316 کوردستان

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن: سەدا ٥٠ی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئینتەرنێت بەکاردەهێنن

02:33 - 09/08/2020

"زەمەن" 
بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان لە سەدا ٦٠ی وڵاتانی جیهان باشترە و ئاماژەش بەوە دەکات کە زۆر کەس خۆیان بە خاوەنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەزانن و رێگاش نادەن هێڵی فایبەر تو هۆم بچێتە ناو پڕۆژەکە.

کاروان رەزا ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رايگەیاند، "بۆ وەرگرتن و گواستنەوەی ئینتەرنێت، جۆرەکانی بە سیم و یان بێ سیم واتا یان لەڕێگای شەپۆلە دارۆ موگناتیسییەکانە یان لەڕێگای کێبڵە یان ئەی دی ئێس ئێڵە، لەگەڵ ئەوەیشدا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەتوانرێت بە شێوازی فایبەر تۆ هۆم بگات بە هاووڵاتییان و شێوازی بێ سیم چەند جۆرێکی هەیە، ئەویش بەشێوەی وای فای یان بەشێوەی وای ماکس کە ئەم شێوازەیان لە جیهاندا نەماوە و بووە بە 4G، لەگەڵ ئەوەیشدا، ئێستا تەکنەلۆجیا پێش دەکەوێت بۆ '5G' کە هێشتا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەکارنەهاتووە لەبەر ئەو کێشەیەی کە لە سیستەمەکەیدا هەیەتی".

بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو ئینتەرنێتەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە پێشکەوتووە و وتی: "ئینتەرنێت لە کوردستان زۆر پێشکەوتووە، تا ئێستا سیستەمی 4G کار دەکات و رەنگە سەدا ٦٠ی وڵاتانی جیهان فایبەری تێدانەبێت، بەڵام لە کوردستان فایبەر جێبەجێ کراوە و بەشێوازێکی ئاسان گەیشتووە بە هاووڵاتییان".

کاروان ئەحمەد رەزا لەبارەی ژمارەی کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "کۆمپانیاکان جیاوازن، ئەوانەی کە سیستەمی وای فای-ن، ژمارەیان ٤٥ کۆمپانیایە، بەڵام مەرج نییە ئەو ژمارەیە لە هەموو هەرێمی کوردستان کار بکات، رەنگە هەندێک کۆمپانیا لە ناوچەیەکی دیاریکراودا کار بکەن، هەروەها بۆ سیستەمی ئێڵ تی لە هەرێمی کوردستان چوار کۆمپانیا کار دەکات کە دوو لەوانە لە سەرتاسەری هەرێمە کە بریتیین لە کۆمپانیای نەورۆز 4G و فاستلینک، دووانیشیان کە تیشک نێت لە سلێمانی و هەولێرن، گۆران نێت تەنها لە سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان و ئەو ناوچانەیە، هەروەها فایبەر تو هۆم لە هەولێر و دهۆک کۆمپانیای نۆرتێلە، لەناو شاری سلێمانی-یش کۆمپانیای کوردتێلە لە قەزا و ناحیەکانیش کۆمپانیای ئۆپت ئای کیو کار دەکات".

بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکان و گلەیی هاووڵاتییان لە کوالێتی ئینتەرنێت وتی: "لەسەدا ٦٠ی وڵاتانی جیهان فایبەر تو هۆمی نییە لە کوردستانی ئێمە هەموو شارەکان فایبەری تێدایە و هەموو قەزا و ناحیەکانیش تێیدایە و خێراترین ئینتەرنێتە، جگە لەوەیش پێشکەوتووترین سیستەمی وایەرلێس لە کوردستاندا هەیە".

نرخی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان جیاوازە و کوالێتی و خێرایی هێڵەکانی ئینتەرنێتیش جیاوازن سەبارەت بەم پرسە کاروان رەزا ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمپانیا ئازادە بۆ دانانی نرخ و ئەمەیش وەک هۆکارێک بۆ دروست نەبوونی قۆرخکاری وەسف دەکات و گوتی: "کۆمپانیا ئازادە لە دانانی نرخ بەپێی ئەو تێچووەی کە بۆخۆیان کاری لەسەر دەکەن، بۆ مەبەستی کێبڕکێی نێوان کۆمپانیاکان چونکە هەر کێبڕکێیە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخ، ئەگەر ئێمە سەیر بکەین نرخ ئێستا زۆر هەرزانترە بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو، لەبەر ئەوە نرخ دیاریی ناکرێت بۆ ئەوەی نەبێت بە قۆرخکاری".

لەماوەی رابردوودا زۆرترین گلەیی لە خراپی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا هەبوو، سەبارەت بەم پرسەیش بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن ئاشکرای دەکات کە زۆرکەس خۆیان بە خاوەنی پڕۆژەکە دەزانن و رێگاش نادەن هێڵی فایبەر تو هۆم بچێتە ناو پڕۆژەکە و وتی: "دابەشکردنی ئینتەرنێت وەک دابەشکردنی کارەبا وایە، بۆ نموونە لە کۆڵانێک تەنها چەند ریز ستوون هەیە و کارەبای پێ دابەشکراوە، ناکرێت چەند ریز ستوون لە کۆڵانێک کارەبا دابەش بکەن، ئینتەرنێتیش هەمان ژێرخانی دابەشکردنە، بۆیە ناکرێت کۆڵانێک بکەیت بە خەت خەتی دابەشکردن، بۆیەش لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون خاوەنی پڕۆژەکە یان بەڕێوەبەری کارەکان، ئەو جۆرە کەسانە خۆیان کردووە بە خاوەنی ئەم کۆمەڵگایانە و زۆریان هەر ناهێڵن فایبەرەکەش بچیتە ئەوێ، بەداخەوە خۆزگە لە هەرێمی کوردستان ئەم کێشەیە چارەسەر بکرابووایە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان کە هەموو کۆمەڵگایەک وەکو گەڕەکێک سەیر بکرێت".

کاروان رەزا ئەحمەد سەبارەت بە سکاڵای هاووڵاتییان رایگەیاند "دەبێت ئەو سکاڵایەی کە هەیە بەشێوازێکی فەرمیی بگات بە وەزارەت و ئەگەر کێشەکە کۆمەڵایەتی بێت ئەوا دەچیتە پۆلیس و ئەگەر زەرەردان بێت لە هاووڵاتی ئەوا دەبێت سکاڵای یاسایی بێت و وەزارەت لیژنەی بەدواداچوونی هەیە بۆ وەرگرتنەوەی مافی هاووڵاتی، بەڵام جۆری سزادان لە کۆمپانیایەک بۆ کۆمپانیەکی دیکە جیاوازە، کۆمپانیا هەیە ٤٠٠ هەزار هاوبەشی هەیە و کۆمپانیا هەیە ٤٠ هەزار هاوبەشی هەیە بۆیە سزاکان نابێت وەکو یەکتربن و بەگشتی ئێمە بەدواداچوون بۆ سکاڵای هاووڵاتییان دەکەن".

بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەبارەی ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان ئاماژەى بەوەکرد: "ئەگەر گریمان هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن کەس بێت ئەوا دوو ملیۆن و نیو بەکارهێنەرن، چونکە هەموو هاووڵاتییەک مۆبایلی پێیە و هەموو منداڵێک مۆبایلێکی بۆ کڕدراوە و بەگشتی دەتوانین بڵێین سەدا ٥٠ی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەکارهێنەری ئینتەرنێتن".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن