47728 عیراق

هۆشدارى بەپەلە لەبارەى ١٠ رۆژى داهاتوو دەدرێت

09:05 - 22/05/2020

"زەمەن" 

شانەی قەیرانەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە بەدواداچوونی دۆسیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هۆشداریی دا لە داڕمانی سیستەمی تەندروستیی وڵات لە میانی ١٠ رۆژی داهاتوودا بەهۆی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19).


جەواد موسەوی بڕیاردەری شانەی قەیرانەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سیستەمی تەندروستیی لە عێراق لە میانی ١٠ رۆژی داهاتوودا داڕمان بەخۆییەوە دەبینێت ئەگەر لایەنە پەیوەندارەکان رێککاری توند بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەگرنەبەر.

موسەوی راشیگەیاندووە "لەدوای گەڕانێکی مەیدانی لە بەغدای پایتەخت، بۆمان دەرکەوتووە کە کەرەنتینکردنی ناوچەیی هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە".

بڕیاردەری شانەی قەیرانەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران داوای لە هاووڵاتییانی وڵات کردووە پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن دوای ئەوەی ژمارەی تووشبووان رووی لە زیادبوون کردووە؛ ئەگەر ئەمە نەکەن رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبینەوە کە دەبێتە هۆی داڕمانی سیستەمی تەندروستیی بەتەواوەتی و رەوشەکە لەژێر کۆنتڕۆڵ دەردەچێت بەتایبەت لە بەغدا.

رۆژی سێشەممە، حکوومەتی عێراق وەک رێکارێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا  بۆ ماوەی هەفتەیەک قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری لە وڵات راگەیاند کە رۆژانی جەژنیش دەگرێتەوە.

هاوکات حکوومەت شەش ناوچەی سەرەکی لە بەغدا کەرەنتین کرد دوای ئەوەی ژمارەی حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا تیایاندا تۆمارکرا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن