بێبازاڕیی نه‌وت قاسه‌كه‌ی كوردستانیش بەتاڵ ده‌كات
02:47 - 10/03/2020
شیکاریی: محەمەد حسێن
نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی برێنت دابه‌زی بۆ ٣٢ دۆلار، دوای ئه‌وه‌ی ڕێكخراوی وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت (ئۆپیك) و روسیا نه‌گه‌یشتنه رێكه‌وتنێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان، به‌و هیوایەی باڵانسی نێوان خستنه‌ڕوو خواست راگرن و دواتریش نرخ به‌رزبكه‌نه‌وه. له‌وانه‌یه ئه‌مه خراپترین هه‌واڵی ٢٠٢٠ بێت بۆ كوردستان و عێراق، به‌ڵام كێشه‌كه نوێ نییه‌و سیاسیه‌كانی هه‌ولێرو به‌غدایشی رانه‌چڵه‌كاند.
رێك دوو مانگ پێش ئێستا، رۆژی ١٠/١/٢٠٢٠ نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی خاو نزیكه‌ی ٦٧ دۆلار بوو، به‌ڵام ئێستا له دەوروبەری 30 دۆلاردایه. كه‌واته داهاتی نه‌وتی هه‌ردوو حكومه‌ت (كه زیاتر له ٩٣%ی هه‌نارده‌كانی وڵات پێكدێنێت)به راده‌ی زیاتر له ٥٢% كه‌م ده‌كات.
زۆر به ساده‌یی، زیانه‌كانی ئه‌م نرخ دابه‌زینه له‌م مانگه‌دا به زیاتر له ٤٩٣ ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت بۆ حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیا نه‌وتیه هاوبه‌شه‌كانی، ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌ی كوردستان به ٤٧٠ هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه هه‌ژمار بكرێت. ئه‌مه زۆر زیاتره له‌و پاره‌یەی كه وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم مانگانه له داهاتی نه‌وت ده‌ستیده‌كه‌وت و نزیكه‌ی ٣١٠ ملیۆن دۆلاره.
به‌ڵام زۆربه‌ی ئاماژه دارایی و ئابووریه‌كان ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن، كه ئه‌م زیانه داراییه‌ی دابه‌زینی نرخی نه‌وت هه‌ر به‌مه‌وه ناوه‌ستێت. خواست له‌سه‌ر نه‌وت له سه‌رولێژبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وامدایه‌و بازاڕ‌و ئابوری جیهانیش له په‌شۆكانێكی كه‌م وێنه‌دایه به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه.
هۆكاره‌كانی بێبازاڕی نه‌وت
یه‌كه‌م هۆكار بێگومان ڤایرۆسی كۆرۆنایه، به‌ڵام چۆن و بۆ؟ ته‌نها له چین خواست له‌سه‌ر نه‌وت به راده‌ی ٣ ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه (٢٠% پێداویستیه‌كانی ئه‌و وڵاته) كه‌میكردووه، به‌پێی راپۆرتێكی بلومبێرگ. به‌پێی هاوكێشه ساده‌كه‌ی خواست و خستنه‌ڕوو، نرخی نه‌وت بۆیه دابه‌زیوه چونكه ئه‌و بڕه‌ی خراوه‌ته‌ڕوو زیاتره له‌وه‌ی كڕیاری هه‌یه له بازاڕدا. كه‌واته سه‌رڕێژیی هه‌یه له خستنه‌ڕوودا (Over Supply) به بڕی زیاتر له ١.٢ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه، به‌پێی هه‌ندێك خه‌مڵاندنی سه‌ره‌تایی. بۆ ئه‌وه‌ی خستنه ڕوو خواست هاوتا بكرێنه‌وه، ده‌بێت ئه‌م بڕه له به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كه‌م بكرێته‌وه. هیچ وڵاتێكیش تا ئێستا ئاماده نه‌بووه به‌رهه‌می خۆی كه‌م بكاته‌وه.
وڵاتانی ئۆپیك و روسیا (كه به گروپی ئۆپیك -پڵەس ناسراون) نه‌یانتوانی بگه‌نه رێكه‌وتنێك له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو نرخی نه‌وتی له سه‌رووی ٥٠ دۆلاره‌وه هێنایه ٣٢ دۆلار له چه‌ند رۆژێكدا.
به‌ڵام ئایا به كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌نها ئه‌م بڕه له خستنه‌ڕووی - زیاده كێشه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌بێت؟ بێگومان نه‌خێر.
كاریگه‌ریه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا به جۆرێك بازاڕی شڵه‌ژاندووه‌و خواستی له‌سه‌ر نه‌وت كه‌مكردۆته‌وه له‌وه‌ناچێت لێره‌دا بوه‌ستێت. هه‌ر له چینه‌وه تا ده‌گاته ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام چالاكیه ئابووریه‌كان خاوتر ده‌بنه‌وه‌و دواجاریش خواست له‌سه‌ر نه‌وت كه‌متر.
له ساڵی رابردووه‌وه، ئۆپیك و هاوپه‌یمانه‌كانی رۆژانه نزیكه‌ی ٢.١ ملیۆن به‌رهه‌می نه‌وتیان كه‌مكردۆته‌وه، رێكه‌وتنی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌م بڕه تا كۆتایی ئه‌م مانگه به‌رده‌وامه. به‌ڵام ئه‌م بڕه به‌س نیه بۆ باڵانسی نێوان خواست و خستنه‌ڕوو. له كۆبونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی پێشووی ڤیه‌نادا سعودیه داوای كه‌مكردنه‌وه‌یه‌كی تری ده‌كرد به راده‌ی ١.٥ ملیۆن و نیو به‌رمیل له رۆژێكدا. ئه‌وه‌بوو روسیا رازی نه‌بوو. كه‌واته هه‌وڵه دیپلۆماسیه‌كان تێك‌شكان له فریاكه‌وتنی بازاڕی نه‌وت.
ئێستا هه‌مووان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن سعودیه‌و روسیا‌و عێراق (به‌هه‌مان شێوه‌ی وڵات و كۆمپانیا به‌ر‌هه‌مهێنه‌ره‌كانی تری نه‌وت) هه‌ریه‌كه‌و له‌لای خۆیه‌وه شه‌ڕی فراوانكردنی پشكه‌كانیان بكه‌ن له بازاڕدا. ئه‌مه سه‌ر ده‌كێشێت به شه‌ڕی نرخ و دوور نیه به سیاسه‌تی داشكاندنی نرخ هه‌وڵی پاراستنی پشكه‌كانیان بده‌ن، هه‌موو ئه‌م چاوه‌ڕوانیانه وای كرد عه‌لی خدێری، گه‌وره راوێژكاری پێشوی ئێكسۆن مۆبیل، پێی وابێت دابه‌زینی نرخی نه‌وت تا ٢٠ دۆلار ناوه‌ستێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له هه‌ژماری تویته‌ره‌كه‌ی خۆیه‌وه رایگه‌یاند.
له‌ولایشه‌وه، ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌رده‌وامه‌و كه‌س نازانێت كه‌ی و له‌كوێ كۆتایی دێت. تا زیاتر خه‌ڵك ناچاربن له ماڵه‌كانی خۆیاندا دانیشن و گه‌شت و سه‌فه‌ر نه‌كه‌ن، خواست له‌سه‌ر نه‌وت كه‌متر ده‌بێت و نرخیش روو له دابه‌زین. ئه‌وه‌ی له چین روویدا، ده‌كرێت له ئه‌وروپاو ئه‌مریكاش رووبدات، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئێستا له كوردستان ده‌گوزه‌رێت.
بێگومان وڵاتانی ئۆپیك به‌ته‌نها خۆیان ناتوانن ١.٥ ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه كه‌م بكه‌نه‌وه گه‌ر روسیایان له‌گه‌ڵ نه‌بێت. هه‌ر له عێراقه‌وه تا ده‌گاته ڤه‌نزوێلا، هه‌ریه‌كه له‌م وڵاتانه به‌ده‌ست ده‌یان كێشه‌ی دارایی و ئابووریه‌وه ده‌ناڵێنن. جگه له سعودیه كه‌سیان ناتوانن به‌رهه‌مهێنان كه‌مبكه‌نه‌وه بێ ئه‌وه‌ی توشی كورتهێنانی دارایی ببن، توانای كه‌مكردنه‌وه‌ی سعودیه‌ش سنورداره.
وڵاتانی ئۆپیك ٤٤%ی كۆی گشتی به‌رهه‌می نه‌وتی خاوی جیهانیان هه‌یه له‌گه‌ڵ ٢١%ی گازی سروشتی، به‌ڵام ٦٠%ی ئه‌و نه‌وته‌ی له بازاڕه‌كاندا ئاڵوگۆڕی پێوه‌ده‌كرێت هی ئۆپیكه. هه‌ربۆیه گه‌وره‌یی قەبارەی پشكه‌كانیان له بازاڕدا وای كردووه كاریگه‌رییان زیاتر بێت له توانای به‌رهه‌مهێنانیان، به‌ڵام هێشتا قورسه بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین ئۆپیك ده‌توانێت ده‌ره‌قه‌تی ئه‌م قه‌یرانه بێت.
هه‌رێمی كوردستان له‌كوێی ئه‌م قه‌یرانه داراییه‌دایه؟
له راستیدا هیچ چاره‌سه‌رێكی خێرا له ئارادا نییه بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق له ئاستی كورتماوه‌دا، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و چاره‌سه‌ریه كڵێشه‌ییانه‌ی كه هه‌میشه باس ده‌كرێن: وه‌ك هه‌مه‌ڕه‌نگكردنی‌و سه‌رچاوه‌كانی داهات، په‌ره‌پێدانی كه‌رته‌كانی تری وه‌ك كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار، دروستكردنی ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ وه‌به‌رهێنان و..هتد، ئێستاش هه‌ر راستن. به‌ڵام ئه‌م چاره‌سه‌ریانه له‌سه‌ر تێری‌و له دۆخێكی ئاسایی‌دا جێبه‌جێده‌كرێن، نه‌ك له‌كاتی قه‌یرانه‌كاندا. یان دوای ئه‌وه‌ی بازاڕی نه‌وت توشی مایه‌پوچیمان ده‌كات.
به‌ڵام ئایا حكومه‌تی هه‌رێم چی پێده‌كرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاری ئه‌م قه‌یرانه له‌سه‌ر خۆی و هاوڵاتییه‌كانیشی؟ له راستیدا ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌رێم پێیده‌كرێت ته‌نها چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانیه‌تی به ئاراسته‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و به فیڕۆدان.
ئه‌گه‌ر بتوانێت ده‌ستی گه‌نده‌ڵه‌كان له كه‌رتی گشتیدا كورتبكاته‌وه، له ده‌روازه سنوریه‌كاندا سنورێك بۆ قاچاخچیه‌كان دابنێت و داهاته‌كانی به باشی كۆبكاته‌وه، بندیواره‌كان ریشه‌كێش بكات له ناو حكومه‌ت و هێزه ئه‌منی و سه‌ربازیه‌كاندا، له كه‌رتی نه‌وتیشدا كۆمپانیا ئه‌منیه ناپێویسته‌كان لابه‌رێت و به هێزه ئه‌منی و سه‌ربازیه‌كانی خۆی كێڵگه‌كان بپارێزێت، ئه‌وا بڕێكی ئه‌و پاره‌ی بۆده‌گه‌ڕێته‌وه كه دابه‌زینی نرخی نه‌وت ده‌یبات.
به كورتی هه‌رێمی كوردستان له ئێستادا ته‌نها یه‌ك بژارده‌ی هه‌یه، ئه‌ویش قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و داهاته‌ی به‌هۆی نه‌وته‌وه له‌ده‌ستی ده‌چێت له‌ڕێگای كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌فیڕۆدان.
راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، موزهر محه‌مه‌د ساڵح، رایگه‌یاند: عێراق له خه‌رجیه گشتیه‌كانی كه‌مده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت موچه‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتی پێ دابین بكات. ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥یش حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی به‌هۆی خه‌رجكردنی پاره‌ی یه‌ده‌كی دراوی بیانی بانكی ناوه‌ندی عێراقه‌وه توانی به‌رده‌وام بێت له دابینكردنی موچه‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتی، به‌ڵام هه‌ردوو ڕێگاكه زیانی ئابووری خۆی هه‌یه.
به‌ڵام هێشتا دیار نییه حكومه‌تی هه‌رێم به‌چی موچه‌و خه‌رجیه گشتیه‌كانی دابین ده‌كات. بێگومان لێره خه‌رجیه گشتیه‌كان هێنده نابن قه‌ره‌بووی زیانه‌كانی نه‌وتی بۆ بكاته‌وه‌و یه‌ده‌كی دراوه بیانیه‌كانی له‌به‌رده‌ستدا نیه وه‌ك حكومه‌تی به‌غدا. به‌گشتی حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌رده‌م دوو سیناریۆدایه:
یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه مانگی موچه‌خۆران درێژبكاته‌وه بۆ ٤٥ رۆژ و له ئه‌نجامدا به ٨ موچه ساڵیان پێ ته‌واو بكات، ئه‌م سیناریۆ ئاسانه بۆ جێبه‌جێكردن، به‌ڵام كاره‌ساتباره بۆ ئابوری و بازاڕی كوردستان و بژێوی خه‌ڵكیش.
سیناریۆی دووه‌م، كه بێگومان ته‌نها چاره‌سه‌ره له ئێستادا، ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تێكی جدی و به‌رفراوانی ریشه‌كێشكردنی گه‌نده‌ڵییه، هه‌ر له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه تا ده‌گاته دوره‌ده‌ست -ترین ناحیه‌ی كوردستان. به‌م هۆیه‌وه هه‌رێم ده‌توانێت به‌شێكی زۆری ئه‌و كورتهێنانه داراییه چاره‌سه‌ر بكات كه دابه‌زینی نرخی نه‌وت دروستی ده‌كات.