398وتار

ئەو خەتەی بەهەڵە بەکاری ئەهێنین

4/7/2021 11:16:00 AM
دانا حەمەعەزیز

ڕۆژی ٥ی نیسان ی ١٩٩١،  ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان، کۆبونەوەی ژمارە ٢٩٨٢ ی  لە نیویۆرك ئەنجامدا. کۆبونەوەکە لەسەر ڕاپۆرتی فرەنسا و ئێران و تورکیا بوو سەبارەت بەڕەوی بەکۆمەڵی کورد و سەرکوتکردنی سیاسی خەڵکی کوردوستانی عێراق.

کۆبونەوەکە بە ئامادەبونی هەر ١٥ ئەندامەکە بەڕێوە چوو، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاڕی ژمارە ٦٨٨ دەرچوو، (یەمەن و کوبا وزیمبابۆی دژی بون. چین و هیندستان دەنگیان نەدا.(

 بڕیارەکە داوا لە حکومەتی عێراق  ئەکات ڕێگری نەکات لە کۆمەكی مرۆیی و گەڕانەوەی ئاوارەکان، لەو باریەوە سکرتیری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانی ڕاسپێردرا ئەو ئەرکە راپەڕێنێت. بەڵام بڕیارەکە ئیجباریی نەبوو!

هەمان رۆژی دەرچونی بڕیاری ٦٨٨، ئەمریکا و فرەنسا و بریتانیا، ناوچەی دژە فڕینیان لە باکوری عێراق ڕاگەیاند بەبێ ئەوەی بەهیچ شێوەیەك لە ناوەرۆکی بڕیارەکەدا ئاماژەی پێکرابێ!  هەر ئەو رۆژە،  مەڵبەندی تەنسیقی سەربازی (MCC) یان لە زاخۆ کردەوە.

 بڕیاری دژە فڕین، باکوری هێڵی ٣٦ی پانی ئەگرتەوە*، واتە رژێمی سەدام لەخوار ئەم هێڵەوە بۆی هەبوو هەموو فڕۆکەیەکی جەنگی بەکاربهێنێ. بڕیارەکە یان ئەنقەست بوو یان ئەنجامی بێ ئاگایی ئەو سێ زلهێزە بوو، چونکە زۆرینەی کوردوستانی عێراق، کۆستکەوتوترین ناوچە، گەرمترین مەیدانی شۆڕش و ڕوبەڕوبونەوەی کورد و ڕژێم ئەکەوێتە باشوری هێڵی ٣٦ وە.

 هێڵی پانی ٣٦، بە باشوری پارێزگای نەینەوا و دەشتی هەولێر و چەند سەد مەترێك سەر و بەنداوی دوکان و نزیك ماوەت دا تێئەپەڕێ.

هەڵەبجە، تەواوی گەرمیان، کەرکوك و تەواوی پارێزگای سلێمانی(جگە لە پشدەر و بتوێن و بەشێکی کەمی شارباژێر)، هەمو ئەکەونە خوار (هێڵی پانیی ٣٦ )ەوە.

ناوچەی دژە فڕین بۆ ڕێگرتن لە جوڵە و هێرشی ئاسمانی ڕژێمی سەدام بوو، بۆیە لە ٣١ ئابدا، پارتی ئەو هەلەی قۆستەوە و تەنها دەبابە و هێزی زەمینی حرس جمهوری هێنایە سەر هەولێر.

  دوای ٣١ی ئاب، هاوپەیمانان بنکەیMCC یان لە زاخۆوە گواستەوە بۆ ناو تورکیا. پێش ٣١ ی ئاب، تورکیا  دژی بونی ئەو بنکەیە بوو لەناو کوردوستانی عێراق و داوای ئەکرد بگوازرێتەوە بۆ ناو تورکیا.

**************
*گۆی زەوی بەسەر ١٨٠ پلە یان هیڵی پانیدا دابەشبوە. لە هێڵی ئیستیواوە بۆ هەریەکە لە جەمسەری باکور و باشور ٩٠ پلەیە و، نێوان هەر دوو هێڵێك(جگە لە هێڵی نزیك جەمسەرەکان)، ١١٠ کیلۆمەترە. واتە دووری نێوان هێڵی ئیستیوا و بەنداوی دوکان، ٣٩٦٠ کیلۆمەترە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن