چەند بیرەوەریەك ئازاری ١٩٩١
3/6/2023 3:15:00 PM
دانا حەمەعەزیز
-کاك مەسعود
بارزانی، لە ورمێ بوو، مامجەلال و نەوشیروان مستەفا زۆریان هەوڵدا، نەیانتوانی قەناعەتی
پێبکەن بێتە زەڵێ. کاك مەسعود پێشتر بروسکەیەکی بۆ مقەڕەکانی حزبەکەی لە شارەکانی
ئێران ناردبو کە نەچنە ژێر کاریگەریی و ئامادەکارییەکانی یەکێتی یەوە.
-سەعات دەی سەرلەبەیانی
ڕۆژی ١ ی ئازار، سەرداری مەسجدی فەرماندەی
قەرارگای ڕەمەزانی سپای پاسداران لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی مەجلیسی ئەعلای شۆڕشی ئیسلامی
لە عێراق لەوانە شێخ مەولای، هاتن بۆ لای نەوشیروان مستەفا لە گوندی زەڵێی
کوردوستانی عێراق. نەوشیروان مستەفا تکای زۆری لە ئاغای مەسجدی کرد کە قەناعەت بە
کاك مەسعود بکەن بێتە زەڵێ و بەشداری ڕاپەڕین بێت.
ئاغای مەسجدی زۆر بە ئاشکرا وتی:
"کاکە ئەوتان بۆچیە، ئەو هیچی نیە تا لەگەڵتان بێ، ئێوە هێزێکی گەورەی چەکداری
ئامادە و دەزگایەکی ئیعلامی باشتان هەیە". نەوشیروان بە ئاغای مەسجدی وت کە
کاك مەسعود پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ موستەشار و رەئیس جاشەکان هەیە! هەر ئەو ڕۆژە،
سەردار مسجدی لەسەرداوا و پێداگریی نەوشیروان مستەفا، حەمید سەفایی ئەفسەری قەرارگا
و (بەرپرسی کاروباری دەفتەری سیاسی پارتی) لە قەرارگای رەمەزان، نارد بەشوێن کاك مەسعود
دا. ئاغای سەفایی ڕۆژی ٦ ی ئازار ، کاك مەسعود بارزانی هێنا بۆ قاسمەڕەش و ڕوژی
دواتر گەیشتە زەڵێ.
-لە کێلە شین و
سیدەکانەوە هەتا خانەقین، پارتی یەك تاقە
چەکداری نە لەسەر سنور و نە لەناو کوردوستانی عێراقدا نەبوو. لە بادینانیش، هێزەکەی
یەکێتی بە فەرماندەیی(حەسەن سەلیم نێروەیی)، هێزی سەرەکی بوو لە پشتیوانی خەڵك و لە
ئازادکردنی بادیناندا. حەسەن سەلیم لە کۆڕەوەکەی
بادینان لە نزیك دهۆك لەزاویتە باشترین بەرگری کرد و هەرلەوێ شەهید بوو. هەر بۆ
پشتیوانی خەڵكی بادینان، هیزەکانی یەکێتی بە سەرپەرشتی حەسەن کوێستانی و فەرماندەیی
ڕێباز لە هەریرەوە چون بۆ ناوچەی ئاکرێ و بادینان.
-وەك مەحمود
عوسمانیش ئەڵێ، لەکاتی ئاشبەتاڵدا، پارتی خاوەنی ٤٨ ملیۆن دینار(١٧٠ ملیۆن دۆلار)
بوو، بەڵام لە قیادە مۆقەتەوە تا دوای ڕاپەڕین، پارتی ئامادە نەبوە دەزگایەکی ڕادیۆ
بکڕێ. ڕادیۆکەی پارتی لە ڕاژانی نزیك ورمێ
دانرابوو، تەنها بایی ٣ وەرەقە بوو کە نە
لەراپەڕین و نە پێش ڕاپەڕین کەس گوێبیستی نەبوو.
-ئیزگەی یەکێتی
(دەنگی گەلی کوردوستان)، دوو دەزگا بوو، یەکیکیان بەتوانای ناردنی دە هەزار وات
کاری ئەکرد و نرخەکەی بیست هەزار دۆلار بوو. ئەم دەزگایە لە سەقز بوو، چونکە هەم بە
کارەبای موەلیدەی ئاسایی کاری نەئەکرد و هەم لەسەر پشتی وڵاخ، گواستنەوەی ئاسان نەبوو.
دەنگی ئەم دەزگایە زۆر بەئاسانی ئەگەیشتە تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی ئاسیاو
ئەوروپاش. دەزگای دووەم لە زەڵێ بوو، توانای ناردنی دوو هەزار وات بوو، ئەم دەزگایە
بۆ حاڵەتی کتوپڕ بوو، لە ڕاپەڕیندا نەوشیروان مستەفا لەگەڵ خۆیدا بردی بۆ ڕانیە.
-مێژوو دەڵێ:
ئەگەر پارتی لە قیادەی مۆقەتەوە تا ڕاپەڕین، بڕوای
بە شۆڕش و ڕاپەڕین هەبوایە،بەو هەموو سەروەتەوە، ئیزگەیەكی باشی ئەکڕی، ڕۆژێ لەڕۆژان
مقەڕی بارزانی لەجیاتی ورمێ کە ١٢٥ کم لە
سنوری عؽراقەوە دوورە، لەناو خاکی کوردوستانی عێراقدا ئەبوو!
مێژوو دەڵێ:
ئەگەر پارتی ڕۆژێك لەڕۆژان بەشدار یان بەشێك بوبیت
لە شۆڕش و ڕاپەڕین، هەرگیز زاتی نەئەکرد پەنا بۆ سەدام بەرێ و بەشانازی یەوە دەبابە و حەرەس جمهوری بێنێتەوە سەر کوردوستان!
مێژوو دەڵێ:
لە فەرهەنگی هیچ قەومێکدا نەبوە، شۆڕشگێڕ، یان
نیشتیمانپەروەر، لەسەر تاڵانکردنی سامانی وڵات، پێشێلکردنی ئازادی، تیرۆرکردنی
ئازادیخوازان و شکاندنی کەرامەتی میللەتەکەی بژی!
دواجار ئەو گەلە ئایندەی زۆر تاریکە کە بەزیوەکانی دەکرێن بە
قارەمان و، خائینەکانی دەکرێن بە شۆڕشگێڕ!
***ئەم نوسینە، بە
هیچ جۆرێك پەیوەندی نیە بە گۆڕان و یەکێتی ئێستاوە، کە یەك لەیەکتر زەلیل ترن.