كورد دەبێت چی بكات بۆ خۆپاراستن لە مەترسیە گەورەكە؟
7/26/2019 8:08:00 PM
د.سەنگەر سەید قادر
كیشەی سەرەكی كورد ئەوەیە كەسایەتیە دڵسۆز و نیشتمان پەروەرەكانی لەسیاسەت تێناگەن و سیاسیەكانیشی دڵسۆز و نیشتمان بەروەرنین و بازرگانی بەسیاسەتەوە دەكەن
هەرچەندە پێش دوومانگ وەك كۆمەڵێك توێژەری كورد و بیانی ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی سێ تویژینەوەی وردی ٢٦١ لاپەڕەیی بێ بەرامبەر نارد بۆ چەند ئەندام پەرلەمانتارێكی كوردی لەبەغداد و چەند سیاسیەكی هەرێم، كورتەكەی ئەوە بووە پێویستە كورد هەڵبژاردنی كەركوك دوابخات بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكای ٢٠٢٠و پێش هەڵبژادنە سەرۆكایەتیەكەی توركیای ٢٠٢٣ و گونجاوترین كاتیش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كەركوك بریتیە لە ساڵی ٢٠٢٢ كە لەگەل هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ئەنجامبدرێت.چۆنكە تا ئەوكات دۆسیەی توركیا و ئێران. یەكلای دەكرێتەوە و پێگەی كورد لەعێراق بە هێزتر دەبێت
پێویستە كورد پەلەنەكات و نەكەوێتە هەڵەوە و ١٣ ساڵە هەڵبژاردن نەكراوە با ئەم ٣ ساڵەش نەكرێت تا ئەوكاتەی پارێزگاری نوێ دەستبەكاربێت و ئەو دۆخەی دوای ڕیفراندۆم ئاسای بێتەوە ئەوكات كورد هەلێ بردنەوەی زیاتر دەبێت و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كەركوك لەم دۆخەی ئێستادا سەركێش و قومارێكی گەورەیە بە ئایندەی ئەوشارەوە
لەبەر كۆمەڵێك هۆكار كە گرنگترینیان پێداچونەوەیە بە لیستی ناوی دەنگدەراندا لەلایەن كۆمسیۆنەوە كە ئێستا كورد لاوازە تیایدا و لەوەشدا پشت بە فۆرمی خۆراك دەبەسترێت كە ئەمە مەرسیەكان گەورە دەكات چەنكە لە دوای ڕیفراندۆمەوە ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی پێكهاتەكانی عەرەب. و توركمانی تەلەعفەر و موسڵ و سەلاحەدین و دیالە و ئەنبار بەنایاسای فۆرمی خۆراك و شوینی نتشتەجێ بوونی خۆیان گواستوە بۆ كەركوك و ژمارەیەكی زۆر لە عەرەبە هاوردەكان. بە بڕیاری دادگا گەڕاونەتەوە
هۆكارێكی مەترسیدار سیستەمی سانتلیگۆی ١.٩ كە ئەم سیستەمە بۆیەكەمینجار لە ساڵی ١٩١٠ لە دانیمارك داهێنراوە و دواتر لە ساڵی١٩٥١ لە نەرویج و دانیمارك بەكار هاتوە كە دەنگی لیستی یەكەم دابەشی ١.٤ سانتیلۆگۆی گۆڕاو دەكرێت كەلەم خشتەی خوارەوەدا جیاوازیەكانی خراوەتە ڕوو بەو پێیەی لیستی كورد گەورەترین لیستە زیانی گەورەی بەڕدەكەوێت
بەڵام بێ گوێدانە مەترسیەكان دوای ئەوەی توركمان و عەرە مەرجەكانی خۆیان سەپاند لە دیاریكردنی سیستەمی سانتلیگۆ ١.٩ و پێداچونەوە بەلیستی ناوی دەنگدەراندا دەنگیان بە پرۆژە یاساكە دا، بەڵام ئەوەی ڕوون نیە كورد چۆن و لەبەرامبەر چیدا ئەو موجازەفە گەورەی بە ئایندەی كەركوكەوە كردوە بێ ئەوەی مەرجەكانی لەبەرچاو بگیرێت بە یاساكە ڕازی ببوە و ڕۆژی ٢٢ ئەمانگە پەسەند كرا، ڕوانەی سەرۆكایەتی كۆمار كرا بۆیە دەبێت تا هەلە كە لەدەست نەچووە دكتۆر بەرهەم ساڵح پرۆژەكە ئیمزانەكات و ڕەوانەی پەرلەمانی عێراقی بكاتەوە
لە ئێستاشدا دەرفەتی زۆر لەبەڕدەم كوردا نەماوە چونكە یاساكە ڕەوانەی سەرۆك كۆمار كراوە كە بەپێت دەستور پێویستە لەماوەی ١٥ پەسەندی بكات ئەگەر سەرۆك كۆمار لە ماوەی ئەو ١٥ ڕۆژەدا پەسەندیش نەكات هەر بە پەسەندكراو بەركار دادەنرێت و دەبیت بەیاسا، ئەگەر سەرۆك كۆمار لەو ١٥ ڕۆژەدا ڕەتی كردەوە ئەوكات دەگەڕێتەوە پەرلەمان و كوردتش دەتوانێت مەڕجەكانی خۆی بسەپینێت یان ڕێگری بكات لە ێەنجامدانی هەڵبژاردن لە گەركوك
ڕەنگە باشترین بژاردەش لەبەردەم سەرۆك كۆماردا بۆڕەتكردنەوەی یاساكە بەهانەی ئەوە بێنێتەوە كە ڕۆژی دیاری كراو بۆ هەڵبژاردن٤/١ كە دەكاتە ڕۆژی جیهانی درۆ و ڕۆژێكی نەشیاوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن كار لەناو بانگ و متمانەی هەڵبژاردنەكە دەكات لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە
كورد لە چیدا هەڵەی كرد ؟
ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە بە پوختی ئەوەبێت كورد لە كەركوك لە هەموو بڕیار و هەڵوێستەكانیدا هەڵبووە و كەركوك بوو بە قوربانی نەزانی و هەڵە و ململانێی حیزبایەتی و بەرژەوەندی چەند كەس و گروپێكی دیاری كراو، كە ١٤ ساڵە ئومێدیان لەسەر مادەیەیەكی دەستوری مردوو هەڵچنیەوە كە مادەی ١٤٠ دەستوری عێراقە
كورد دەبوو لەم چەند ساڵەدا سەدان لێكۆڵینەوەی لەسەر پێكهاتەی كۆمەڵاتی و ڕۆشنبیری و سیاسی كەركوك و سایكۆلۆژیای تاكی كەركوكی و داوازیەكان و كاریگەری هێزە ناوچەی و جیهانیەكان بكردایە و لەسەر ئەو بنەمایە ستراتیژی گەڕانەوەی كەركوكی دابڕشتایە بە پلانی چەند مانگی و چەند ساڵی بە پێی قۆناغەكان و پلانی جێگرەی Aو وB وC هەبوایە بەپێی قۆناغ و گۆڕانكار و ئاراستەی ڕوو داوە ناوخۆی و ناوچەی و نێودەولەتیەكان
دەبوو پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا ژوورێكی چالاكی تایبەتیان هەبوایە تایبەت بە پرسی كەركوك و ناوچە كوردستانیەكان و پرسە سەتەوەییەكان كە بەدەر لە ململانێ حیزبیەكان ئەوپرسانەیان لە سەرووی هەموو بیرو باوەڕ و بەرژەوەندیەكی حیزبی و كەسیەوە دابنایە و وەك پرسێكی نەتەوەی و ستراتیژی درێژخایەن كاریان لەسەر بكردایە
-كێ تاوانبارە ؟
لە ڕووی زانستیەوە سیاسەت پیشەیە و هونەرە و قورسترین و هەستیارترین پیشە سیاسەتە چونكە كایەیی ئابوری و كۆمەڵایەتی و پەڕوەردە و ڕۆشنبیری و ئایندەی دەیان. نەوەی پێوە بەندە بەڵام لە كوردستان ئەوەی بێكار و بێ ئیش و پەكەوتە بێت دەبێت بە ساسی، ئافرەتانیش ڕوونە كە زۆر جار چی دەبێت بە پێوەری هەڵبژاردن و پێدانی دەرفەتی كاری سیاسی پێیان.
ڕەنگە پەرلەمانتار زانیاری پێویستی نەبێت دنیا بینی نەبێت، بەڵام خۆ دەبێت حیزبەكان ناوەندی تویژینەوەیان هەبیت ڕۆژانە و بەبەردەوامی بەرچاو ڕونیان پێدەبن لە ڕووی سیاسی و یاسایی و لەسەر ئاراستەی سیاسەتی ناوخۆی و ناوچەی و جیهانی دەبێت وەك ڕاوچی لە كەمیندا بن بۆ ڕاوكردنی دەستكەوت
بۆیە دەبێت هەرچی زووە لەسەر ئاستی سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بەئاگابیینەوە، چونكە پرسی كەركوك پرسی گەندەڵی و نەوت و نەبونی موچە نیە و پرسێكی ستراتیژیە و پەیوەندی بە لەسەدا ٢١% خاكی كورستانەوە هەیە و پەیوە ستە بە ئایندەی كوردستان و دەیان نەوەی داهاتووەوە