجامى کۆتایی تاقیکردنەوەکانى خوێندکاران دەربچێت.

لەبارەى جلوبەرگى خوێندکارانەوە بۆ ساڵی داهاتو: بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى وتى: ئێمە ساڵى رابردو بە رێککەوتنى هەمو بەڕێوەبەرایەتییەکان دیزاینى جل و بەرگ و رەنگەکانیمان دیاریکردوە و ئاگادارى قوتابیان و خوێندکارانیشمان کردوەتەوە کە بۆ ئەمساڵى خوێندنیش هەمان جلوبەرگ بەکاردێتەوە و ناگۆڕدرێت.

لەبارەى دەستپێکردنەوەى ساڵى نوێى خوێندنیشەوە دڵشاد عومەر ئاشکرایکرد:" بە ئەگەرێکى زۆرەوە کۆتاییەکانى مانگى ئەیلول دەست بە ساڵى نوێى خوێندن دەکرێتەوە بە پەیڕەوکردنى رێنماییەکانى خۆپاریزى و ئەگەر لە پۆلەکانیشدا ڤایرۆسەکە بڵاو بوەوە ئەوا ئێمە هەر پۆلێک دەکەینە دو پۆل و دەستکاریى پرۆگرامەکان دەکەین بۆ ریگرییکردن لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement