هەواڵ

سلێمانی لە ژێر تاقیکردنەوەدایە

11:54 - 10/12/2019 71 جار خوێندراوەتەوە

کولتووری زەمەن

کاتێک یونسکۆ سلێمانى وەک شارى داهێنەر لە بوارى ئەدەب دەستنیشان کرد، خۆشنودی و شادییەکی زۆر، لەسەر ئاستی کولتووریی و سیاسی و دەوڵەتیدا دروست بوو، بەڵام بۆچوونێک هەیە دەڵێت “هێشتا ئەو نازناوە جێگیر نەبووەو تەنیا وەک پێشنیازە، بۆ ناسنامەی ئەم شارە.”

 
مانگێک لەمەوبەر، لەڕێگەی سایتی فەرمی بەشی کولتووری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان-یونسکۆ ناوی کۆمەڵێک شاری جیهان ئاشکرا کرا، کە ئەو شارانە هەڵبژاردەی ئەو ڕێکخراوە جیهانییەی بواری کولتوورن، وەک شاری ئەدەبی و هونەریی و مۆزیکی و گەشتیاریی و مێژوویی و زۆر بواری تریش لە جیهاندا دەناسێنرێن.

لەناو ئەو شارانەدا، شاری سلێمانی وەک شاری ئەدەب و سنە وەک شاری مۆزیکیی دەستنیشانکراون.

بۆ ئەم مەبەستەش، رێکخراوەکە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا، چاودێریی ئەو شارانە دەکات، لەو بوارانەدا دەکۆڵێتەوە کە هەردوو شارەکەى پێ هەڵبژێردراون، بۆ ئەوەى لە ریزبەندی شارە ناسراوو تایبەتەکانی یونسکۆدا، ناویان وەک شاری داهێنان بمێنێتەوە و بناسرێن.

شێنێ محەمەد، ئەندامی گروپی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی، یەکێک لەو کەسانەی رۆڵی هەبوو لە کارکردن بۆ ناساندنی سلێمانی وەک شاری داهێنانی ئەدەبی، بۆ “زەمەن” وتی: “هەموو ئەو شارانەی ناسنامەیەک وەردەگرن، لە بوارێکدا بۆ وەرگرتنی ئەو ناسنامەیە پێشتر پڕۆپۆزەڵ پێشکەشکراوە، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا کۆمەڵێ کار بکەن لە بواری پەرەپێدانی ئەدەبیدا. گەر لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا نەتوانرا بەپێی ئەو پڕۆژانەی پێشکەشی یونسکۆمان کردووە، جێبەجێیان بکەین، یان بە لاوازی جێبەجێ بکرێت، بەدڵنیاییەوە ئەو ناسنامەیە وەردەگیرێتەوە”.

سەبارەت بە ستانداردەکانى یونسکۆ، شێنێ روونیکردەوە کۆمەڵێک خاڵ هەیە لای یونسکۆ زۆر گرنگن، لەوانە گرنگە لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا چالاکی ناوخۆیی و چالاکی ئەدەبی ئەنتەرناشناڵ هەبێت. گرنگە دەزگا ئەدەبییە ناوخۆییان و چالاکی پێکەوەیی بکەن. شێنێ دەڵێت: کاری هاوبەشی ئەدەبی لای یونسکۆ زۆر گرنگە، ئەمە جگە لەوەی چالاکی ئەدەبی جیهانیی، دەزگا ناوخۆییەکان بەشداربن تێیدا و چالاکییان هەبێت.

کەمیش نەبوون ئەو رەخنانەی لە دەستنیشانکردنى سلێمانى وەک شارى داهێنان لە ئەدەب گیران، لە بەشی کولتووری “زەمەن”، نووسەری بواری فەلسەفەو هزر، بەکر عەلی لە ئەڵمانیاوە وتارێکی رەخنە ئامێزی بەناوی “سلێمانی.. شیزۆفرینیا یاخود ئینتیگراسیۆن” نووسی، لە پەرەگرافێکیدا دەڵێت: “لەکاتێکدا ئەوەی شکۆمەندی شارێک دەنەخشێنێت تەنیا ئاهەنگگێڕان نییە، بەڵکو تێگەیشتنە لەو خەسڵەتە سایکۆدینامیکییەی بزوێنەری ڕۆحی ئەو شارە بووە. لەکاتێکدا ئەو کەشە ئاهەنگسازییەی لەمڕۆدا بۆ ئەو شارە سازکراوە تەنیا بەرجەستەی ڕووە میکانیکیی و ماتەریالییەکەی شار دەکاتەوە!”.

بەکر درێژە دەدات بە دیدە رەخنەییەکەی لەسەر شارو لە پەرەگرافێکی تردا دەنووسێت: “لە شاری سلێمانیدا ئەم شاربەدەرکردنە لەسایەی دەسەڵاتی کوردییەوە بەرانبەر بەو هاوشارییانەی خۆی ئەنجامی داوە کە وێنایەکی تریان بۆ کرانەوەی شار پێشکەشکردووە، بە نموونە لە سایەی دەسەڵاتی بابانییەکاندا نالی و نەقشبەندی وەکو دوو داهێنەری بواری پەرەپێدانی کولتوری لە هاوشارێتی خران و شاربەدەر کران، لەدوای ڕاپەڕینیشەوە ژمارە گەلێک لەو جۆرە کارەکتەرانە شاربەدەرکران کە تەنیا یۆتۆپیایەکی تری جیاوازیان،  بۆ شارو هاوشارییەکان ڕاگەیاندبوو”.

هەڵبژاردنى سلێمانى و سنە لە خۆڕا نییە، رەهەندێکی مێژوویی هەیە، کە پەیوەستە بە مێژووی بەرهەمهێنانی ئەدەبیات لە رابردووی ئەو دوو شارەداو بوونی نووسەران‌و شاعیرانی وەک “مەلا مستەفای بێسارانی، مەستوورەی ئەردەڵانی، گۆران، پیرەمێرد، مەحوی، سالم، کوردیی و دەیان ناوی تری ناسراو و درەوشاوە”.

نیاز نوری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندان و ئەندامی بۆردی راوێژکاریی و پەرەپێدانی ناسنامەی ئەدەبی و کولتووری سلێمانی، بۆ “زەمەن” وتی: “لەم رۆژانەدا، بۆردی راوێژکاریی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی کۆبووینەوە. ئامانجی کۆبوونەوەکەش، بۆ چۆنێتی گەشەپێدانی ژێرخانی ئەدەبی و کولتووری سلێمانییە، بۆ ئەوەی لە چوار ساڵی داهاتوودا، بۆ یونسکۆی بسەلمێنین سلێمانی شایەنی ئەو نازناوەیە، گەر لەم چوار ساڵەدا نەمانتوانی، بەدڵنیاییەوە، نازناوی شاری داهێنانی ئەدەبی لە سلێمانی دەسەنرێتەوە”.

نەقیبی هونەرمەندانی کوردستان، دەڵێت: سلێمانى زەمینەى ئەوەى تێدایە پارێزگارى لە نازناوەکەى بکات، چونکە بە وتەى ئەو چەندین نووسەرو ئەدیبی بە تواناو ناوداری تێدایە، بەڵام پێشیوایە دەبێت پلان هەبێت و پڕۆژەی ستراتیژی گرنگ بۆ ژێرخانی ئەدەبی و کولتووریی دابنرێت لە چوار ساڵی داهاتوودا.

یونسکۆ نوێنەریان لە سلێمانییەوە بە وردی چاودێری پرسە ئەدەبییەکان و پڕۆژەو ستراتیژی چوار ساڵی داهاتوو دەکات. جگە لەمەش پارێزگاری سلێمانیش خۆی سەرپەرشتیاری بۆردەکە دەکات، بۆ چوار ساڵی داهاتوو، کە کۆمەڵێک پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی بکرێت.

جگە لە (سنە و سلێمانی) یونسكۆ، هەر لەو رۆژەدا، 64 شاری تری جیهانی خستە ریزبەندی شارە داهێنەرەكانی جیهانەوە، لەوانە: (ئاساهیکاوا لە ژاپۆن، برغامۆ لە ئیتاڵیا، فورتالیزا لە بەڕازیل، بێندیگۆ و بەللەرات لە ئوستورالیا، ئەنگۆلیم لە فەرەنسا، بەیروت لە لوبنان) بەمەش بەپێی پۆلێنبەندیی رێکخراوێکی جیهانیی. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن