توێژەرێکی ئیسرائیلی: خەونى کورد بۆ سەربەخۆیی تێکشکا
06:26 - 30/07/2020
"زەمەن"
توێژەرێکی ئیسرائیلی باس لەوە دەکات کە ئیسرائیل هەست بە شکست دەکات بە هۆی تێکشکاندنی خەونی کورد بۆ سەربەخۆییەوە و وردەکانی یارمەتییەکانی ئیسرائیلیش بۆ کورد دەخاتە ڕوو.
ئیهود یعاری لێکۆڵەر لە پەیمانگای واشنتۆن، کە پەیوەندی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیلیش هەیە وتارێکی نوسیوە و تێیدا ئەوە ڕووندەکاتەوە، کە ئیسرائیل بۆچوونی وایە بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی جیاواز دەبێت، تەنانەت ئەگەر ئەو دەوڵەتە کوردییە تەنها لە باکوری عێراق هەبێت، جگە لەو چل ملیۆن کوردەی کە لە تورکیا و ئێران و سوریا دەژین، بەڵام خەونەکەی ئیسرائی ونبووە.
ئەو توێژەرە دەشڵێت "چەند ساڵێکە ئیسرائیل پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ سەرکردەکانی کورددا، واشیدەبینێت کە ئەوان دڵسۆز بوون بۆ شۆڕشەکەیان، بەڵام ئەوان خۆشیان ئەو هەلانەیان بە دەستی خۆیان لە دەستدا کە لە بەردەمیاندا بووە، ئێستا ئەگەر جۆ بایدنیش ببێت بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ئەو پێشنیازە نابینیتەوە کە بۆ دابەشکردنی ناوچە کوردییەکان لە عێراق، لەچوارچێوەی سیستمی فیدرالی پێشتر کردبووی.
ڕوونیشیدەکاتەوە کە کوردەکان بە هۆی وازنەهێنانیان لە تەقالیدەکانیان توشی ئەو شکستانە بوون، کە هێشتا ململانێی ناوخۆیی توندیان هەیە و هەروەها گەندەڵییەکی زۆر بڵاوبووەتەوە، ئەو پێشی وایە ئەوە وانەیەکی بچوکیشە بۆ ئیسرائیلییەکان خۆیان.
ئیهود یعاری نایشارێتەوە کە ئیسرائیل پێشبینی دەکرد کەلە کۆتایدا ئەمریکا بە دەوڵەتی کوردی ڕازی دەبوو وەک هاوپەیمانێک کە متمانەی پێیەتی، بەڵام کوردەکان خۆیان سەرقاڵی کێشە دوورودرێژەکانیان بوون بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکانیان و هەروەها تواناکانیان دابەشبووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسە بە یەکتر دەڵێن".
باسیش لەوە دەکات کە کورد شکستی هێناوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای عێراق لەو ناوچانەی کە بە هۆی شەڕی دژی داعشەوە بە تەواوی کۆنتڕۆڵی کرد، کە شاری کەرکوکیش لەو نوێوەندەدا هەبوو، ئەو ڕوونیدەکاتەوە کە ئەوە چاوەروانکراوبوو بۆ ئیسرائیل، چونکە کورد ئامۆژگاری هاوڕێ و دۆستەکانی گوێ لێنەگرت، کە لەنێویاندا ئیسرائیل هەبوو، بۆ ئەوەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٠١٧دا دوابخات.
ئەو توێژەرە ئیسرائیلییە باس لە هێرشەکانی تورکیا دەکات بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پێی وایە ئەوە دەرئەنجامی ڕیفرانۆمە، چونکە دوای ڕیفراندۆم، تورکیا بیری لەوە کردەوە، کە لە هەرێمی کوردستانیش ناوچەیەکی ئەمنی بنیاد بنێت بۆ ئەوەی هەرێمەکە بە تەواوی دابەش بکات، هاوشێوەی ئەوەی لە سوریا دەیبینین.
دەشڵێت بارزانی بە نمونە دەیەوێت پارێزگاری لە پەیوەندییە باشەکەی لەگەڵ ئەردۆغان بکات و ڕەتی دەکاتەوە کە هاوکاری شەڕڤانە کوردەکان بدات لە سوریا و ناوچە سنوورییەکان، یەکێتیش لە دۆستێکی نزیکی ئێرانە، حکومەتی هەرێمیش هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگاتە لێتێگەیشتن تا ١٧٪ یان کەمتری داهاتنی نەوتی وڵاتەکەی بۆ بنێردرێت، بەوشێوەیەش نەوت لە دەستی عەرەبەکاندا دەمێنێتەوە".
سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانیش ئەو توێژەرە ڕوونیدەکاتەوە، کە خوێندنەوەی ئیسرائیل وایە کە کورد لە سوریا و هێزە کوردییەکان دەتوانن خۆ بەڕێوەبەرییەک لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات دروست بکەن، بە تایبەت کە سەدان سەربازی ئەمریکی لە تەنیشتیانن، بەڵام ئەگەر بێت و ئەمریکا بکشێتەوە، ئەوا سەرکردەکەیان، جەنرال مەزڵوم عابدی کۆکە لەگەڵ ئەوەی کە دەستبخاتە دەستی ڕووسیا لە پێناو پاراستنی مەسڵەحەتەکانی کورد لە ناو دەوڵەتی سوریادا".
لە بارەی تورکیا و ئێرانیش، ئەوە دەخاتەڕوو شەڕڤانە کوردەکان لە تورکیا لە پاشەکشەدان، سەرکردەکەشیان لە زیندانە، دۆخی ئێرانیش بۆ کورد لە هەمووی خراپترە و تەنها ژمارەیەکی کەم چەکداری کورد بە شێوەیەکی نهێنی لەوێ هەن و چاوەڕێی ڕاپەڕینێک دەکەن، ئەمەش وایکردووە کە ئیسرائیلییەکان توشی نائومێدبوون هاتوون.
ئەو ئاشکراشی دەکات کە ئیسرائیل چەند دەیەیەکە هاوکاری کوردی کردووە لە ڕووی سەربازی و دابینکردنی پێداویستی پزیشکی و دۆزینەوەی کڕیار بۆ نەوتی کورد، بۆ ئەوەی کورد سەربەخۆ بێت.