616وتار

ئایندەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و موچەی فەرمانبەران

8/29/2019 4:45:00 PM
د.سەنگەر سەید قادر

حكومەتەكەی عەبدولمەهدی تەمەنی تەنها ١٠ مانگ و ٣ ڕۆژە بەڵام. هەتیوكەوتوەو هیچ پشتیوانێكی نەماوە بە جۆرێك تەنانەت حیزبەكەی خۆشی كە ڕەوتی حیكمەیە ئۆپۆزسیۆن بونی دژی حكومەت ڕاگەیاندو موقتەدا سەدریش لە هەفتەی ڕابردودا بەیانامەیەكی چوار خاڵی دژی حكومەت دەركرد و هێرشی توندی كردە سەر عادل عەبدولمەهدی، بڕیاریشە لە دوای پشووی پەرلەمان کە ڕۆژی ٣ ئەیلولی داهاتوو تەواو دەبێت عەبدولمەهدی حكومەتەكەی بانگێشتی پەرلەمان بكرێن و بۆ لێپرسێنەوەو ئەگەری ئەوەش هەیە متمانەی لێ بسەنرێتەوە.
تاكە هێزێك كە دەستی بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدیەوە گرتووە كوردە، چونكە ١٠ مانگی ڕابردوو حكومەتی هەولێرو بەغداد لەمانگی هەنگوینیدا بوون و عەبدولمەهدی تاڕادەیەكی باش هاوكاری حكومەتی هەرێم بوو تا جارێكی تر لەسەر پێی خۆی بووەستێت كەلە دوای ڕیفراندۆم توشی قەیران و ئیفلیج بوون بوو، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە ئایا مانگی هەنگوینی هەولێرو بەغداد بەردەوام دەبێت یان كە حكومەت تەمەنی گەشتە ساڵێك ئیتر كاتی جیابوونەوەو دەستپێكردنەوەی خولێكی نوێی گرژی و ئاڵۆزیە لەنێوان هەولێرو بەغدادا؟

ئەگەری دەستلەكاركێشانەوە
یان لەكارلادانی عەبدولمەهدی:
عەبدولمەهدی ماوەی زیاتر لە دوو مانگە لەژێر گوشارێكی زۆری شەقام و لایەنە سیاسیەكاندایە ئاماژەكانی ئاوابوونی خۆری عەبدولمەهدی دەركەوتون لە گرنگترن ئەو ئاماژانە:
١ - حكومەتی عادل عەبدولمەهدی لە ١٠ مانگی ڕابردوودا نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت لە جێبەجێكردنی بەڵێن و كارنامەی حكومەتەكەیدا كە بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی چاودێری پەرلەمان حكومەت لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا تەنها بەڕێژەی ٣٦.٥% پرۆژەكانی جێبەجێكردوە لە كاتێكدا حكومەت ڕایگەیاندبوو لە سەدا٧٩% پرۆژەكان تەواوبوون.
٢ - بودجەی عێراقی ساڵی ٢٠١٩ كە نزیكەی ١١٢ ملیار دۆلار دیاری كرابوو و لە سەر بنەمای ناردنە دەرەوەی ڕۆژانە٣ ملیۆن و ٨٨٠ هەزار بەرمیل نەوت كە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە ٥٦ دۆلار دیاری كرابوو بەڵام عێراق نەیتوانیوە ئەو ڕێژەیە بنێرێتەدەرە و حكومەتی هەرێمیش ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی ڕادەستی بەغداد نەكردوە ئەمەش بووەتە هۆی كورت هێنان لە بودجەدا بە ڕێژەی سەدا ٢٣% كە ئەمەش بارگرانیەكی زۆری بۆ عادل عەبدولمەهدی دروستكردوە.
٣-بەهۆی ئەوەی ئێستا سەرەتای هەڵمەتی ڕانەگەینراوی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراقە كە بڕیارە یەكی نیسانی ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت، بەوهۆیەوە زۆرینەی لایەنە سیاسیەكانی عێراق سەرەڕای ئەوەی لە حكومەتدا بەشدارن بەڵام بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتێ كەم و كورتیەكانی حكومەت هەموو بەرپرسیارێتیەكە دەخەنە ئەستۆی عەبدولمەهدی ئەمەش خۆشاردنەوەیە لە ناڕەزایەتی و توڕەی جەماوەر و دەنگدەرانیان.
٤ - موقتەدا سەدر بەیانامەیەكی چوار خاڵی دژی عادل عەبدولمەهدی دەركردو تۆمەتباری كرد بەوەی حكومەت بێ لایەن نیە و دۆخی ئەمنی خراپە و خزمەتگوزاریەكان. بەتەواوی لەناوچوون و حكومەت نەك ڕووبەڕووی گەندەڵی نەبوەتەوە بەڵكو ئاسانكاریشی بۆ كردووە. كە ئەم بەیاننامەی موقتەدا سەدر ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەخت بوو بۆ عادل عەبدولمەهدی چونكە موقتەدا سەدر لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردودا كاتێك پشتیوانی عەبدولمەهدی كرد بۆ سەرۆكایەتی حكومەت تەنها مۆڵەتی ساڵێكی پێدا بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی بۆیە دوو مانگی تر مۆڵەتی عبدالمەهد تەواو دەبێت ڕەنگە سەدر شەقام. دژی عەبدولمەهدی بجوڵێنێ.
5 - هێرشەكانی مانگی ڕابردوو سەر بنكە سەربازیەكانی حەشدی شەعبی عادل عەبدولمەهدی خستوەتە بەردەم شەرمەزاری‌و فشارێكی گەورە چونكە توانای پاراستنی ئاسمانی عێراقی نیە، نیگەرانیەكی زۆری لە شەقامی عێراقی دروستكردوەو عادل عەبدولمەهدی بە لاواز و كەمتەرخەم دەزانن.
لەلایەكی تریشەوە ئێران پشتیوانی سەرەكی دانانی عەبدولمەهدی بوو چونكە دەیویست حكومەتێكی لاواز بێت ولەژێر كۆنترۆڵی ئێراندا بێت بەڵام لە هەمانكاتدا چەترێك بێت بۆ پاراستنی گروپەكانی حەشدی لایەنگری ئێران، بەڵام دوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی چیتر ئێران پشتیوانی عادل عەبدولمەهدی ناكات.
6 - ئێران دەستی لە عێراق كەشف بووەو هەموو حەشارگە موشەكیەكانی ئاشكرا بوون و ململانێكانیشی لەگەڵ ئەمەریكادا گەشتوەتە لوتكە بۆیە دەیەوێت لە ڕێگەی ئاڵۆزكردنی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراقەوە ئەمەریكا سەرقاڵ بكات و لەهەمان كاتدا دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ گروپە چەكداریەكانی هاوپەیمانی تا خۆیان ڕێكبخەنەوە.
هەموو ئەم هۆكارانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە تەمەنی حكومەتی عەبدولمەهدی كورتەو ڕەنگە كۆتایی ئەمساڵ لەژێر فشاردا دەست لەكار بكێشێتەوە، بەڵام ئەگەری دووەم لەكارلادانی عەبدولمەهدیە لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقەوە چونكە هێزە سیاسیەكانی عێراق دەیانەوێت پێش هەڵبژاردن هەموو كێشە و كەم و كوڕیەكان بخنە ئەستۆی عەبدولمەهدی وەك بانگەشەی هەڵبژاردن هێرش بكەنە سەر حكومەت

ئایندەی كورد لە بەغداد:
 گرنگترین پرس بۆ ئێستای كورد لە بەغدا پرسی ناوچە جێناكۆكان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە كە هەردووكیان لە بەردەم مەترسیدان:
یەكەم: موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ژێر مەترسیدایە چونكە كەمتر لە دوو مانگی ماوە بۆ پەسەند بودجەی عێراق بەڵام تائێستا لە لیژنەی دارای پەرلەمانی عێراقە و هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجە كێشە داراییەكانی هەرێم و بەغدادە چونكە لایەنە عێراقیەكان بە هیچ شێوەیەك ئامادەنین ئەوەی لە بودجەی ساڵی ٢٠١٩ ڕویدا دووبارەی بكەنەوە و بەبێ ڕادەستكردنی نەوت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرن، بۆیە سیناریۆ لەبەردەم حكومەتی هەرێم و بەغدادیە ئەوانیش بریتین لە: 
١ - حكومەتی هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل ڕادەستی بەغداد بكات لە بەرامبەر حكومەت ناوەند بودجەی هەرێم بنێرێت، بەڵام زۆرینەی هێزە سیاسیەكانی پەرلەمان ئەمە ڕەتدەكەنەوە چونكە عێراق تەنها دان بە ٦٧٠ هەزار فەرمانبەری هەرێمدا دەنێت لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم نزیكەی ١ ملیۆن ٣٠٠ هەزار موچە خۆری هەیە.
٢ - سیناریۆی دووەم بریتیە لەوەی حكومەتی هەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێت و هیچ موچەیەك لە عێراق وەر نەگرێت ئەمەش زیانە بۆ حكومەتی هەرێم چونكە هەناردەی نەوتی هەرێم كەمترە لە ٤٠٠ هەزار بەرمیل‌و كوردستان دەكەوێتەوە قەیران، چونكە حكومەتی عێراق ئامادەنیە لە نەوتی كەركوك پشكی حكومەتی هەرێم بدات.
٣ - سیناریۆی سێیەم بریتیە لەوەی كە حكومەتی هەرێم نەوتەكەی بفرۆشێت بە كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی و لە بەرامبەردا پارەكەی لەسۆمۆ وەرگرێت، ئەمەش جارێكی تر حكومەتی هەرێم ڕوو بەڕووی قەیران دەكاتەوە، چونكە داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێم بەشی بودجە ناكات و بەهۆی گەڕانەوەی داهات فڕۆكەخانە و بەشێك لە خاڵە سنوریەكانیشەوە بۆ بەغداد حكومەتی هەرێم ناتوانێت نیو موچەش بدات.
لەلایەكی تریشەوە حكومەتی قەرزێكی زۆری ناوخۆی دەرەكی لەسەرە كە بڕكەی نزیكەی ١٨ ملیار دۆلارەو حكومەتی عێراقیش بەهۆی ئەوەی دان بە بەشێك لە گرێبەستەكانی نەوتی هەرێمدا نانێت و ئامادەنیە ئەو خەرجی و پشكە زۆرەی كۆمپانیاكانی نەوت بدات.
بۆیە لە هەموو ئەگەرەكاندا بودجەی هەرێم‌و موچەی فەرمانبەران لە ژێر مەترسیەكی ڕاستەقینەدایەو دەبێت هێزە سیاسیەكانی هەرێم و حكومەت بێنە دەنگ بكەونر جوڵە تا كار لەكار نەترازاوە و حكومەتی هەرێمیش سازش لە بەشێك لە داواكاریەكانی بكات‌و لەبەشێك لە نەوتەكەی ڕادەست بكات بەجۆرێك ئاسایشی نیشتمانی هەرێم و بەرژوەندی هاوڵاتیان و موچەی فەرمانبەران. بخرێتە پێش بەرژەوەندی حیزبی و عینادی سیاسیەوە.
دووەم: كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان كێشەیەكی قوڵەو ڕەهەندێكی ناوچەیی‌و نێودەوڵەتی هەیەو چارەسەركردنی لە دۆخی ئێستادا ئەستەمە، بەڵام ئەوەی گرنگە ڕێوشوێنێكی كاتی بگیرێتە بەر بۆ دوورخستنەوەی زیانەكان .
١ - ڕێگری بكرێت لەئەنجامدانی سەرژمێری لە ساڵی ڕابردودا لە كەركوك چونكە دۆخی ئێستا لە بەرژەوەندی كورد نیە و زیاتر لە٧٠ هەزار كەس ئاوارەن. و بەشێكی زۆر لە عەرەبە هاوردەكان گەڕاونەتەوەو ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارەی عەرەب لەكەركوك نیشتەجێكراون كە ئەمەش ڕێژەی كورد بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەكاتە و سەرژمێریەكەش دەبێت بە بەڵگەیەكی یاسای و سیاسی و زیان بە ئایندەی كورد دەگەیەنێت لە كەركوك.
٢- كورد هەوڵبدات هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دوابخات چونكە ڕێژەی كورد لە كەركوك كەمی كردوەو دۆخی سیاسی و ئەمنی كەركوك لە بەرژەوەندی كورد نییەو ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێگەی كورد لە كەركوك لاواز دەكات.
لەڕووی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشەوە ناوچەكە بەتایبەت توركیا و ئێران لەبەردەم گۆڕانكاری گرنگدان و دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠٢٠ ئەمەریكا و لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ گۆڕانكاری گرنگ لەناوچەكەدا ڕوودەدات كە لە بەرژەوەندی كوردە، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردنی كەركوك بۆ ٣ - ٤ ساڵ گرنگە.
- كوردستان پێویستە چی بكات؟
وەك ستراتیژێكی كورتخایەنیش بۆ ڕێگری لە مەترسیەكان دەبێت چەند ڕێكارێكی خێراو بەپەلە بگیرێتە بەر:
١ - هەرچی زووە ئەنجومەنێكی باڵای بڕیاردان لە تەواوی هێزە سیاسیەكان دروست بكرێت و ئەم ئەنجومە چەند ناوەندێكی توێژینەوەی سیاسی و ئابوری تایبەتمەند بە بەڕێوەبردنی ململانێكان و دۆزینەوەی چارەسەر ڕابسپێرێت بۆ ڕاوێژ و بەرچاو ڕوونی‌و لە هەنگاونان و بڕیاردان و هەوڵیش بدرێت لەناوخۆی كوردستان. گرنگی بە ناوەندەكانی توێژینەوەو دروستكردنی بڕیار بدرێت كە هاوكاری حكومەت و پەرلەمان. و نوێنەرانی كوردبن لە بەغدا.
٢ - هەرچی زووە ئەنجومەن (فەرمانگە) پەیوەندیەكانی كوردستان بەغداد دابمەزرێنرێت بۆ دەستكردن بە گفتووگۆ و دانوستان بە جۆرێك ئەو ئەنجومەنە دووربێت لە كاریگەری ململانێ ناوخۆییەكان. و ئامانجێكی نەتەوەیی و نیشتمانی هەبێت و هێزی كورد لە بەغدا یەك بخات.
٣ - ئەندامانی كوردی پەرلەمانی عێراق ژوورێكی چالاكی خێرا بهێنن ڕۆژانەو هەفتانە كۆبوونەوە ئەنجامبدەن بۆ دیاریكردنی ستراتیژو چۆنیەتی كاركردن و دروستكردنی پەیوەندی لەگەل حكومەتی هەرێمدا بۆ ئاگاداربوون. لەدوای گۆڕانكاری و بڕیارو هەڵوێستەكان.
لە كۆتاییدا دەبێت ئەوە بڵێن كە ئەم دۆخە پڕكێشەو قەیرانەی ئێستای هەرێمی كوردستان. بەرهەمی سیاسەتی خراپ و نەزانانە و بڕیاری مەزاجی سیاسیەكانە، بۆیە ئەگەر دەمانەوێت كێشەكان چارەسەربكەین و هەڵەكان ڕاستكەینەوە، كاتی ئەوە هاتووە سیاسەت و ململانێ بڕیارەكان بە زانستی بكرێن چونكە بڕیار نابێت بدرێت بەڵكو دەبێت بەچەند پرۆسەیەك و قۆناغێكدا بڕوات و دەرست بكرێت، بەجۆرێك بەرهەمی توێژینەوەو لێكۆڵینەوەو عەقڵی بەكۆمەڵ بێت نەك بەرهەمی میزاج و عەقڵی تاكەكەسێك.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن