1145 عیراق

کازمی به‌بێ پرسی حزبه‌كان بڕیاره‌ گرنگه‌كه‌ی دا...زانیاری زیاتر بخوێنەرەوە

08:49 - 31/07/2020

"زه‌مه‌ن"


مسته‌فا كازمی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ئه‌مشه‌و له‌ وتارێكی ڤیدیۆییدا ئاماژه‌ی به‌چه‌ند پرسێكی ناوخۆیی و هه‌رێمی كرد و بڕیاریدا كه‌ مانگی حوزه‌یرانی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ به‌ڕێوه‌بچێت.

 

 له‌وتاره‌كه‌یدا كازمی باسی له‌وه‌كرد "هەندێ لایەنی ناكۆك هەوڵی ئەوەیاندا كە وڵات پڕ بكەن لەخوێن و هیچ هیوایەك نەهێڵنەوە بۆ چاككردنەوەی وڵات. هه‌ر بۆیه‌ لەپێش و دوای پێكهێنانی حكومەت چەندین تۆمەت بۆخۆم و ئەو كاسانەی لێمەوە نزیكن هەڵبەستراوە".

جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ناكۆكی و ململانێ ناوخۆیی و هەرێمییەكان هەڕەشەن بۆ سەر سەروەری ئاسایشی عێراق. هه‌روه‌ها وتیشی "رووبەروی ململانێ ئەمنییەكان بووینەوە و هەوڵی ئەوەشمانداوه‌ عێراق بەدوربخەین لەململانێیە نێودەوڵەتییەكان".

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌ی وتی "پێویستمان بەبوونی هێز و سەرباز نییە، بەڵكو پێویستمان بە راهێنان و پاڵپشتی رۆشنبیری و ئابووری هەیە،هه‌ر بۆیه‌ دوای ساڵانێكی زۆر هەنگاو بەهەنگاو دەستمانكردەوە  بەوەبەرهێنان و دەستپێكردنەوەی پرۆژەكان و بڕیارماندا بەلێكۆڵینەوە لەكۆی ئەو پرۆژە وەبەرهێنانەی كە راگیرابوون".

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكرد، كه‌ كۆمەڵێ گۆڕانكاریی ئیداریی و دارایی ئەنجامداوە. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "ئەبێ وەرەقەیەكی سپی بكەینە نێو پرۆژەكانمانەوە بۆ چارەسەركردنی دووقەیران كەئەوانیش گەنجانی بێكار و بوژاندنەوەی بازاڕه‌".

سه‌باره‌ت به‌روداوه‌كانی ته‌قه‌ كردن له‌ خۆپیشانده‌ران، كازمی وتی "لێكۆڵینەوەیەكی دادپەروەرانە بۆ دەرخستنی راستییەكان و دادگایكردنی تاوانكاران و رادەستكردنیان بەدادگا  دەكەین و بەهیچ شێوەیەكیش سازش لەسەر ئەو كارە ناكەین، تاوەكو ماف بۆ خاوەنەكەی دەگەڕێنینەوە".

هه‌ر له‌وتاره‌كه‌یدا، رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی وەكو وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ په‌رله‌مانی عێراق دیاریكرد و وتی "بەڵێن دەدەین هەڵبژاردنێكی پاك و دادپەروەرانەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام بدەین كەنوێنەرایەتی ئیرادەی گەل بكات".

كازمی داواشی لەئەنجومەنی نوێنەران كرد كەیاسای هەڵبژاردنەكان ئاڕاستەی سەرۆك كۆمار بكه‌ن.

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌،  "ناتوانین هیچ قەیرانێك چارەسەربكەین تاوەكو سەروەری بۆ وڵات نەگەڕێنینەوە".

له‌كۆتایی وتاره‌كه‌یدا مسته‌فا كازمی وتی "سورین لەسەر ئەوەی لەقۆناغی یەكەمدا گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریكا ئەنجام بدەین ".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن