وەزارەتى ناوخۆ ئامارى قوربانییەکانى خۆپیشاندانەکانى عێراقى راگەیاند
07:29 - 06/10/2019
"زەمەن"
وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و
تەندروستی و سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا، ئاماری كۆتایی زیان و قوربانیانی
خۆپێشاندانەكانی دوایی لە بەغدا و چەند شارێكی تری عێراقیان راگەیاند.
سەعد معەن، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی
ناوخۆی عێراق لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند: تا ئێستا و وەك ژمارەی
كۆتایی قوربانیانی خۆپێشاندانەكان 104 كەس كوژراون و شەش هەزار و 107 كەسیش
بریندارن و هێرشیش كراوەتە سەر بارەگای هەشت پارتی سیاسی و ژمارەیەك دەزگای
راگەیاندن.
راشیگەیاند: "لێكۆڵینەوەمان
لەبارەی ئەو لایەنانەی كە خۆپێشاندەرەكانیان كردووەتە ئامانج دەست پێ كردووە كە
دەستێكی خراپەكار لەپشت بابەتەكەوە هەیە و هیچ رووبەڕووبوونەوەیەك
لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان رووی نەداوە".
ئاماژەى بەوەشکرد: "لەو رووداوانەدا دوو
بازگە و 52 ئۆتۆمبێلی سەربازی و مەدەنی سووتاون، جگە لە چێشتخانەیەك و حەوت
كەرەڤانە و 51 تەلاری حكوومەتی و ئەهلى.
هاوکات وەزارەتی
تەندروستی عێراق رایگەیاند: چارەسەركردنی بریندارانی خۆپێشاندانەكان و هێزە ئەمنییەکان دەگرنە ئەستۆ".